12وتار

ئەو هێزانەی دەرەوەی یەكێتی و پارتی

9/22/2025 9:49:00 PM
هەندرێن شێخ راغب

 هەر لەگەڵ دروستبوونی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ناڕەزایەتی و ئۆپۆزسیۆنی خەڵك هەبووە لە بەرامبەر سیستەمی تازەی حوكمڕانی كوردی. بەڵام ئەم ناڕەزایەتی و ئۆپۆزسیۆنە لەروی سیاسی و رێكخراوەییەوە هیچ چوارچێوەو رێكخستنێكی بەهێزی نەبوو.هەندێك حزب و رێكخراو لایەن و گروپ هەبوون، بەڵام كاریگەر نەبوون. هەتاوەكو دوای ساڵی 2009 كە بزوتنەوەی گۆڕان هات و بە فراوانی و گەورەیی دەنگی ناڕازی و ئۆپۆزسیۆنی لەخۆ گرت و بزووتنەوەیەكی ناڕەزایی گەورەی لە سەرتاسەری كوردستان وەگەڕخست و توانی ببێتە هێزی دووەم و كورسیەكی زۆر لە پەرلەمان بەدەست بهێنێت.

لە راستیدا بەهۆی ئەوەی پڕۆژەی گۆڕانكاری بزوتنەوەی گۆڕان شكستی هێنا، سیستەمی نەگۆڕی و خۆشی هاتەوە ناو هەمان سیستەم و هەموو ئەو پاكێجانەی باسی دەكرد بردى بۆ لاى دەسەڵات و كەوتە واژۆ كردنی رێككەوتننامەی بەشداری لە حكومەت و چوونەوە ناو هەمان سیستەم، ئیدی پڕۆژەی ئۆپۆزسیۆن و دەنگی ناڕازی ناو كوردستان زەبرێكی زۆر كوشندەی بەركەوت و خەڵك لە توڕەیی و ناڕازی بەرەو نائومێدی رۆیشت.

ئێستاش بە كورتی گرفتە گەورەكە ئەوەیە خەڵك لە پارتی و یەكێتی ناڕازییە بەڵام لە هێزەكانی دەرەوەی پارتی و یەكێتی نائومێدە. نائومێدی زۆر كوشندەترە لە ناڕەزایی. كێشەكە ئەوەیە دۆخێك لای خەڵك دروست بووە كە لە دەسەڵات توڕەیەو نیگەرانە، بەڵام لە حیزبەكانی ئۆپۆزسیۆن و ناڕازی نائومێدو بێ هیوایە. ئەمەش وایكردوە دۆخی حزبایەتی پارتی و یەكێتی ئاسانترو باشتر بێت لە دۆخی حزبەكانی تر مانای ئەوە نیە قەیرانیان نیە بەڵام سودی گەورەیان وەك حزب لەم نائومێدیە بینیوە. شكستی سیاسەت و پاكێج و بەرنامەی هێزەكانی دەرەوەی پارتی و یەكێتی، وایكردووە ئەم دوو حزبە دەنگی خۆیان بهێننەوە.

خەڵك كە دەنگ دەدات بەم دوو حزبە، لەبەرئەوە نیە لێیان رازین و خۆشیان دەوێن و كارو بەرنامەو حوكمڕانیان پەسەندە، بەڵكو لەبەرئەوەیە ئەوانەی داوای گۆڕینی دەسەڵات و سیستەمیان دەكرد شكستیان هێناو خەڵكیان نائومێد كرد..ئەم دۆخی نائومێدییە وایكردوە هێزەكانی دەرەوەی پارتی و یەكێتی دووجار بەرامبەر خەڵك ئەركیان قورسترو سەخت تر بێت. كەواتە خەڵك نائومێدە، ئەم نائومێدیەش سەداسەد لەبەرژەوەندی پارتی و یەكێتیە، ئەم دوو حزبە بەهەموو توانایان كار بۆ ئەوە دەكەن ئەم دۆخی نائومێدیەی خەڵك بەردەوام بێت, چونكە بەمجۆرە هیچ پڕۆژەیەكی نا ڕازی و ئۆپۆزسیۆن ناتوانێت بگاتە ئاستێك كە بەدیلی ئەم سیستەمە بێت. هەتا هێزەكان بە روونی گوتاری خۆیان بە كردار نەسەلمێنن و ئەم سیستەمە رەت نەكەنەوە و بەدیلی خۆیان نەخەنەڕوو ئەوا خەڵك متمانەیان پێ ناكات. خەڵك وەك خۆی ماوەو هەر ناڕازی و توڕەیەو داواكاری گۆڕانكاری هەیەو خاوەن ئیرادەشە، بەڵام بەداخەوە متمانەی نیە بە هێزەكانی دەرەوەی پارتی و یەكێتی، ئەمەش لەخۆوە دروست نەبووەو خەڵك حەقیەتی.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن