200وتار

داگیركردنی تاریكی

5/3/2023 9:40:00 PM
هەندرێن شێخ راغب


رۆمانێكی 721 لاپەڕەیی بەبێ ئەوەی یەك وشەی زیادەی تێدا بێت، رۆمانێك دژ بە فاشیزم، لەتوركیا دەوڵەتی قوڵ هەیە، داگیركردنی تاریكی لەویش قوڵتر رۆچووەتە ناو توركیا. چەندە ئەركی هەموو كوردێكە لەهەر كوێی دنیا هەیە كە ئەم رۆمانە بخوێنێتەوە، بەهەمان شێوە بۆ هەر توركێك حەپەسانێكی گەورەیە؟ ئاخر چۆن دەكرێت توركێكی چیایی؟؟ بەمجۆرە بنوسێت!. چۆن حەپەسان دروست ناكات كە كوردێك بەم قوڵیە ناسیۆنالیزمی توركی روت وقوت نیشانی هەموو دنیا بدات و یەك بستی بە شاراوەیی نەهێڵێتەوە. داگیركردنی تاریكی رۆمانێكی پڕ هێژایە لەبەرامبەر نەهامەتیەكانی ناسیۆنالیزم، وە نەبونی ناسیۆنالیزم، لەو كاتەی رەخنەی قوڵ لە ناسیۆنالیزمی توركی دەگرێت كە چۆن كوێری كردون، رێك لەهەمان كاتیشدا ئەم پاشكۆیەتی و شكستەی كوردیش دەردەخات كە بەهۆی نەبونی ناسیۆنالیزمی كوردی چۆن خاوەنی خۆی نیەو بچوك بچوك دابەش بووە بەسەر دەیان شوناسی تەقلیدی و بێ فكر.

ویستم دێرە هەر گرنگەكانی ناو لاپەڕەی رۆمانەكە وەك ئیقتباس بۆ رونكردنەوەی زیاتری بابەتەكەم وەربگرم،چەندەی سەیرم كرد نەمتوانی مەگەر كۆی رۆمانەكە وەك خۆی بنوسمەوە، چونكە هەر لاپەڕەو پەرەگرافێكی دەخوێنیتەوە، گرنگترە لەوەی دیكە. بەختیار عەلی بە زمانێكی سادەو دێڕی سادە، ئاڵۆزترین ناسیۆنالیزم و دەوڵەتی دنیا لەروی رەگەزپەرستی و توندوتیژی نەتەوەیی دەخاتەروو. بەبۆچونی من داگیركردنی تاریكی كەوتنی دەمامكی دەوڵەتی توركیایە لەبەردەم خوێنەردا، ئینجا ئەم خوێنەرە كوردە یان هەر نەتەوەو زمانێكی دیكەیە بە خودی خوێنەری توركیشەوە.

گرنگە ئەم رۆمانە بۆ زمانە زیندووەكانی دنیا وەربگێڕدرێت، بۆ هەر ئەندامێكی پەرلەمانی ئەوروپا، ئەڵمانی و فەرەنسی‌و ئینگلیزی لەسەر كورسیەكەیان دانەیەك لە رۆمانەكەی بۆ دابنێ، بڵێ قوربان ئەگەر قسەیەكتان لەسەر توركیا كرد زەحمەت نەبێت داگیركردنی تاریكی بخوێننەوە ئینجا لێدوان بدە. بۆ هەموو كوردێك و توركێك خوێندنەوەی ئەم رۆمانە گرنگی زۆری هەیە، نابێت دنیای ئەدەبی و سیاسی ئێمە بێ دەنگ بەسەر ئەم رۆمانەدا تێپەڕێت.
هەرچەندە من بڕوام بە خەڵاتە جیهانیەكان نیەو سیاسەت و دەوڵەت دەستیان هەیە لە دابەشكردنیان، نەك راستی دەق و بەرزی دەق و نوسین، بەڵام داگیركردنی تاریكی بیانویەكی نەهێشتۆتەوە كە خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی بدرێتە بەختیار عەلی.

رۆمانێكە سیاسی، پێت دەڵێت دەوڵەتی یەك نەژادو یەك زمان و یەك كولتور لەم كەونە وجودی نیە، بەرگریەكی سەختە لە جیاوازی و چەوسانەوەی نەتەوایەتی، لەم رۆمانەدا چەندە ئازار دەخۆیت بۆ چەوسانەوەی سەختی گەلی كورد، نەفرەت كردن لە ئەرمەن و یۆنانیەكان، هێندەش بەزەیت بە توركەكان دا دێتەوە، چونكە خەیاڵ و ژیان و خۆشییان نیە بەهۆی مۆتەكەی ئەوی دی، كە كوردە. پەندێكی باو هەیە كە دەڵێت: چەند سەختە كورد بوون. بەڵام لەم رۆمانەدا بەختیار عەلی پێمان دەڵێت: چەند سەختە تورك بوون. ئەم دەوڵەتە بۆتە مۆتەكەیەكی گەورە بەلای توركەكانەوە گیرۆدەی كردون، لەبری ئەوەی دەوڵەتەكەیان بكەنە دەرفەتێك بۆ ئەوەی بەسەر دنیادا بكرێنەوە، كردویانەتە ئەشكەوتێك لەناویدا لە بنەبانی تاریكیەوە دانیشتون!.

ناونیشانی رۆمانەكە خۆی بەتەنیا رۆمانێكە، چۆن تاریكی داگیرناكرێت و كارێكی نەكردەیە، بەهەمان شێوە لەناوبردن و سڕینەوەی نەتەوەو گەلێكیش هەمان شتە. لەم رۆمانەدا مێژوی سەد ساڵی دامەزراندنی دەوڵەتی توركیا رون و راشكاو باس دەكات، كە مرۆڤ نیگەران دەبێت كاتێك فاشییەتی كەمالیزم لە سەرەتای سەدەی بیست، هەمان فاشیەتە لەسەرەتای سەدەی بیست و یەك. ئەم رۆمانە دەلاقەیەكی گەورەیە لەسەر ئاشكراكردنی ئەم هەموو نەهامەتیەی كە لەدوای رێككەوتننامەی سایكس-بیكۆ لەماوەی سەد ساڵی رابردوودا بەسەر ئەم ناوچەیەدا هاتووە بەهۆی فاشیزمەوە.

لەم رۆمانەدا دوای ئەم هەموو دڕندەیەتیەی فاشیەت، بەڵام عەقڵی بە ئاگاهاتووی نەتەوەیەكی پێ داگیرناكرێت، دوای تاقیكردنەوەی هەموو شێوەكانی دڕندەیی و فاشیەت، كەچی تا دێت هۆشی نەتەوەیی كورد فراوانترو قوڵتر رۆدەچێتە ناو خودی دەوڵەتەكەوە. بەختیار عەلی بەرامبەر توركەكان دادەنیشێت و یەك بەیەك شكستەكانیان بۆ شی دەكاتەوە، بەرامبەر كوردەكان دادەنیشێت و یەك بەیەك سەختیەكانیان بۆ شی دەكاتەوە. لە داگیركردنی تاریكی بۆ تیۆرداڕێژەران و بیركەرەوەكانی نەژادی توركی رون دەكاتەوە كە كۆی ئەم پرۆسەیەی ئێستا لە ناو توركیا هەیە شكست خواردو كارەسات ئامێزەو دەچێتە خزمەت فاشیەت، كە دواجار چارەنوسێكی باش بۆ داهاتووی ئەم دەوڵەتە ناهێنێت. رێك وراست لە داگیركردنی تاریكی بەختیار عەلی ئەم دێرە شیعرەی سوهراب بۆ توركەكان دەخوێنێتەوە كە دەڵێ: چاوەكانتان بشۆن و لەنوێوە سەیری دنیا بكەن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن