عێراق بە جامانەی كوردییەوە!
2/5/2026 3:11:00 PM
هەندرێن شێخ راغب
ئەگەر دەوڵەتی عێراق دەیەوێت وەك ئێستا بمێنێتەوە، دەبێت جەمەدانی كوردی لەسەر بكات, دوو ساڵ پێش ئێستا روداوەكان سەد لە سەد پێچەوانە بوون، ئەوكات عێراق وەك دێوێك دەیەویست هەرێمی كوردستان قوت بدات، بەڵام ئێستا بۆ مانەوەی پێویستی بە جەمەدانی كوردیە.
روخانی بەشار ئەسەدو هاتنە سەر حوكمی پێكهاتەی مەزهەبی سوننە لەسوریا، تەواوی هاوكێشەكانی گۆڕی. سوریا زیاتر لە 50% دانیشتوانی لە مەزهەبی سونەیە، ئەم دەوڵەتە بەهۆی رێككەوتنی پاریس تەواو هاربووە، پەلاماری كوردی دا، لە حەلەبەوە دەستیكرد بەجێبەجێكردنی پیلانە هەرە مەترسیدارەكەی خۆی. ئەم شەپۆلە سونیە رادیكاڵە بە ئاشكرا باوەڕی بەیەك جوگرافیا هەیە، یەك زمان، یەك ئاڵا، یەك دەوڵەت و مەركەزیەتی توند، كە شوناسەكەی تەنها عەرەبی بێت، رێكوڕاست كۆپی كردنی دەستوری دەوڵەتی توركیایە. ئێستا لەسوریا سەركەوت، دەیەوێت بەهەمان نەفەس بۆ عێراقیش بێت، دەسەڵاتدارانی ئێستای سوریا باوەڕیان بە فیدڕاڵی، دیموكراسی، ئۆتۆنۆمی، فرە نەتەوەیی نیەو زۆر ناوەندی و عروبەیین، ئەم پڕۆژەیەش هێزە كاریگەرەكانی ناوچەكە وەك توركیاو سعودیەو قەتەر زۆر پشتیوانی دەكەن، ئەم جۆرە بیركردنەوەیەی ئێستا لەروی ماددی و سەربازی و نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی پشتیوانی زۆر گەورەی هەیە، ئەمەش بە ئاشكرا لە رێككەوتننامەی پاریس دەركەوت. ئەمریكاو فەڕەنساو ئیسرائیل نقەیان لێوەنایەو تەنها دروشم و بەیاننامەو ئیدانەكردنێك دەخەنەڕوو بۆ ئەوەی لە بەرپرسیاریەتی رابكەن، ئێمە بینیمان ئەوكاتەی هەزاران سەرباز دوور لە هەموو رەوشتێكی جەنگ پەلاماری دوو گەڕەكی كوردی دەدا لە حەلەب، ئاگربارانی مەدەنی كورد دەكرا، وەفدی یەكێتی ئەوروپا هاتە دیمەشق و سەدان ملیۆن دۆلاری دایە دەسەڵاتدارانی ئێستای سوننەی سوریا. كەواتە ئێمە دەبێت بزانین پیلانێكی گەورەی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی هەیە بۆ گەڕانەوەی توندترین و داخراوترین و مەركەزیترین دەسەڵاتگەری ناوەندی بەسەرۆكایەتی مەزهەبی سوننەی عروبەیی. ئەمەش مەترسییە هەرە گەورەكەی بەردەم دەوڵەتی ئێستای عێراقە. لەعێراق شیعە حوكم دەكات، زیاتر لە 50% دانیشتوانی عێراق پێكدەهێنن، كورد هەرێمێكی فیدڕاڵی هەیە. ئەمڕۆ ئەم بەرە سوننە داخراوە خوێنڕێژە بەخۆی و چەقۆكەیەوە هاتۆتە سەر سنوری عێراق و هەڕەشە لە سەری شیعەو كورد دەكات، بە ئاشكراو بێ پەردە دەڵێن سوریاو عێراق دوو دەوڵەتی عەرەبین كە سوننە حاكمی یەكەم و كۆتایی بێت. پارەو هێزو پشتگیریەكی توندی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتیشی ڕەگەڵ كەوتووە. شیعەكان پشتێكی بەهێزیان هەبوو كە دەوڵەتی ئێرانە، بەڵام ئێران لە زلهێزی و هێرش بردنەوە چووەتە قۆناغی بەرگریكردن و ناتوانێت ئەوە بۆ عێراق بكات كە بیپارێزێت لەم شەپۆلە توندە تێكەڵەی بەعس و داعش وعروبەیی بە سەرۆكایەتی بەرەیەكی گەورەی دەوڵەتە سوننەكان. ئەوەی زیاتریش ماڵی شیعەی عێراقی هەژاندو ئەم ترسەی كردە واقعێكی زۆر بەرجەستە، ئەم هەڕەشەیەی تڕەمپی سەرۆكی ئەمریكا بوو كە گوتی نابێت نوری مالیكی ببێتە سەرۆك وەزیرانی عێراق. بە روونی دیارە لە دوو بەرەوە مەترسیەكی گەورە روبەڕووی شیعەكان بۆتەوە، یەكەم مەترسیەكی هەرێمایەتیە كە توركیاو سعودیەو قەتەر سەرۆكایەتی دەكەن، دووەم مەترسیەكی نێودەوڵەتیە كە ئەمریكا سەرۆكایەتی دەكات. ئەمەش وا دەكات لەناوخۆی عێراق بكەونە بەردەم ئاڵنگاری زۆر سەخت، لێرەدا كورد یەكێك لە پارسەنگە زۆر گرنگەكانی پاراستنی عێراقە، چونكە شیعەكان بۆ ئەوەی نەجەف و كەربەلاو بەغدادو بەصرە بپارێزن، ئەوا دەبێت دەستبەرداری كەركوك بن. چونكە ئەگەر بێت و ئەم بەرە دڕندەو خوێن ڕێژە پەلاماری عێراق بدات ئەوا فاتیحە بۆ شیعە بخوێنە، لێرەدا شیعەكان زۆر پێویستیان بەگەلی كوردە، لەروی دەستوری و مانەوەی ئەم دەستورەی ئێستای عێراق كورد زۆر گرنگە بۆ شیعەكان، ئەگەر هاتوو كورد دژی دەستوری ئێستا بوو، ئەوا سوننەكان بەدڵنیاییەوە فشاری گەورەی هەمواركردنەوەی دەستپێدەكەن، لەروی سەربازیەوە شیعەكان زۆر پێویستیان بە كوردە كە هێزی پێشمەرگە بەرەیەكی توند دژی ئەم مەترسیە گەورەیە بكاتەوە، لەروی شەرعیەت و پارسەنگی دەسەڵاتەوە لە بەغداو نوێنەرایەتی كردنی پۆستە سیادیەكان زۆر پێویستیان بە كوردە، لەروی دروست نەبونی كەلێنی حوكمڕانی گرنگە كورد لە بەغداد لەگەڵیان بێت، بۆیە شیعە ئەگەر بیەوێت لە دەسەڵاتی عێراق بمێنێتەوە، زۆر گرنگە بۆ بەرژەوەندی خۆی زەویەكانی سنوری ماددەی 140 بداتەوە كوردو سەنگەرەكانی حەشدی شەعبی و پێشمەرگە بكاتە یەك, گرنگە بابەتی موچەو بودجە لەگەڵ كورد بنەبڕ بكات و كۆتایی بەم قەیرانە بێت، پێویستە كورد بگەڕێتەوە كەركوك و شەنگال و حەمرین و خانەقین و مەندەلی و هەموو ناوچە كوردستانیەكان، چونكە ئەمە بەرەی سوننە دەخاتە ژێر فشارەوەو پاڵپشتی گەورەیە بۆ شیعەكان. لەروی هاوسەنگی دەسەڵات و دەوڵەتدارییەوە شیعەكان دەرگای حكومەتی عێراق بۆ كورد بكەنەوە، ئێستا چارەنوسێكی هاوبەش لە عێراق كۆیان دەكاتەوە، بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە سەختە شیعەو كورد دەبێت باشتر خوێندنەوەی بۆ بكەن، بەتایبەت شیعەكان لەسەر عەقڵیەتی ناوەندیەتی بەغدا بێنە خوارەوە، بۆ ئەم دۆخە سەختەی ئێستا رووی لە عێراق و ئێران كردوە یان بڵێم لە پێگەی شیعە كردوە، هەرێمێكی كوردستانی بەهێز زۆر پێویستیە بۆ مانەوەیان، كوردستانێكی بەهێز مانای بوونی بەربەستی هەرە گەورەی گەڕانەوەی سوننەی عێراق و بەرەی سوننە، ئەمەش خزمەتی ستراتیژی گەورەی شیعەكان دەكات، ئەگەر شیعەكان بیانەوێت لە دەسەڵات بمێننەوە دەبێت لەبەغدا جامانەی كوردی قبوڵ بكەن. یان هەمووی یان هیچ مانای نەمانی شیعەیە، راستیەكە ئەوەیە بەشێكی ببەخشن بۆ ئەوەی بەشە سەرەكیەكە بپارێزن. بۆ ئەوەی بەغداو بەصرەو نەجەف و كەربەلا لەدەستیان بمێنێتەوە، دەبێت بەرەی باكور زۆر پتەو بكەن، كە لە حەمرینەوە دەستپێدەكات!.