8وتار

دەنگدان مافی هەموو كەس نیە.. با كوردستان بگەڕێتەوە سێ هەزار ساڵ پێش ئێستا!!!!!

11/17/2025 11:23:00 AM
هەندرێن شێخ راغب

زۆربەتان دەزانن دیموكراسی زادەی كولتورو بیركردنەوەی سێ هەزار ساڵ پێش ئێستای یۆنانیەكانە، لانیكەم یەكەم شەپۆلی دیموكراسی كۆن بەناوی یۆنانیەكانە. بەڵام دەنگدان و هەڵبژاردن لای یۆنانیەكان چۆن بوو؟ زۆر كەم خەڵك مافی دەنگدانی هەبوو، لەوانە:

-كۆیلە بۆی نەبوو دەنگ بدات.
-ژنان بۆیان نەبوو دەنگ بدەن.
-بێگانەكان بۆیان نەبوو دەنگ بدەن.

-خاوەن ماڵ و سەرمایە مافی دەنگدانیان هەبوو، بەڵام ئەوەش مەرجی قورسی هەبوو، دەبوو سەرمایەكەی لەم بڕەی دیاریكراوە كەمتر نەبێت, ئینجا كە دەنگ دەدات بزانێت چۆنەو بۆچیەو چی دەوێت؟.

-ئەرستۆقرات و دەسەڵاتدارو كەسایەتی ناسراو بۆیان هەبوو دەنگ بدەن، بەڵام دەبوو تەواو هۆشیارو بەرپرس بن ئینجا مافی ئەوەیان هەبوو دەنگ بدەن.

بۆچونم وایە ئەمە بۆ كوردستان زۆر دروستە، پێم وانیە لە كوردستان هەموو كەس مافی دەنگدانی هەبێت، زۆرێك لە ژنان و پیاوان و گەنجان بەڕاستی نابێت مافی دەنگدانیان هەبێت، زۆرێك دامەزراوەو ناوەندو بنكەو شوێنێك نابێت مافی بەشداری دەنگدانیان هەبێت. ئاخر گوناح نیە كارتی بایۆمەتری دەنگدان بە پەنجا هەزار دینار بفرۆشێت و حەقی دەنگدانیشی هەبێت!. كەسێك نەزانێت دیموكراسی چیە، هەڵبژاردن چیە، گەشەی سیاسی چیە، پرسی نیشتمانی و نەتەوەیی چیە، ئاشتی كۆمەڵایەتی چیە، ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵات چیە، تاوانە كارتی دەنگدانی هەبێت.  حەق وایە ئەم پرسە ببێتە بابەتێكی زۆر جددی لایەنە سیاسیەكان و ناوەندە روناكبیری و فكریەكان و دامەزراوەكان و كەسایەتیەكان كە ئیدی لە كوردستان ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە شەرت و مەرج و رێكارو رێنمایی و رێسای زۆر باش و دیموكراسی و زانستی و مەدەنیان بۆ دابنرێت، ئەوانەی دەنگ دەدەن خەڵكانێك بن بزانن بەرپرسیاریەتی دەنگ و دەسەڵات و ئاڵوگۆڕی دیموكراسیانە چیە. نەك بە ژەمە خواردنێك و بڕێك پارەو خاتری بەرەباب و عەشیرەت و پیاوماقوڵ و تەكلیفی فڵان كەس و لایەن دەنگ بدات و نەشزانێت دەنگدان چ واتایەكی گەورەی سیاسی و نەتەوەیی و مستەقبەلی هەیە لەسەر خۆی و نەوەو خێزان و وڵاتەكەی. دەنگدان بە مافی هەموو كەس رەوا نابینم چونكە هەڵبژاردنەكانی كوردستان ئەم قەناعەتیان لا دروست كردوم.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن