592وتار

پەنجا حزبەكەی گۆشەی باخەكەم!

5/28/2020 3:43:00 PM
هەندرێن شێخ راغب

لەدواهەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 62% هاوڵاتیان بەشداریان نەكرد، تەنها لە 38% بەشداربوون، بەمجۆرەش هەمووی دەنگی نەدا بە پارتی‌و یەكێتی، نزیكەی لە 20% دەنگی داوەتە ئەم دوو حزبە(بابەتی تەزویریش هەیە؟؟).كەواتە ئەم دوو حزبە تەنها نوێنەرایەتی لە 20% خەڵكی كوردستان دەكەن..ئینجا بێجگە لەم دوو حزبە نزیكەی پەنجا حزب‌و پارت‌و رێكخراو‌و بزوتنەوەی سیاسی هەن لە هەرێمی كوردستان. من رووم لە پارتی‌و یەكێتی نیە، دەمەوێت بڵێم زەحمەت نەبێت ئەوانەی دەرەوەی دوو  حزبە خەریكی چین؟ رۆژ هەتا ئێوارە زەمی ئەم دوو حزبە دەكەن، بەڵام ناتوانن پێكەوە كۆبوونەوەیەك بكەن‌و خاوەنی پڕۆژەیەك بن، پارتی‌و یەكێتی لە توندترین ململانێ‌و قەیراندا پێكەوە كۆدەبنەوەو كۆنگرەی رۆژنامەوانیش دەكەن، بەڵام ئەم پەنجا حزبە نەك هەر كۆنابنەوە بەڵكو تیرو شیر لەیەكتر دەسون‌و بەسەر گوتاری هەردوو حزبدا زۆر ئاسان دابەش دەبن. بە رۆح‌و دروشم خۆیان زۆر لە پارتی‌و یەكێتی گەورەتر دەزانن، كەچی ناتوانن تەنها بۆ ماوەی یەك خولی پەرلەمانی بەرەیەك دروست بكەن‌و خاوەنی كیان‌و سیاسەت‌و ئامانجی خۆیان بن. زوو نەچنەوە بن باڵی ئەم دوو حزبە، بەردەوام قسە بە پارتی‌و یەكێتی دەڵێن كەچی خۆیان دانیشتون‌و هەر بارەگای یەكتریش پێ نازانن، ئەوەندەی ئەم حزبانە دژی یەكترن، ئەوەندە پارتی‌و یەكێتی دژی یەكتر نین. سەمەرەكەش ئەوەیە هەمیشە چاوەڕێی یەكێتی‌و پارتیش دەكەن قەیرانەكان چارەسەر بكات. بۆ نمونە ئێستا لەناوچە كوردستانیەكان گەنمی جوتیاران تاڵان دەكرێت‌و دەسوتێنرێت، لەجیاتی ئەوەی هەمویان پێكەوە بەرەیەكی بەهێز دروست بكەن‌و نوێنەرایەتی راستەقینەی ناوچە كوردستانیەكان بكەن، كەچی چاوەڕێن پارتی‌و یەكێتی كۆبونەوەیان پێ بكات..تەنها یەك جار جورئەت بكەن‌و بایكۆتی پارتی‌و یەكێتی بكەن‌و پێكەوە كۆببنەوە..تەنها یەك جار..مەسەلەكە ئەوە نیە دوژمنایەتی پارتی‌و یەكێتی بكەن، زەمیان بكەن‌و قسەیان پێ بڵێن، مەسەلەكە ئەوەیە خۆتان ئەوەی چاوەڕێ دەكەن پارتی‌و یەكێتی بۆتان مەیسەر بكەن، بەدەستی خۆتان بەدەستی بێنن..
دەگێڕنەوە لەشاخ، هێزێكی حزبی سۆسیالیست، كە دەوامیان لە نزیك مەكتەبی سیاسی بوو، هیچ جۆرە شەڕو چالاكیان نەبوو، لە بارەگا دانیشتبون. بەڵام بەردەوام داواكاری چەك‌و فیشەك‌و هاوكاری زیاتر بوون. هێزەكانی دیكەش شەهیدیان دەدا، برینداریان دەدا، جەولەیان دەكرد‌و شەڕیان دەكرد. ئەوانیش دانیشتبون.رۆژێك لە كۆبونەوە داواكاری زۆر دەكەن، یەكێك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی دەڵێت بەسەرچاوان، ئەوە ئار بی جی، بڕۆن لەوبەر مەكتەبی سیاسی بدەنە بەر ئاڕ بی جی، بۆ ئەوەی چالاكیەكتان هەبێت‌و بڵێین شەڕێكیان كرد..هەتا فیشەك‌و كۆمەكتان پێ بدەین. ئاخر ئێوە ناتوانن خاوەنی هیچ پڕۆژەیەكی كوردستانی‌و دیموكراسی هاوبەش بن، خەریكی قسەوقسەڵۆكن بەرامبەر یەكتر، كەچی بنی زمان‌و سەری زمانتان قسەگوتنە بە پارتی‌و یەكێتی. ئەم دوو حزبە كە تەنها نوێنەرایەتی لە 20% خەڵكی كوردستان دەكەن، كەچی زۆر عاقڵانە كێشەی كوردیان بە خۆیان بەستۆتەوە..ئەزمونی هەرێمی كوردستانیان بەخۆیان بەستۆتەوە. لەعێراق‌و جیهان بونەتە نوێنەری یەكەمی كێشەی كورد. كارێكیان كردووە هەموو حكومەت‌و پەرلەمان‌و دامەزراوەی ئەمنی‌و چەكداری‌و دارایی‌و ئابوری ئەم وڵاتە وەك موڵكی پارتی‌و یەكێتی تەماشا بكەین..وەڵا دەست خۆش..؟؟بەڵام پەنجا حزبەكەی دیكەی كوردستان وەك ئەوەی بێگانە بن لەم وڵاتە، ناتوانن دەست بۆ هیچ مەلەفێكی سیاسی‌و دەسەڵاتداریەتی ببەن.ناتوانن خاوەنداریەتی لەهیچ پڕۆژەیەكی هاوبەش بكەن، بەجۆرێك دابەش بوونە تەنانەت پارتی‌و یەكێتیش ناتوانن هەمویان پێكەوە كۆبكەنەوە. ؟
ئێستا قەیرانی موچە هەیە، قەیرانی متمانە هەیە، قەیرانی جۆری حوكمڕانی هەیە، قەیرانی كەركوك‌و ناوچە كوردستانیەكان هەیە،..كەچی ئەم حزبانە چاویان لەوەیە پارتی‌و یەكێتی چارەسەرێك بدۆزنەوە..خۆیان وەك ئەوەی نە سیاسەت بكەن‌و نەحزبیان هەبێت‌و نە خاوەنی روئیاو خەبات بن.لەبری ئەوەی لەبەرەیەكی گونجاوی سیاسی پێكەوە كارێكی هاوبەش بكەن‌و پڕۆژەیەكی بەهێز بخەنە ناو هەرێمی كوردستان. كەچی هەریەكەو لەئاوازێك دەخوێنێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن