10وتار

كورد دوای رەشەباكە !!!

7/12/2025 2:02:00 PM
هەندرێن شێخ راغب

دوای ئەوەی لە 7ی ئۆكتۆبەری 2023، حەماس پەلاماری ئیسرائیلی داو شەڕێكی سەختی دروستكردو تاوەكو ئێستاش بەردەوامە. نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل گوتی:( چۆن تەقینەوەكانی 11ی سێپتێمبەری ئەمریكا جیهانی گۆڕی, ئەوا 7ی ئۆكتۆبەریش رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گۆڕی). وە گوتی: (ئێمە نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕین), لە نەتەوەیەكگرتوەكانیش نەخشەكەی بڵاوكردەوە. خۆشتان دەزانن ئیسرائیل قسەیەك بكات جێبەجێی دەكات. ئەم پڕۆژەیەی ئیسرائیل واتە هەڵوەشانەوەی رێككەوتننامەی سایكس بیكۆو پەیماننامەی لۆزان. ئەگەر ئەم دووانەش نەمێنن سەدی دەر سەد لەبەرژەوەندی كوردە. ئەم پرۆسەی ئاشتی و ئەم هەموو گەمارۆو ئەم هەموو دژایەتیەی ئێستای كورد بەناوی ئاشتی و بەناوی شەڕ, هەمووی بۆ تێكشكاندنی ئەم رەشەبایەی ئیسرائیلە.

 

هەموو دەوڵەتان شەوو رۆژ وشەی (یەكپارچە)ی دەوڵەتەكەیان هەزار بارە دەكەنەوە. بۆیە كورد دەبێت بزانێت لەهەر چوارپارچە لەبەردەم مەترسی گەورەدایە. چونكە نایانەوێت لە گۆڕانكاریەكان سودمەند بێت. خودی پرۆسەی ئاشتی توركیاش شەقی ئەم پڕۆژەیەی ئیسرائیلە..لەوە دەترسم دوای ئەوەی شكستیان بەم هەوڵەی ئیسرائیل هێنا، ئیدی ئەوەی بە كوردیش قسە بكات زمانی ببڕن. چونكە داگیركەرانی كوردستان هەرگیز خاوەنی بەڵێن و قسەی خۆیان نەبوونەو هەردەم لەدەرفەتێك گەڕاون كورد سەركوت بكەن. ئەزمونی فەشەلی حوكمڕانی كوردیش لە عێراق هێندەی تر وێنەی ناسیۆنالیستی و مافی رەوای كوردبوونی ئێمەی سەخت كردووە, بەتایبەت لەلای خودی كورد خۆی كە ساردبۆتەوە لەوەی باوەڕی بەخۆی بێت كیان و ئەزمونی خۆی درێژە پێ بدات. واتە شكستی حوكمڕانی كوردی لە پارچەكەی عێراق كە چل ساڵە لە دێگەڵە خەریكی بازگەدانانن لە دژی كورد خۆی؟؟. هاوكاری گەورەی پیلانی داگیركەرانە بۆ لەباربردنی خەباتی رەوای كورد!!. بۆیە كورد بۆ هەڵوەشانەوەی نەخشەی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەك ئیسرائیل، بەڵكو لەگەڵ شەیتانیش دەبێت تەوقە بكات. بەداخەوە ئینگلیزو فەڕەنسا دژی هەڵوەشاندنەوەی سایكس بیكۆو لۆزانن، چونكە خۆیان دروستیان كردووە.

 

بەڵام خۆشبەختانە ئیسرائیل هێزێكە حساب بۆ كەس ناكات. بۆیە تكایە كوردی خاوەن ماف و تێكۆشان مەكەوە ژێر كاریگەری هیچ بیروباوەڕو هەست و سۆزێك و چی لەبەرژەوەندی كوردستانە هاوكاری بن ئەگەر شەیتانیش بێت. چونكە داگیركەران خۆیان ئاوان، بۆ بەڵگە ئێستاش توركیا لەگەڵ ئیسرائیل خەریكی مامەڵەو بارزگانین و تەنها بەدرۆ فرمێسك بۆ غەززە دەڕێژن. رەشەباكە هەڵیكردووە با كورد بزانێت گۆڕانكاریەكان بەرچاون، مستەر باراك نوێنەری ئەمریكا بۆ كاروباری سوریا زۆر روون پشت راستی كردەوە، چونكە باڵیۆزی ئەمریكایە لەتوركیاو چەلاوخۆری توركەكانەو نۆكەری ئەجێندای توركیایە لە ئیدارەی تڕەمپ، زۆر راشكاوانە كەوتە دژی ئەم گۆڕانكاریانەو گوتی: دەوڵەتی كوردستان دروست ناكرێت، كورد لەسوریا دەبێت بچێتە ژێر دەستی ئەحمد شەرعی كۆنە داعش. واتە ئاماژەكان هاوار دەكەن. بۆیە كورد دەبێت ئاستی داواكاری و مافەكانی زۆر بەرزبكاتەوەو سەنگەری سیاسی و لۆبی و دبلۆماسی و ناوەخۆیی زۆر پتەو بكات و هەموو ئامادەسازیەك بكات.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن