169وتار

بۆ ده‌بێت به‌شداری هه‌ڵبژاردن بكه‌ین؟

7/4/2024 7:56:00 PM
هەندرێن شێخ راغب

كرده‌ی ده‌نگدان و ئاڵوگۆڕی ئاشتیانه‌ی ده‌سه‌ڵات و ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له‌ كات و ساتی خۆیدا، له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌مێكه‌ شكستی هێناوه‌. بۆیه‌ به‌شێكی زۆر له‌ هاوڵاتیان بایكۆت كردنی ده‌نگدان و به‌شداری له‌هه‌ڵبژاردنیان هه‌ڵبژاردووه‌و بۆچونیان وایه‌ كرده‌ی به‌شداریكردنی له‌ پرۆسه‌ی ده‌نگدان بۆ خۆی شه‌رعیه‌ت به‌خشینه‌وه‌یه‌ به‌م جۆره‌ واقعه‌ی ئێستا هه‌یه‌ كه‌ به‌رپرسی دروستبوونی قه‌یرانه‌كانه‌.  
به‌ڵام بابه‌ته‌كه‌ دیوی دیكه‌ی زۆری هه‌یه‌، ته‌نها هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ نیه‌، كه‌ ده‌بێت باسی بكه‌ین: ئێمه‌ ده‌زانین هێزه‌ سیاسیه‌كانی كوردستان بڕوایان به‌ دیموكراسی نیه‌، هێزی ده‌سه‌ڵات و پاره‌و به‌رژه‌وه‌ندین. بۆیه‌ هه‌تا دێت كرده‌ی دیموكراتیزه‌كردن و پرۆسه‌كانی هه‌ڵبژاردن بێ به‌ها ده‌كرێن، ته‌نانه‌ت خودی كوالێتی په‌رله‌مانیش زۆر بێ به‌ها كراوه‌، چونكه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا بابه‌ته‌كه‌ واز هێنانه‌ له‌ هه‌موو هه‌نگاوه‌كانی دیموكراسی و ئامانج چه‌سپاندنی جمهوریه‌تی ویراسیه‌؟. ئه‌وه‌ی له‌ كوردستان ده‌گوزه‌رێت چه‌سپاندنی ته‌واوه‌تی جمهوریه‌تی ویراسی یه‌. بۆیه‌ باشترین به‌رگری بۆ ئه‌وه‌ی ببینه‌ خاوه‌ن دامه‌زراوه‌ی شه‌رعی نیشتمانی و به‌هێز ئه‌وه‌یه‌ : یان كوده‌تاو تفه‌نگ و توندوتیژی به‌كاربێنین. یان كوردستان بپارێزین و به‌ ده‌نگدان و سندوقی ده‌نگدان ئه‌م ئامانجه‌ به‌دی بهێنین؟. كه‌ بۆچونی من وایه‌ له‌ بری صندوقی فیشه‌ك، ده‌بێت صندوقی ده‌نگدان هه‌ڵبژێرین. 
هه‌رێمی كوردستان له‌ دۆخێكی ته‌واو ناجێگیرو پڕ ئه‌گه‌ردا گوزه‌ر ده‌كات، ده‌توانین به‌هۆی پرۆسه‌یه‌كی ئاشتیانه‌ی ناوخۆیی كه‌ هه‌ڵبژاردنه‌ گۆڕانكاری جه‌وهه‌ری بكه‌ین. بۆیه‌ گرنگه‌ كرده‌ی هه‌ڵبژاردن بێ بایه‌خ نه‌كه‌ین و وه‌كو ئامرازی گۆڕانكاری سه‌یری بكه‌ین. هه‌ر بۆ نمونه‌ توركیای دراوسێمان كه‌ ده‌وڵه‌تێكی شۆڤێنی نه‌ژادییه‌، به‌ڵام بۆ هه‌ناوی ناوه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ی تورك، به‌رده‌وام هانا بۆ دیموكراسی ده‌به‌ن و له‌رێگای صندوقی ده‌نگدان ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵات و ته‌نانه‌ت گۆڕینی سیسته‌میش ئه‌نجام ده‌ده‌ن. یان سه‌یری ئێرانی دراوسێمان كه‌ ده‌وڵه‌تێكی مه‌زهه‌بی دینییه‌و ته‌نانه‌ت دیارده‌ی دیموكراسی پێ حه‌ڕامه‌، كه‌چی بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی شه‌رعیه‌تی سه‌رۆكایه‌تی وڵات هانا بۆ صندوقی ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردن ده‌بات. له‌م عێراقه‌ی كه‌ ئێمه‌ هه‌رێمێكی فیدڕاڵین، له‌ماوه‌ی ئه‌م پێنج شه‌ش ساڵه‌ نزیكه‌ی چوار سه‌رۆك وه‌زیرانیان گۆڕی و چه‌ندین هه‌ڵبژاردنیان به‌سه‌ركه‌وتوویی ئه‌نجام دا. كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت هه‌رێمێكی كوردستانی به‌هێز بونیاد بنێینه‌وه‌، له‌بری دروستكردنی جمهوریه‌تی ویراسی، ده‌بێت ئاڵوگۆڕی ئاشتیانه‌ی ده‌سه‌ڵات و صندوقی ده‌نگدان بكه‌ینه‌ پێوه‌ر.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن