7وتار

كوردستان لە گرەوی گۆڕانكاریەكاندا

8/21/2025 7:59:00 PM
هەندرێن شێخ راغب

هەندرێن شێخ ڕاغب
لەوەتەی حەماس لە 7ی ئۆكتۆبەری 2023 پەلاماری ئیسرائیلی دا، شەڕێكی هەرێمایەتی سەخت رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتۆتەوە. رژێمی سوریا كەوت، لوبنان و توركیاو عێراق و یەمەن و فەلەستین و كۆی ناوچەكە لەبەردەم ئەگەری زۆردان. یەكێك لەم ناوچانە بێ ئەوەی بەرچاوی روون بێت و گوێی قوڵاغ كردووە بۆ ئەوەی گۆڕانكاریەك رووبدات و بەرچنەیەكی لێ دەستكەوێت هەرێمی كوردستانە.
گرەوەكە ئەوەیە ئیسرائیل ئابوری و نەوت و سەركردەو گروپەكانی ناو دەسەڵاتی عێراق بە ئامانج بگرێت و پەشێوی بكەوێتە ناو بەغداوە، لەم كاتەدا قسەكە ئەوەیە كورد هەنگاوی كردەیی بنێت و نەوت و غازو بەرهەمەكانی خۆی دەستكەوێت، بۆچونم وایە گۆڕانكاریەكان و جەنگەكان ئاسان هێور نابنەوە، ئەم درەنگە بەم زووەی كورد ڕا ناگات كە مانگ بە مانگ چاوەڕێی موچەیە. بۆیە كورد نابێت هیچ كاتی خۆی و هەوڵی خۆی لەسەر هیچ پڕۆژەو گۆڕانكاریەك پەك بخات، بەڵكو كارو رێككەوتن و بەرژەوەندی تایبەتی خۆی بپارێزێت و جێگیر بكات.
سەركەوتن بۆ هەرێمی كوردستان ئەوە نیە رژێمی بەغدا بكەوێت و دەسەڵاتی عێراق بگۆڕێت، بەڵكو سەركەوتن ئەوەیە ئەگەر رژێمیش گۆڕا بنەمای رێككەوتن و جێگیری بەرژەوەندیەكان و دەسەڵاتی نەشڵەژێ و تێك نەچێت, ئەگەر گۆڕانكاریەكان دەستكەوتی تازەو زیاتر نەداتە هەرێمی كوردستان و كێشە بنەڕەتیەكانی چارەسەرنەكات، ئەوا نەك نابێت گرەوی لەسەر بكات، بەڵكو دەبێت دژیشی بێت، بۆ ئەوەی خەڵك ناچار بكات بێنە سەر مێزی گفتوگۆو رێككەوتنی كورد، نەك دوای گۆڕانكاریەكان خێرێكی پێ بكەن.
رۆژانە گوێمان لە قسەی زۆر دەبێت گوایە لە عێراق دەدرێت و ئەم دەسەڵاتەی عێراق نامێنێت و ئەگەری گۆڕانكاری زۆر هەیە, سەیر ئەوەیە كورد بەتەمایە چاوەڕێی ئەم جۆرە پڕوپاگەندانە بێت، هەر دوێنێ ئەمریكاو عێراق رێككەوتنێكی تازەی نەوتیان ئەنجام دا. ئینگلیزو فەڕەنساو چین و روسیا باسیان لەوە كردووە كە سەروەری عێراق پارێزراو بێت. نازانم ئیدی كورد چاوەڕێی كام رەشەبایە
. خۆم یەك داوكاریم هەیە ئەگەر هاتوو هەتا كۆتایی ئەمساڵ عێراق نەڕووخا، هەڵنەوەشاوە, تێك نەچوو. كورد نەبووە دەوڵەت.. ئەوا ئەگەر بۆ یەكجاریش بێت وەرن داوای لێبوردن لەم گەلە بكەن و بڵێن ببورن ئێمە لە سیاسەت نازانین و دەكشێینەوە. ئەگەر ئەم پڕوپاگەندانەی ئێوەش راست بوو، من یەكەم كەسم داوای لێبوردن دەكەم و دانی پێدا دەنێم كە لە سیاسەت نازانین و ئاگاداری گۆڕانكاریەكان نین.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن