ئینگلیز بە پێكی نەوتەوە!!
1/25/2025 8:35:00 PM
هەندرێن شێخ راغب
لە كاتی 16ی ئۆكتۆبەر، هەر كە حەشدی شەعبی و سوپای عێراق هاتنە ناو كەركوك و ناوچە كوردستانیەكان، نەبووە ئێوارە ئینگلیز هاتە ناو كەركوك و تەواوی نەوتی ئەم شارەی گرتەئەستۆ؟ ئێستاش یەكێكە لەو نهێنی و پرسیارانەی سەرم لێ دەرناچێ؟.
ئینگلیز زۆر بە قوڵی ریشەی لەم ناوچەیە هەیەو دایكی پلان و بەرنامەو سیاسەتە شاراوەكانە، خۆی دروستكەری دەوڵەتی عێراقە، بەدەستی خۆی قردێلەی روداوەكانی ئەم عێراقەی بڕیوە. بەڵام پرسیارێك لای من زۆر بێ وەڵامە، كە بۆچی ئینگلیز هیچ كات بۆ یەك ساتەوەخت چیە نەك پشتی كورد ناگرێت، بەڵكو رێگرو دژە لەسەر هەموو ماف و هەبوونێكی كورد؟.
لە ئێستاشدا لەم ساتەوەختە هەستیارەی كورد كە گرفتی بودجەو موچەی هەیە، بەپێی دەستوری هەمیشەیی عێراق لەناوچە كوردستانیەكانی سنوری ماددەی 140 نابێت تاك لایەنە هیچ مامەڵەیەك لەگەڵ ئەم ناوچانە بكرێت، بەڵكو دەبێت كوردو بەغدا پێكەوە بڕیاری لەسەر بدەن، بەڵام لە ئێستادا ئینگلیز دێت و جارێكی تر مافی وەرگرتنی بیری نەوتی تازەو چاڵە نەوتەكانی كەركوك وەردەگرێت و یەك زەڕەش بەشداری بە كورد ناكات و هەر ئاگاداریشی ناكاتەوە؟ بڕوا بكەن لەسەر ئەم گرێبەستەی ئینگلیزو عێراق دەربارەی نەوتی كەركوك، دەبوو شارو شارۆچكەو گوندو هەموو كوردێكی ئەم عێراقە ئێستا سەرتاسەری خۆپیشاندان و ناڕەزایی بوایە، ئاڵای ئینگلیز بسوتێنرایە؟ بەڵام لەبەرئەوەی ئینتمای حیزب گەورەترە لە ئینتمای نەتەوەو نیشتمان، لەبەرئەوەی حیزب كورسی و ئیمتیازی بەردەوام بێت و پارێزراوبێت، ئیدی ئەم شتانە چین تا قسەی لێوەبكرێت؟. كورد حەقی دەستوری خۆیەتی رۆژانە لە نەوتی كەركوك داهات و پترۆ دۆلاری هەبێت، بەڵام لەبەرئەوەی كورسی و دەسەڵاتپەرستی و ئینتمای محەلی و ناوچەیی و گەڕەك و بەرەباب بۆتە سیاسەتی دوای راپەڕین، ئەگەر نەوتی كەركوك و ناوچە كوردستانیەكان بكرێتە پێك و دەوڵەتان بیخۆنەوە، كەس ناجوڵێنێت. ئەها چیتان كرد لە نەتەوە؟ چۆن ئینتماتان هەراج كردو خەڵك هیچ هەستی ناجوڵێ؟. گەلی كورد بێ ئینتما نیەو فرمێسك و خوێنی زۆری داوەو ئامادەشە زیاتر بدات، بەڵام واقعەكە دیارە ئێستا خەڵك بۆچی بێ دەنگەو بەڵكو زیاتر مەیلی لای بەغدایە نەوەكو ماڵی خۆی، تەنانەت موچەكەشی دەیەوێت تەوتینی بەغدا بكرێت؟ ئێوەش لەجیاتی داڕشتنی سیاسەتی نەتەوەیی و نیشتمانی هەر خەریكی شەڕە گەڕەك بن؟؟.