كوردو نەوت
5/20/2025 9:54:00 PM
هەندرێن شێخ راغب
نەوت سامانێكی گرانبەهای ئابوری و دارایی و پیشەسازی گەورەیە، لە زۆرێك وڵاتانی دنیاو سەر ئەم هەسارەیە بڕێكی زۆر لەم سامانە سروشتیە مەزنە بوونی هەیە، بەڵام نەمدیوە كەس وەكو عەرەب سودی لێوەرگرت بێت! بەڕاستی ئەوەی عەرەبی لە كۆچێكی حەتمی و چۆڵ كردنی بیابان و نیشتمانەكەیان پاراست؟ دۆزینەوەی نەوت بوو. نەوت وایكرد بیابان بكەن بە سەنتەری گەورەی ژیان و گوزەران و دەوڵەمەند بوون. كە دەكرێت لە ئەزمونی مامەڵەی عەرەب لەگەڵ نەوت زۆر وانەی گرنگ فێربین و بۆ ئەم مەبەستە خەڵكانی شارەزا توێژینەوەی زانستی وسیاسی و كارگێڕی باش ئەنجام بدەن. بەڵام بەداخەوە ئەم سامانە بۆ كورد رێك بە پێچەوانەوە، بۆتە مۆتەكەی كێشەی كورد، چونكە ئەگەر لە كەركوك نەوت نەدۆزرابوایەتەوە، نە دەسەڵاتدارانی عێراق و نە دەسەڵاتدارانی تورك و فارس ئەوەندە دژی گوتارو مافی رەوای كورد نەدەبوون لە كەركوك، گوێم لە سیاسیەكی عێراق بوو زۆر راشكاوانە گوتی: ناكرێت ماددەی 140 جێبەجێ بكرێت، چونكە كورد دەبنە خاوەن نەوتی كەركوك و ئەوكاتە ئاسان دەتوانن جیاببنەوەو لەروی ئابوریەوە بێ منەت دەبن. توركیاش بەناوی ویلایەتی موصڵ بەردەوام دەمی لیك دەكات بۆ نەوتی كەركوك و بۆڕی نەوتەكەش دەچێتە ئەوێ و سودمەندە لێی.
دوای ئەوەی ساڵی 2003 ئەمریكا و هاوپەیمانان هاتن رژێمی بەعسی عێراقیان روخاند، لەروی ئابورییەوە لە دەسەڵاتی نوێی عێراق سومەندی راستەقینەی گەلی كورد ئەم لە 17% بودجەی عێراق بوو بۆ هەرێمی كوردستان. كوردستان بە جۆرێك بوژایەوە دەسەڵاتداران بانگەشەی ئەوەیان دەكرد شارەكان دەكەینە دوبەی و یەك دەیگوت دەیكەینە پاریس و ئیدی پارەیەكی باش هاتە هەرێم. بەڵام دواجار هەر نەوت بووە هۆی ئەوەی توشی سەختترین دۆخی دارایی و بێ موچەیی و بێ بودجەیی ببینەوە، دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان بڕیاری ئابوری سەربەخۆیان داو بۆڕی نەوتیان بە رێگای توركیاوە راستەوخۆ نارد، ئیدی عێراق لە 17% بڕی و موچەو بودجە نەماو تاوەكو ئێستاش كە ئەم وتارە دەنوسم قەیرانەكە بەردەوامە. ئەوەبوو بەهۆی فرۆشی نەوتەوە هەرێمی كوردستان توشی ملیار دۆلار قەرز بوو, دواجاریش لە دادگای نێودەوڵەتی پاریس كەیسی نەوتمان دۆڕاندو بۆڕی داخراو عێراق بووە براوەی پرسی نەوت. بەمجۆرە بڕیاردرا كوردستان نەوت بداتە سۆمۆی عێراق و بەغدا سەرپەرشتی بكات و ئینجا بودجەو موچەمان بۆ بێت. واتە بە كورتی ئێمە دۆڕاوی دۆسیەی نەوتین. بۆیە هەر هەنگاوێكی تازە لەم بارەیەوە دەبێت وردو هەمەلایەنەو حساب بۆكراو بێت. لە ئێستادا كە ئێمە كێشەی موچەو بودجەمان لەگەڵ عێراق بەردەوامە، حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێمی كوردستان لە ئەمریكا گرێبەستی نوێی لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكیەكان راگەیاند، ئەوەی وایكرد زیاتر هانم بدات ئەم وتارە بنوسم كاردانەوەی توندی عێراق بوو!. عێراق بە ئاشكرا دژی ئەم گرێبەستانە وەستایەوە. بۆیە لێرەدا چەند قسەیەك لە گۆڕێیە:
-ئەگەر عێراق حساب بۆ كاردانەوەی ئەمریكا نەكات و راشكاوانە بڵێت ئەم گرێبەستانە پوچەڵن، واتە هەر حساب بۆ هەرێمی كوردستان ناكات.
-ئێمە موچەو بودجەمان لەبەردەست عێراقە، ئایا ئەمریكا و ئیدارەی تڕەمپ چ گرەنتیەك دەكەن، بەهۆی ئەم گرێبەستانەوە كێشەی تازەی توندمان بۆ دروست نەبێت؟.
-رام وایە هەرێمی كوردستان خۆی لە وەڵامی توندی عێراق دووربگرێت و هەموو هەوڵێك بدات كێشەی گرێبەستە نەوتیەكان نەبنەوە قەیرانێكی دیكەی موچەو بودجەو دارایی هەرێمی كوردستان.
-ئایا هاتنی ئەمریكا بۆ ناو دۆسیەی نەوتی كوردستان، داهاتوو هێز نابەخشێتەوە هەرێم، چونكە ئەمریكا نە توركیاو نە روسیاو نە بەریتانیایە، پێم وایە دەشكرێت ئەمریكا هۆكاری ئەوە بێت گرێبەستەكان بە باشی رەنگدانەوەیان لەسەر ئابوری هەرێم هەبێت.
-بۆچونێكم هەیە، مەبەستم بەرگری كردن نیە لە دەسەڵاتدارانی هەرێم، بەڵام خودی گرێبەستەكان كەی ئیمزا كران؟ ئەوكاتەیە كە دۆناڵد تڕەمپی سەرۆكی ئەمریكا چەند رۆژێك پێش ئێستا لە سعودیەو قەتەرو ئیمارات بوو، ملیار دۆلاری لێ سەندن، بە ئاشكرا داوای نەوت و پارەو غاز دەكات، ئیدارەی ئێستای ئەمریكا بە پارە نەبێت ئیش ناكات، هەرێمی كوردستانیش پارەی نیە! بۆیە یان نەوت و گازمان پێ دەدەیت، یان چی دیكە بەرگریت لێ ناكەین، واتە دەمەوێت بڵێم هەرێمی كوردستان بانگهێشتی ئەمریكا كراوەو بێ موناقەشە فەرموو ئەم گرێبەستانە واژۆ بكەو نەوت و گازی خۆت بدەو ئێمەش بەرگریت لێ دەكەین، وەك چۆن لە سعودیەو قەتەرو ئیمارات كردمان!.
ئێمە وەكو كورد مافی خۆمانە، نەوت و گازی خۆمان بەرهەم بێنین و بیفرۆشین و بەكاری بێنین، ناشكرێت بۆ بژێوی ژیان و پێداویستی ناوخۆ چاوەڕێی نەك عێراق، بەڵكو چاوەڕێی كەس بین. ئەوە مافی خۆمانە، بەڵام كاتێك نەوت و گاز دەبێتە پرسێكی نێودەوڵەتی و گرێبەست و رێككەوتننامەی فەرمی، ئەوا عێراق وەكو دەوڵەت دەتوانێت كێشەی گەورەت بۆ دروست بكات، كە وەك هەرێمێك لە چوارچێوەی عێراق دەرەقەتی ئەم كێشانە نایەیت! بینیمان كە دادگای پاریس بۆڕی نەوتی كوردستانی داخست، یەكسەر نەوت راوەستاوو عێراق بووە خاوەن بڕیار. كەواتە بەتەنیا دەرەقەتی عێراق و حكومەتی بەغدا نایەین، ئەگەر ئەمریكا خاوەنداریەتی لە خۆمان و نەوت و گازو گرێبەستەكان نەكات. دەبێت لەم نێوانە هەرێمی كوردستان هەموو هەوڵێك بدات نەوت و گاز خۆشگوزەرانی و بوژانەوەی دارایی و ئابوری و بودجەو موچە بێت، نەك ببینە قوربانی بەرژەوەندی ئەمریكاو رقی عێراق.