تەلەفۆنەكەی ئەمریكا!
7/23/2025 9:22:00 PM
هەندرێن شێخ راغب
پەیوەندی
تەلەفۆنی (ماركۆ روبیۆ)وەزیری دەرەوەی ئەمریكاو (محمد شیاع سودانی) سەرۆك وەزیرانی
عێراق هەژانێكی دیكەیە، پەیوەندییەكە سێ تەوەر بووە (هەناردەی نەوت، موچە، حەشدی
شەعبی)، هەر سێكیان راستەوخۆ پەیوەندی بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە. قسەی دیكەیان
كردووەو بابەتی دیكە هەبووە ئەوە نازانین، بەڵام ئەوەی بڵاوكراوەتەوە ئەم سێ باسەیە.
لەدوای روخانی بەعس 2003، ئەمریكاو ئێران حاكمی عێراقن، خاوەن بڕیارن،
خاوەن پێگەن، دەتوانن بڕیاری یەكلاكەرەوە بدەن. بۆیە هەرزوو باسی ئەوەمان كرد كورد
بەچاوی ئەمریكاو بەرژەوەندی ئەمریكا نابێت سەیری ئێران بكات، وە بە چاوی ئێران و
بەرژەوەندی ئێرانیش سەیری ئەمریكا نەكات, لە ساڵی 2015 لە كتێبەكەم بەناوی(كورد و
ئەمریكا) باسی ئەوەم كرد كە دەبێت كورد پاكێجێكی وردی كوردی یەكلاكەرەوە لە عێراق
ئامادە بكات كە بەهیچ شێوەیەك نەبێتە لایەنی ناكۆكی نێوان ئێران و ئەمریكا، كورد
لەعێراق دەرەقەتی ئەم ناكۆكیە نایەت.
بەلای منەوە باسكردنی خەرجكردنی موچە لەلایەن
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كورد مەترسیدارە، چونكە بەفەرمی پرسی موچە وەك ناكۆكی
نێوان ئەمریكاو ئێران جێگای گرت، تەنها لەیەك خاڵدا جێگای ئومێدە، ئەویش ئەوەیە
ئەمریكا خاوەنداریەتی لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە بكات. لەم حاڵەتەدا ئەمریكا
دەتوانێت پرسی موچەو ئەمنیەتی نەوت و بودجەو چارەسەرەكەی یەكلای بكاتەوە. زۆر
سەختە پرسی قوتی هاوڵاتیان وموچەكانیان ببێتە بابەتی ناكۆكی نێوان دەوڵەتانی
هەرێمایەتی و ئەمریكا بەتایبەت ئێران، چونكە هێزە شیعەكان پێكەوە (چوارچێوەی
هەماهەنگی) یان دروست كردووە، كە ئێران سەرپەرشتی دروست كردنی كرد، ئەم چوارچێوەیە
دەوڵەت و حكومەتی دروست كردووە. ئێران حاكمی راستەوخۆی حكومەتی عێراقە. ئەمریكاش
نەوت و دۆلارو ئاسمانی عێراقی لەبەردەستە، بێ پرسی ئەویش كابینە دروست ناكرێت،
جیاواز لەهەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئێران و ئەمریكا پێكەوە حوكمی عێراق دەكەن.
ئینجا یان دەبێت خۆت بە دووربگریت لە زەبری نێوانیان، یان دەبێت خۆت پایەی سیاسی و
ئەمنی و ئابوریت بەهێزبێت و زۆر منەتت بەم ناكۆكیە نەبێت، یان دەبێت ئەمریكا
پشتیوانێكی یەكلاكەرەوەت بێت.
بەداخەوە ناوهێنانی پرسی موچە لەگەڵ دۆسیەی حەشدی
شەعبی و ناكۆكی توندی ئەمریكاو ئێران، جارێكی دیكە گیرۆدەكردنی خەڵكی كوردستانە
بەدەست برسیەتی و بێ موچەیی. بۆیە كورد ئەركیەتی بە زوویی و بە جددی بیر لە
رێگاچارەی ئەم دۆخە داراییە بكاتەوەو ئەم بەڕەیە لە ژێر پێی عێراق دەربكات، یان
لۆبیەكی سەركەوتوو بكات و ئەمریكا پشتیوان بێت. كرۆكی بۆچونی من ئەوەیە تا دوێنێ
موچە لەنێوان ناكۆكی هەرێمی كوردستان و بەغداد ئەوە حاڵی بوو، ئینجا وەرە ببێتە
جێگای ناكۆكی ئەمریكاو ئێران. هەر خوا رەحم كات!!!؟؟..