12وتار

توركیا عاجباتی هەشتەمی دنیایە!!

12/28/2025 1:51:00 PM
هەندرێن شێخ راغب

ئەوەی ئەو توركیاو دوژمنانە لەگەڵ كوردی دەكەن، لە مێژوودا وێنەی نیە.. ئێوە سەیر بكەن كە ئەحمد شەرع لەسەر كورسیەكەی ئەسەد دانیشت و بووە سەرۆك كۆمار، دەستورێكی گوایە تازەی داناو یەكەم بڕگەی ئەوەبوو كە : سوریا دەوڵەتێكی عەرەبی مەركەزی یەكگرتووەو تەنها زمانی عەرەبی فەرمییە(یەك موو لەگەڵ بەعس جیاواز نیە). كوردیش رایگەیاند: سوریا پارچە پارچە ناكەین، دەوڵەتمان ناوێت، تەنانەت فیدڕاڵی نەتەوەیشمان ناوێت، دەبینە سەربازی سوریا. سنورەكانمان لەگەڵ توركیاو هەموو لایەك بە ئاشتی و یەكپارچەیی و برایەتی دەپارێزین. 

كەچی هێشتا توركیاو سوریا ناڕازین, توركیا بانگەشەی ئاشتی و چارەسەری دەكات، یەك سەرباز چیە لە عەفرین و سەرێ كانی ورۆژئاوای كوردستانی نەكشاندۆتەوە، یەك سەربازی لە هەرێمی كوردستان نەكشاندۆتەوە، زیندانیەكانی ئازاد نەكردوە، هیچ هەنگاوێكی نەناوە، كۆمسیۆنێكی دروست كردووە كەچی زمانی كوردی قەدەغەیە، لە ئیمڕاڵی بانگەشەی چەك دانان كراو جێبەجێ كرا، ئۆجەلان بڕیاری هەڵوەشانەوەی پەكەكەی داو جێبەجێكرا، هەموو چالاكیە سەربازیەكان وەستان وكەچی توركیا هیچ هەنگاوێكی نەناوە.

مەزڵوم عەبدی و ئیدارەی كوردی رۆژئاوا بەفەرمی داوای ئاشتی و برایەتی دەكەن، داوای دانوسان دەكەن، داوای پەیوەندی سیاسی دەكەن لەگەڵ توركیا، یەك فیشەكی دەمانچەی ئاویش نانێن بە توركیا، سنورەكانی توركیا بە ئارامی و پارێزراوی ماون. كورد هیچ هەنگاوێك نەما بۆ برایەتی و ئاسایش و تەبایی نەنێت لەگەڵ توركیا. سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بەیاننامەی فەرمی بڵاوكردەوە پشتیوانی ئاشتی و چارەسەری سیاسی كرد, لە دنیایەك پانێڵ و كۆڕو سیمینار لە هەرێمی كوردستان بە روونی باسی ئەوە كرا كە كورد سوریاو توركیا پارچە پارچە ناكات و تەنها داوای مافە یاسایی و سروشتی و كولتوریەكانی خۆی دەكات, ئەرێ كورد چی تر ماوە بیكات پێم بڵێن؟؟.

كەچی توركیا نایەڵێت دیمەشق و ئەحمد شەرع هیچ بدەن بە كورد، نایەوێت چەك لە دەستی كورد بێت لەسوریاو بە تیرۆریستیان دەزانێت، نایەوێت فیدڕاڵی و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری هەبێت، نایەوێت ئاڵاو قەوارەو لامەركەزی و هیچ شتێك بەناوی كورد هەبێت، دەڵێت دەبێت كورد چەك بكرێت و ببێتە سەربازی ئەحمد شەرع و تەواو. دوژمنی وا سەیرو سەمەرەو دڵڕەق و بێ ویژدان و دڕندەم لە مێژوودا نەدیوە، لەهەموو گۆشەیەك پەلامارت بدات و تەنانەت ناوو ناسنامەو وجودی تۆی بە هیچ شێوەیەك قبوڵ نەبێت.

 

توركیا بە چ حەقێك واز لە سوریا ناهێنێت؟ بە چ حەقێك بە نوێژی نیوەڕۆ دەست دەخاتە ناو كاروباری سوریا؟ بە چ حەقێك بەناوی سوریا قسە دەكات؟ بە چ حەقێك بڕیار لەسەر سوریا دەدات؟ ئەی وجودی ئەنجومەنی ئاسایش و نەتەوەیەكگرتوەكان چی؟

 

ناكرێت پابەندی هیچ رێساو یاسایەكی نێودەوڵەتی نەبیت.. هەر بۆیەشە رۆژ بە رۆژ دنیای عەرەب پاشەكشە دەكات و لاواز دەبێت، عەرەب تەنها نەوت و غازەكەی بەدەست ماوە، ئەوە نەمێنێت دەبێت ببنەوە حوشترەوانی سوڵتانە نوێیەكانی عوسمانی!. شەرمە بۆ عەرەب و دەوڵەتانی عەرەب بەمجۆرە مامەحەمەیی بۆ توركیایەك دەكەن كە هیچ پڕۆژەیەكی برایەتی و ئاسایش و سەركەوتوی بۆ عەرەب پێ نیە، باشترین بەڵگە كەرتی (غەززە)یە، توركیا یەك فیشەك چیە نەیناوە بە سەربازێكی ئیسرائیلی؟ كەچی سەیرە هێشتا عەرەب ئومێدی بە توركیا هەیەو گەلی كورد لەناوخۆی سوریا لەبەر خاتری توركیا دەكاتە دوژمنی خۆی. نە سوریاو نە توركیا هیچیان نەداوەتە كورد, كەچی هێشتا ئەوان توڕەن و ئارامیان نەماوە؟. لەسەر مەسەلەی كورد حەق وایە توركیا وەك عاجباتی هەشتەمی دنیا بناسێنرێت!. 

بەدڵ پشتیوانی ئاشتیم لە توركیاو چارەسەری سیاسی كورد، نەفرەت لە شەڕو كوشتن دەكەم، بەڵێ با دایكی تورك و كورد چی تر جەرگیان نەسوتێ. لەوپەڕی قەناعەتەوە باوەڕمان بە نەمانی شەڕەو ئاواتمان سەركەوتنی ئاشتییە, بۆیە توركیا دەبێت لەم دڕندەییە دابەزێت و كورد قبوڵ بكات لە سوریاو توركیاو ئێران و عێراق. سەردەمی سڕینەوەو پەراوێزخستن و عاتیفەجوڵاندن و كڵاو دوورین بەسەرچوو!!. هێزە كوردییەكان, كوردی پەنجا ساڵ پێش ئێستا نین؟؟..


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن