325وتار

حكومەتی سۆسیالیستی؟ بابەتێك بۆ گفتوگۆیەكی كراوە

6/5/2022 9:39:00 PM
هەندرێن شێخ راغب

سەردەمی حكومەتی بەعس، پیاوێكی كورد دەچێتە حەج، لەوێ دەچێتە بازاڕی حەجاجەكان و دەڵێت باشترین قوماشم پێبدەن بۆ دەست و دیاری حەجەكەم دەیبەمەوە، گرانترین تۆپە قوماش دەكڕێت. كە دەگەڕێتەوە كوردستان سەیر دەكات لەسەر تۆپە قوماشەكە نوسراوە : كارگەی نەسیجی هەولێر. دەڵێت خۆ ئەوە دروستكراوی خۆمانە؟.

لە دەرونی خەڵكی ئێمەدا، بەردەوام بۆ عەدالەتی كۆمەڵایەتی و بازاڕو كوالێتی و ساغ و دروستی خۆراك و كەلوپەلی ژیان، بەسەرهاتەكانی سەردەمی حكومەتی بەعس بە نمونە دەهێننەوە. دەڵێن بەعس كیمیاباران و ئەنفالی كردین بەڵام دەوڵەت بوو.

ئەگەر روپێویەكی ئاستی دەرونی و كۆمەڵایەتی و رای هاوڵاتیانی كوردستان بكەین كەمتر دیدگای عەلمانیان قبوڵە، لەكاتی دەنگدانیش لیستی ئیسلامی هەڵنابژێرن بۆ حوكمڕانی. كەواتە هاوڵاتیانی كوردستان نە حكومەتێكی عەلمانی، نە حكومەتێكی ئیسلامیان قبوڵ نیە. بەڵكو مەیلیان زیاتر بەلای حكومەتێكی ئیشتراكی سۆسیالستی یە. لێرەدا با كوردەواریانە قسە بكەین و لە زاراوەو رستەو شیكاری زانستی فكری بێینە دەرەوە  وەك:

بەلای خەڵكی كوردستان حكومەت دەبێت چۆن بێت؟

كارەبا نیشتمانی بێت، ئاو نیشتمانی بێت، بازاڕو خۆراك و پێدانی بەشەخۆراكی مانگانە نیشتمانی بێت، واتە لەدەستی دەوڵەت بێت نەك كۆمپانیاو كەرتی تایبەت. سەردەمی حكومەتەكانی عێراق هەتا روخانی بەعسیەكان بەمجۆرە بوو:

-دەرمان و نەخۆشخانە لە چنگی دەوڵەت بوو. باشترین كوالێتی دەرمان هەر هی ناوخۆی وڵات بوو.
-پەروەردە لەدەستی دەوڵەت بوو، منداڵی دەوڵەمەندو هەژارو بەرپرس و هاوڵاتیان پێكەوە لەیەك پۆل بوون، ئەم جیاوازییە زەبەلاحە چینایەتیەی هەنوكە نەبوو.
-نەوت و سوتەمەنی و بەنزین، لە دەستی دەوڵەت بوو. سیستەم هەبوو، بۆ دابەشكردن و دانانی نرخ لەسەریان.
-زانكۆو پەیمانگاكان هی دەوڵەت بوون، كەرتی تایبەت لەم بابەتە بوونی نەبوو. كوالێتی خوێندن بەرز بوو.
-جادەو رێگاوبانەكان لەدەستی دەوڵەت بوون، نەك كۆمپانیا، تەنانەت دوای سی ساڵ هێشتاش جاددە هەیە بەكاردەهێنرێت.
-گەنجان دەبوو عەسكەری بكەن، عەسكەر هی بنەماڵەو حزب و دەستەو تاقم نەبوو، بەڵكو سەربازی تەنها بۆ دەوڵەت بوو.
-كشتوكاڵ لە دەستی دەوڵەت بوو، جوتیاران لە مەكینەو دەراسەو پیكاب و دەرمان و عەلەف سودمەند دەبوون. بەرهەمەكانیان ساغ دەكرایەوە. دەوڵەت چاودێری دەكردن.
-گەنجان كە خوێندنیان تەواو دەكرد، تەعینات هەبوو، كەرتی گشتی چالاك و رێكخراوو خاوەن میلاكی بەردەوام بوو.
-ئابوری لەدەستی تاقم و گروپ و كۆمپانیا نەبوو، بەڵكو ئابوری دەوڵەتی بوو.
-كارگەی جگەرەو دۆشاوی تەماتەو قوماش و ....هتد هەمویان لەدەستی دەوڵەت بوون. كەرتی گشتی بوون. كوالێتی بەرهەمەكانیان باش چاودێری دەكرا.
-بەشە خۆراكی مانگانە باش بوو، لەكاتی خۆی دابەش دەكرا.
-رەقابەی مالی بەهێزبوو، ئاسان نەبوو سیاسیەكان بازرگانی بكەن و ببنە خاوەنی دەیان شەریكەو كۆمپانیا.
-كەرتی ئەمن و پۆلیس و مرورو جێبەجێكردنی قانون بەهێزو خاوەنی هەیبەت بوو.
-رێگا نادات دین و سیاسەت و دەوڵەت تێكەڵ بێت، بەڵام هیچ رێگریەكیش لە مومارەسەی ئاینی و پیرۆزی دینی ناگرێت و بەڵكو لەبۆنە ئاینیەكانیش هەتا دەگاتە سەرۆك بەشدار دەبن.
بەكورتی ژیان لەدەستی دەوڵەت بوو، نەك كۆمپانیا.

سەرباری هەموو ئەمانە، دەگوترێ دەوڵەتی سۆسیالیستی، دەسەڵاتێكی دیكتاتۆری هەیە، دەرفەتی ئاڵوگۆڕی دیموكراسی نادات، ئازادی را دەربڕین و میدیای سەربەخۆو ئەهلی نیە، پەرلەمان كارتۆنیەو هەڵبژاردن بەیەكسانی ناكرێت و تەنها بۆ شەرعیەت دانەوەیە بە نوخبەی دەسەڵاتدار. سەركوتكردنی بیرورای سیاسی هەیە، ترس هەیە لە رەخنەگرتن لە دەوڵەت و هاوڵاتیان لەسەر بیرورای جیاواز روبەروی زیندان دەبنەوە. كەرتی دەوڵەت ناتوانێت خۆشگوزەرانی دابین بكات و روبەری هەژاری زۆرە. ئەم جۆرە دەوڵەتانە دەبنە ویراسی و خێزانێك دەست بەسەر كورسی سەرۆكایەتی دەوڵەتدا دەگرن.

بەكورتی ئەوەی هەستی پێدەكرێت، ئەوەیە هاوڵاتیانی ئەم ناوچەیەی ئێمە، لەروی كۆمەڵایەتی ودەرونی زیاتر بۆ دەوڵەتێكی سۆسیالیستی ئامادەن، نەك بۆ دەوڵەتێكی عەلمانی یان ئیسلامی.
ئێستا چۆن دەتوانین، حكومەتێكی بەهێز دروست بكەینەوە؟ حكومەتێكی عەلمانی هەڵبژێردراو، یان حكومەتێكی ئیسلامی. یاخود نوخبەیەكی نیشتمانی پێكەوە پڕۆژەیەكی بەهێزی سۆسیالیستیان هەبێت و بتوانن بگەنە دەسەڵات و ئابوری و سیستەم و دەسەڵاتێك بونیاد بنێن، هاوڵاتیان متمانەیان بە پایەكانی دەوڵەتداری هەبێت و مەیلی ئیشتراكی و سۆسیالیستی هەبێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن