201وتار

كوردستان پێویستی بە بۆمبی ئەتۆمی هەیە؟

4/5/2023 2:23:00 PM
هەندرێن شێخ راغب

كاتی خۆی وتارێكم نوسی، باسی ئەوەم كردبوو، ئەگەر لەنێوان بۆمبی ئەتۆمی‌و دیموكراسی داوا لە هەرێمی كوردستان بكەن كامەیانت دەوێت؟ ئەوا بێ دوو دڵی دیموكراسی وەڵامە راستەكەیە. بۆچی گرنگە هەرێمی كوردستان دیموكراسی بێت؟ مەبەستمان چیە كە دەڵێین دیموكراسی لە بۆمبی ئەتۆمی گرنگترە بۆ هەرێمی كوردستان؟ بە سادەیی ئەمەیە:

 

لە دیموكراسیدا ئەم رق و كینەو دوژمنایەتیەی نێوان هێزە سیاسیەكان نامێنێت و ركابەری هەڵبژاردن دەبن‌و هەرچی ناكۆكی و شەڕ هەیە لەناو سندوقی هەڵبژاردن یەكلایی دەكرێتەوە. واتە خاڵی كۆتایی هەیە بۆ تەواو بوونی دوژمنایەتی و رقەبەرایەتی. لەوێ كێ دەرچوو دەبێتە ئەمینداری ئەم هەرێمە بۆ ماوەی شەرعی و یاسایی دیاریكراو كە چوار ساڵە.

 

لە دیموكراسیدا ئەوەی لە نەوت و غازو سنورەكان و داهاتی شارەكان ناوخۆ دەستمان دەكەوێت، دەچێتە بەردەم فراكسیۆنەكانی پەرلەمان، ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات ئاگاداری وەصڵەكان دەبن؟ ئەمەش بناغەی ئابوری نیشتمانیەو شەفافیەتە. بابەتی گەندەڵی و تەخشان و پەخشان نامێنێت. چونكە چاودێری یاسایی‌و دەستوری لەسەر داهات وخەرجییەكان هەیە.

 

هێزی پێشمەرگەو ئاسایش و دژە تیرۆرو پۆلیس ، یاساو رێسای شەفافی خۆیان هەیەو لەچنگ حیزب و شەخس نین‌و پەرلەمان چاودێرە بەسەریانەوە، ساڵانە لەناو بودجەی حكومەت بە شەفافی بۆ وەزارەتی بەرگری(پێشمەرگە) داهات و خەرجیەكان دادەنرێت و تەواوی دەزگا ئەمنیەكان بە پێی پێوەرەكانی خۆیان لەروی دەستوری و یاسایی بەرێوەدەچن و كاری ئەمنی خۆیان دەكەن. لەكوێش بۆ روداوێك یان كارەسات و شەڕو جەنگێك پێویست بوو، بەرپرسەكانیان دێنە پەرلەمان و بەردەم رای گشتی. بینیمان لە گەرمەی شەڕی داعش پەرلەمانی عێراق وەزیری بەرگری حكومەتی عێراقی لاداو گۆڕی. ئەمە هێزە بۆ دەوڵەت.

 

لەدیموكراسیدا دەستەو دامەزراوەكانی بواری گەندەڵی و مافەكان و ئازادییە گشتیەكان و بەهاكان بەهێزن و كاری خۆیان ئەنجام دەدەن. نە كەس لەخۆیەوە تۆمەتبار دەكەن و پڕوپاگەندەی بۆ دەكەن ، نەكەسی تۆمەتباریش بێ ماف دەبێت، پارێزەرو قسەی خۆی هەیەو بەرگری لەخۆی دەكات، واتە دەزگاكانی راگەیاندن، مافی مرۆڤ، دەست پاكی، مالیە، كۆمەڵی مەدەنی، بە ئاشكرایی و رون و راشكاو كاری خۆیان دەكەن، بەبێ ئەوەی لەخۆیانەوە نەكەس تۆمەتبار بكەن و نەحیزبایەتیش بكەن، بەڵكو یاساو رێساكانی خۆیان هەیە، بەڵام ئێستا حیزبایەتی رۆڵی گەورەی لەناو راگەیاندن و ئەم دەستەو دامەزراوانەی دژە گەندەڵی و مافی مرۆڤ و مەدەنی و هەیە، ئەمەش خەتای ئەوان نیە، بەڵكو نەبوونی دیموكراسی ئەم واقیعە فەرز دەكات.

 

لەدیموكراسیدا هەموو رێكخراوەكانی دنیا بەرگریت لێ دەكەن، لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیان، باسی ئازادی را دەربڕین‌و مافی مرۆڤ و ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵات و شەفافیەت و خزمەتگوزاریەكان و پەروەردەو تەندروستی و پڕۆژەكانت دەكەن، ئەمەش وا دەكات جیهان دۆستت بێت و دنیا بەرگریت لێ بكات. نمونە ئیسرائیل؟.

 

لە دیموكراسیدا دەزگا نیشتمانیەكان بەشكۆترن، لە دەزگا حیزبی و شەخسیەكان، دەزگا نیشتمانیەكان رۆڵی كارای خۆیان دەگێڕن لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندو دراوسێەكان و هەر رێكەوتن و گفتوگۆو كێشەیەك هەبێت دێتە ناو پەرلەمان و رای گشتی و میللەت دەزانێت چی دەگوزەرێ؟ بۆیە حكومەت و میللەت لە دیموكراسیدا لە پشتی یەكترن.

 

لەدیموكراسیدا مرۆڤ خاوەنی بۆچون و راو ئازادی خۆیەتی، ئەمەش كۆمەڵگایەكی مەدەنی و بەهێزو چاو كراوەو ئازاد دروست دەكات، بەڵام ئەگەر دیموكراسی نەبوو ترس هەیە، ترسیش لادان دروست دەكات، مرۆڤ ئەگەر هەستی بە ترس كرد، یان دەبێتە تلیاك خۆرو یاخی لەهەموو شتێك، یان نیشتمان جێ دەهێڵێت، یان وزەو توانای لەناو هەناوی خۆیدا دەخنكێت و مرۆڤێكی ناكارای لێ دەردەچێت، ئەمەش زیانێكی زۆر گەورەیە بۆ ئەم كۆمەڵگایە، چونكە توانای مرۆیی بەردی بناغەی سەركەوتنە گەورەكانە.

 

پێویستە هەرێمی كوردستان لەروی سیاسیەوە بەرەو ئەزمونی فنلەنداو دانیمارك و نەرویج بڕوات، نەك شاریقەو دەوحەو دوبەی‌و ئەبو زەبی‌و ریاز؟؟. لەروەكانی ترەوە لەروی كۆمەڵایەتی‌و ئاینی و ئابوری و فەرهەنگی ئەوا تایبەتمەندی خۆت هەیە، بەلام لەروی سیستەمی سیاسیەوە تكایە وەك فنلەنداو جنێف و بازل بن نەك دەوحەو ریاز؟.

 

ئەگەر بەم شێوەیە بێت كە لەم وتارە باسم كرد، تۆی خوێنەر بۆ هەرێمی كوردستان بۆمبی ئەتۆمیت پێ باشە یان دەسەڵاتێكی دیموكراسی؟.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن