11وتار

نەخشە رێگایەك بۆ چارەسەركردنی دۆخی كوردستان

7/8/2025 7:58:00 PM
هەندرێن شێخ راغب


ماوەی حەفتا رۆژە موچە نەدراوە بە موچەخۆرانی كوردستان، دواهەمین هەنگاوی بەغداش دروستكردنی لیژنەیە، لیژنەش واتە مراندنی كێشەكە. ئەم دۆخە ئاوا ئیدارە نادرێت، ئەگەر راست دەكەن و خەمی داهاتووی كوردستان و نەتەوەی كوردتان هەیەو جددین لەم خەمە، بەندە وەك چاودێرێك ئەم نەخشە رێگایە بۆ چارەسەركردنی دۆخی موچەو كێشەكان دەبينم، كە دەبێت زۆر بە زوویی ئەم هەنگاوانە بنرێن
: یەكەم: دەستبەجێ و بەفەرمی پارتی و یەكێتی لە دۆسیەی نەوت بكشێنەوە.
 كاروبارو شەریكەو كۆمپانیاكانیان هەمووی هەڵپەسێرن و لە خەڵكی بێ لایەن و یاساناس و ئابوریناس و نیشتمانی (كۆمسیۆنی نیشتمانی دۆسیەی نەوت و غاز) دروست بكەن و تەواوی وردەكاری و بڕیارو كاریان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتیەكان و وەزارەتی دارایی بێت.
 دووەم: بەفەرمی و بە ئاشكراو بە چاودێری تەواوی هێزەكانی ناوخۆی كوردستان، داهاتی هەموو گومرگ و خاڵە سنوریەكان و ناوخۆی شارەكان و هەرچی هەیە، بیخەنە بەردەم وەزارەتی دارایی و دەستی حزب و بەرژەوەندی كۆمپانیاو گروپ و كەسەكان لەناو ئەم داهاتە رابگرن، ئینجا ئەوەی هەیە بیخەنە بەردەست وەزارەتی دارایی و بەپێی داهات و پارەكە موچە بدەن.
 سێیەم: تەواوی هێزەكانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن و هەموو لایەك بە یەك بڕیارو دوور لە موزایەدەی حیزبی و سیاسی لە عێراق بكشێنەوە.
چوارەم: دەستبەجێ كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدەن و ئەم هەنگاوانە بكەنە بڕیاری یاسایی و دەسەڵاتی تەواویش بدەنە فراكسیۆنەكانی دەرەوەی پارتی و یەكێتی كە بەوپەڕی شەفافیەوە بەشداری هەموو ئەم هەنگاوانە بن.
 پێنجه‌م: به‌پێی ده‌ستور نابێت له‌ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان به‌بێ ره‌زامه‌ندی هه‌رێمی كوردستان هیچ كارێك ئه‌نجام بدرێت، واتە ماددەی 140, بڕۆن له‌ دادگای نێوده‌وڵه‌تی پاریس شكات بكه‌ن و نه‌وتی كه‌ركوك رابگرن، یاخود داوای داهاتی به‌شه‌ نه‌وتی كه‌ركوك و ناوچه‌ كوردستانیه‌كان بكه‌ن كه‌ ملیار دۆلاره‌, ئه‌مه‌ حه‌قی ده‌ستورییه‌و بۆناچن دادگای دنیای لێ بگرن؟. شەشەم:: ئاڵای عێراق لە تەواوی هەرێمی كوردستان دابگرن.
 حەوتەم: سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان هەڵبژێرن و بیدەنە هێزێكی ئۆپۆزسیۆن و بەشێوەیەكی یاسایی و دوور لە شەڕە گەڕەكی حیزبی پەیوەندی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن رێكبخەنەوە.
 هەشتەم: راستەوخۆ بەبێ رەزامەندی بەغداو عێراق و ئێران، نەوت بە بۆڕی هەناردە بكەنەوەو داهاتەكەشی بەوپەڕی شەفافی و روونی تەسلیم بە وەزارەتی دارایی بكەنەوەو با سەرۆكی پەرلەمان و فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمان داتاو ئاماری راستەقینەیان لەبەردەست بێت.
 نۆیەم: نامەیەك بۆ نەتەوەیەكگرتوەكان بنوسن و بەفەرمی داوا لە ئەنجومەنی ئاسایش بكەن، یان كێشەكانی هەرێم و عێراق چارەسەر بكەن، یان كورد دەستكراوەیە بۆ هەر بڕیارێك لە عێراقدا.
 دەیەم: لەهەموو دانوسانێك لەگەڵ عێراق، سەرۆكی شاندەكە بكەنە كەسێكی دەرەوەی پارتی و یەكێتی و یان هێزێكی ئۆپۆزسیۆن و بەیەكەوە گفتوگۆ لەگەڵ عێراق بكەن
یازدەیەم: لەئەگەری گرفتی پارەی كاش و نەختینە، لەپەرلەمانی كوردستانەوە بەدیلی دراوی عێراقی رابگەیەنن، یان بیكەنە یۆرۆی ئەوروپی یان دۆلاری ئەمریكی، یان هەر دراوێك كە گونجاوو بەردەستەو دەكرێت مامەڵەی پێوەبكرێت.
 دوازدەیەم: گەورەترین فشار دروست بكەن لەناوچە كوردستانیەكان و بە ئاشكرا نەخشەی كوردستان تاوەكو حەمرین بڵاوبكەنەوەو هەڵمەتێكی گەورەی نیشتمانی بۆ گەڕاندنەوەی ناوچە كوردستانیەكان دەست پێبكەن و موچەو بودجە لەبیر عێراق ببنەوە. واتە هەموو عێراق بخەنە ئینزارەوە.
 سێزدەیەم: هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بایكۆت بكەن، زەمینەسازی بكەن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی كوردستان. پەرلەمانی كوردستان كۆببێتەوەو یاسای تازەی بۆ دەربكات.
 چواردەیەم: لەتەواوی دەوڵەتانی دنیا رەوەندی كوردی دەست بكات بە هەڵمەتی دبلۆماسی و سیاسی و خۆپیشاندان، دوور لە دروشم و وێنەو پەڕۆی حیزبی و تەنها ئاڵای كوردستان بەكاربێت.
 پازدەیەم: لەئەگەری هاتنە سەرمێزی گفتوگۆی عێراق، موچە رەت بكەنەوەو بڵێن بودجەو موچەی یەك ساڵمان بەیەكەوە دەوێت و ساڵانە یەكجار بەوردی حەق و حساب و وردبینی ژمێركاری بودجەو موچە دەكەین و نامانەوێت قبوڵی ناكەین مانگانە بۆمان بێت و وەك پارێزگایەك مامەڵەمان لەگەڵ بكرێت.
 شازدەیەم: بەردەوام داتاو ئاماری داهاتەكانی ناوخۆی كوردستان و نەوت و غازو داهاتی سنورەكان و شارەكان، بە كراوەیی و شەفافی بخەنە بەردەم رای گشتی و دەستی حیزب لەناو قوڵایی داهاتی ئەم وڵاتە بێتە دەرەوە.
 حەڤدەیەم: شەڕی هەلەق و مەلەقی میدیای حیزبی و سۆسیال میدیا رابگرن و پێكەوە شان بدەنە ئەم دۆخە سەختەی نیشتمان.
 هەژدەیەم: بۆ رووبەڕوبونەوەی سەربازی و جموجۆڵی عێراق و توركیاو ئێران، بەفەرمی داوا لە ئەنجومەنی ئاسایش و ئەمریكاو نەتەوەیەكگرتوەكان بكەن، هێزی هاوپەیمانان و ئاشتی پارێز لە كوردستان جێگیر بكرێت.
 بەهیوام كورد خۆی بتوانێت بەدەستی خۆی هەڵسێتەوەو گۆچانی كەس بەكار نەهێنێت. یان واز بێنێت و وەك هاوڵاتیەكی عێراقی رازی بێت بەم دۆخە تازەیەی هاتۆتە ئاراوەو دۆسیەكان بداتە حكومەتی عێراق و كۆتایی بەم واقعە بهێنێت.
مادام بە بێ عێراق دەچیتە ئەمریكاو گرێبەست ئیمزا دەكەیت، دەبێت بەرگەی فشارەكانی عێراقیش بگریت و لەناوخۆی كوردستانەوە باش ئامادەسازی بكەیت و فەرموو هەنگاوەكانت لە حیزبایەتی بەرتەسكەوە بگۆڕە بۆ هەنگاوی نیشتمانی و دیموكراسی و كوردستانی. بەكورتی دوو مەبەست لەم هاوكێشەیە هەیە: راگرتنی گەندەڵی وبێباكی حوكمڕانی كوردی و تەمبێ كردنی سیاسەتی ئێستای عَێراق, بەرامبەر هاوڵاتیانی كوردستان.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن