141وتار

موچەو دوو بۆچون لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان

12/23/2023 5:44:00 PM
هەندرێن شێخ راغب

موچە قەیرانێكی سەختی دوورودرێژی حوكمڕانی كوردییە كە ماوەی 10 ساڵە بەردەوامە، لەم بارەیەوە مشتومڕو ماراسۆنی سیاسی زۆر هەبووەو هەیە، دوو بۆچون زۆر جێگای ئەوەن تاوتوێ بكرێن لەسەر قەیرانی موچە.

بۆچونی یەكەم:
وا سەیری دۆخەكە دەكات كە كاتی خۆی دوای روخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003، بڕیاردرا لە 17% بودجەی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان بێت، پارەیەكی زۆرو كاش دەهاتە ناو كوردستان. لەبری ئەوەی كارگەو ژێرخانێكی وەبەرهێنان و پیشەسازی و كشتوكاڵی تۆكمەی پێ دروست بكرێت، حیزبە دەسەڵاتدارەكان و تەواوی حیزبەكانی دیكەش كەوتنە دامەزراندنی بە لێشاوی هاوڵاتیان، تەنانەت شوان و جوتیارو كرێكارو پیشەوەریش نەما نەبێتە موچەخۆر. هەندێك گوند ئاژەڵ داری و جوتیاری تێدا نەما، هاتنە شارو بونە موچەخۆر. ئەمە وایكرد كۆمەڵگایەكی گەورەی بەرخۆر دروست بێت، كە بەرهەمی وڵاتانی دراوسێ و دەوڵەتانی جیهان دەخوات و خۆی هیچ بەرهەمێكی نیە، هەتا دەهات حیزبەكان لەناو حكومەت بە لیست خەڵكیان تەعین دەكرد. ئەمە وایكرد جەستەی حكومەت بەجۆرێك ئاوسا ئەستەم بوو بنیشێتەوە، بەڵام لەبەرئەوەی پارەكە لە بەغداوە دەهات كەس ئەم مەترسی و ئاوسانەی نەدەبینی. بۆیە كاتێك بودجە بڕدراو موچە نەهات و بەغداد پارەكەی بڕی، كتوپڕ حكومەت كەوت و بە پاشەكەوتی موچەش نەیتوانی قەیرانەكە چارەسەر بكات. ئەم بۆچونە وای دەبینێت هەردوو حیزبەدەسەڵاتدارەكان و حیزبەكانی تر سەدان هەزار موچەخۆریان هەیەو پارەو بودجەو داهاتی كوردستانیش ناتوانێت ئیدارەی بدات. ئەمەیە وایكردووە دۆخێكی دارایی سەخت بەرۆكی هەرێم بگرێتەوە. ئێستا بەهەموو جۆرەكانی باج و خەراج و داهات و ناوەخۆ ناتوانرێت قەیرانی موچە چارەسەر بكرێت. ئەمەش كورت بینی حیزبەكانە كە ژێرخانی ئابوریان دروست نەكردو تەنها خەریكی گەورەكردنی بارەگاو دەنگ و قەوارەی خۆیان بوون لەناو هەناوی حكومەت. بۆیە ئێستاش لە دەستیان دەرچووەو پێیان چارەسەر ناكرێت مەگەر ئەوەی بتوانن لەگەڵ بەغدا بگەنە رێككەوتن. واتە ئەم بۆچونە پێی وایە زیاد لە پێویست چاوەڕوانی لە حكومەتی هەرێم هەیە بۆ دابینكردنی موچەو قەوارەی حكومەتەكە وا نیشان دەدرێت كە وەك بڵێی دەوڵەتێكی بەهێزو گەورەیە، بەڵام لە راستیدا وا نیەو تواناكانی زۆر سنوردارن.

بۆچونی دووەم:
 رێك پێچەوانە سەیری ئەم قەیرانە دەكات، پێی وایە گومرگ و خاڵە سنوریەكان و باج و خەراج و داهاتی ناوخۆیی و فرۆشی نەوت و غازو كارەباو كۆمەكی هاوپەیمانان ئەوەندە زۆرە زۆر بە ئاسانی دەتوانرێت موچەی مانگانەی پێ دابین بكرێت، ئەمەی هەیە قەیرانێكی سیاسی و گەندەڵیە، موچەخۆرانی ناو هەناوی حیزب و دامودەزگاو بارەگاو بەرپرسەكانی حیزبن وایان كردووە كە پارەكە بەشی موچەخۆری هەرێمی كوردستان نەكات، پڕۆژە زەبەلاحەكانی حیزب و خێزانە سیاسیەكانی كوردستان پارەی ناوخۆ بەكار دەخەن و ناهێڵن دەخیلەی حكومەت پارەی پێویستی تێدا بێت، بەڵگەشیان بۆ بۆچونەكەیان ئەوەیە لەوەتەی قەیرانی موچە هەیە، كەچی هیچ كاریگەری لەسەر پڕۆژەكانی حیزب و خێزانە سیاسیەكان دانەناوە، بەڵكو بەپێچەوانەوە رۆژانە پڕۆژەی زۆر زەبەلاحی نیشتەجێ بوون و شەریكەو كۆمپانیاو پڕۆژەو كارگە‌و راگەیاندنی خۆیان رادەگەیەنن، ئەم پارەیەیان لەكوێ بوو؟ ئەگەر پارەی داهاتی ئەم هەرێمی كوردستانە نەبێت؟ ئەم بۆچونە وای دەبینێت ئەگەر پارەو داهاتەكان بە دەستێكی ئەمین و مشورخۆر مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، ئەوا قەیرانی موچە چارەسەر دەبێت و تەنانەت پێویستمان بە پارەی بەغداش نیە؟.

لێرەدا پرسیار ئەوەیە چۆن دەكرێت ئابوریەكی نیشتمانی وا دروست بكرێت، كە هاوڵاتیان قەناعەتیان بە ئەو لێدوانانە هەبێت كە باسی خەرجی و داهاتەكان دەكات. چارەسەر ئەوەیە چنگی حیزب لەهەناوی حكومەت بێتە دەرەوەو وەزارەتی دارایی شەفاف و راشكاوو خاوەن بڕیارانە بێتە ناو پرۆسەكەو ئەوەی هەیە بگەڕێتەوە دەخیلەی حكومەت. هەتاوەكو ئەمە نەكرێت تكایە قسەی زل و دروشم و لێدوانی رۆژانە مەدەن چونكە كەس باوەڕ ناكات. چارەسەر ئەوەیە پەرلەمانێكی كاراو زیندوو هەبێت كە بتوانێت چاودێرێكی توندی حكومەت و دامەزراوەكان بێت بە جۆرێك كۆی داهاتی ئەم هەرێمە بخرێتە دەخیلەی حكومەت و بە روونی خەرجی و داهاتەكان بۆ رای گشتی بخرێتە روو. ساڵانە بودجە بنێردرێتە پەرلەمان و بە یاسایی بكرێت. ئەوكاتە هەر قەیران و كێشەیەك هەبێت خەڵك باوەڕ دەكات. خەڵك ئێستا لەسەر ئەوە خۆپیشاندان و بایكۆت ناكات كە موچەی پێ نادرێت، بەڵكو لەسەر ئەوەیە كە قەناعەتی نیە كە پارە نیەو پێی وایە پارە هەیەو بە ئەنقەست برسی دەكرێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن