6وتار

چۆن عەلی خامنەئی خۆی و ئێرانیشی لەناو برد؟؟؟

3/5/2026 1:47:00 PM
هەندرێن شێخ راغب

ساڵی 2001 لە یازدەی سێپتێمبەر روداوێكی جیهانی و نێودەوڵەتی گەورە روویدا، ئێستاش لەناو پلان و كاردانەوەكانی ئەم روداوە دەژین، ئەویش پەلاماردانی راستەوخۆی ناوەوەی ئەمریكابوو, چەندین فڕۆكە خۆیان كێشا بە دامودەزگا هەرە گرنگەكانی ئەمریكا. هەموو ئەو كەسانەی ئەم چالاكیەیان كرد سوونە بوون؟؟. زۆرینەیان سعودی بوون. ئەفغانستان حكومەتێكی سونەی زۆر توندڕەوی هەبوو كە بێ ئەندازە بۆ ئێران هەڕەشە بوو. ئوسامە بن لادن لەسەر سنوری ئێران خەریكی پتەوكردنی دەوڵەتی ئەفغانستانی تاڵیبان بوو كە سونەیەكی زۆر توندن. 

ئەم روداوە ستراتیژو بیركردنەوەو ئاراستەی ئەمریكای گۆڕی، لە هاوپەیمانی سونەوە بۆ هێرشكردنە سەر سونە. چونكە ئەمریكا هاوپەیمانی راستەوخۆی عەرەب ئەفغانی و ئوسامەبن لادن و تاڵیبان بوو بۆ دەرپەڕاندنی روسیا لەناو خاكی ئەفغانستان. بەڵام 11ی سێپتێمبەر تەواو بەرەی جەنگەكەی گۆڕی. 

ئەمریكا پەلاماری ئەفغانستانی دا، ئوسامەی كوشت, بزوتنەوەی تاڵیبانی تەفروتونا كرد. دەسەڵاتی سونەی نەهێشت. گەورەترین خزمەتی بە ئاسایشی نەتەوەیی ئێران و دەسەڵاتی شیعە كرد؟. دوای ئەوە بەهەمان شێوە لەسەر سنوری ئێران پەلاماری دوژمنێكی هەرە سەرسەخت و بەهێزی ئێرانی دا كە عێراق بوو. صەدام حوسێنی كوشت، سونەی لە دەسەڵات لادا, لەم كاتەدا لە ئێران جوڵەیەك دروست بوو, سەركردەو كەسایەتی كاریگەر بوون، چوون بۆ لای خامنەئی و بازنەی دەوروبەری وموحافیزكارەكان ئەم خاڵانەی خوارەوەیان بۆ روون كردنەوە:

1-ئێستا ئەمریكا دەسەڵاتە سونەكان لەناو دەبات، ئەفغانستان و عێراق بۆ نمونە، سەر سنورو دەوروبەری ئێمەی شیعەی لە مەترسی سونە پاك كردەوە. 

2-هەزارو چوار سەد ساڵە لەسەردەمی كوشتنی حەسەن و حوسێن، خەون بە ئازادی نەجەف و كەربەلا دەبینین، ئەمریكا هات و بۆی رزگاركردین و ئێستا تەنانەت پارێزگارو شارەوانی نەجەف و كەربەلا ئێمەی شیعە دەست نیشانی دەكەین.
3-هەزارو چوار سەد ساڵە دەمانەوێت لە نەجەف و كەربەلا عاشورا بە ئازادی بكەین، مارێنزی ئەمریكی بە چەكەوە پاسەوانیمان دەكات و ئێمەش خەریكی عاشوراین.
4-دەمانگوت حكومەتی بەغدا رێگریمان لێ نەكات لە مەراسیم و هەبونمان لە نەجەف و كەربەلا، كەچی ئەمریكا دەسەڵات و حكومەتی بەغدای پێداین و بە عەمامەی شیعەوە لە زاخۆوە هەتا فاوو بەصرە شیعە حوكم دەكات، كە بە خەونیش نەمانبینیوە.
5-ئەمریكا گەورەترین دوژمنی ئێرانی كوشت و تەنانەت كوڕو نەوەكەشی كوشت، صەدام و كوڕو نەوەكانی، كە ئێمە هەرگیز نەمانتوانی بیكەین.
6-ئەمریكا سونەی لە دەسەڵات لاداو ئێستا ئێمە حكومیان دەكەین، تەنانەت لەناو بەغدا عەمامەی شیعە فەرمان بۆ شارە سونەكان دەردەكات. 
7-ئەمریكا ئابوری عێراقی تەسلیم كردین و تەواوی كێڵگەو پاڵاوگەی نەوت و غازو سامانی عێراقی دایە دەست ئێمە، نەوت دەفرۆشێت و پارەكەی دەخاتە بەردەست ئێمە.
8-ئەمریكا لەدەستوری عێراقدا رێگری لێنەكردین بە ئارەزووی خۆمان ماددەو بەندی فیقهی خۆمان دابنێین.
9-ئێمە عەلی سیستانیمان كردۆتە مەرجەعی باڵای عێراق، ئەمریكا نەك دژایەتی ناكات، بەڵكو خودی پۆل بریمەرو سەرۆك و وەزیرەكانی ئەمریكا سەردانی دەكەن و دەستی ماچ دەكەن. 
10-بە ئارەزووی خۆمان خەریكی دروستكردنی حوسێنیەو شارو ناوەندی تازەی شیعەین، ئەمریكا نەك رێگری ناكات، بەڵكو قردێلەمان لەگەڵ دەبڕێت و سەدان كەناڵی راگەیاندنمان كردۆتەوەو رێگریمان لێ ناكات.
11-ئەمریكا گەورەترین خزمەتی شیعەی عێراق و ئێرانی كرد كە سوپای عێراقی هەڵوەشاندەوە، كە ئەوە گەورەترین دەستكەوتە بۆ ئێران، بەرامبەر بەوە هێزو گروپی چەكداری خۆمان هەیەو ئازادین لەناو عێراق. 
تەنانەت یەكێك لە ئەندامانی ئەم گروپە بە خامنەئی دەڵێت ئەوەی هەزارو چوار سەد ساڵە ئێمە لە خوای داوا دەكەین، ئەوەتا ئەمریكا هات و سەد هێندەی بۆ كردین. دەبێت شوكری خوا بكەین كە ئەمریكای بۆ ناردین.

بۆیە داوا دەكەین پەیوەندیەكان لەگەڵ ئەمریكا ئاسایی بكرێتەوە، باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەتاران بكرێتەوە، لە واشنتن باڵیۆزی ئێران بكرێتەوە، كۆمپانیا نەوتیەكانی ئەمریكا بێنە تاران و ئیش بكەن, سەردان و زیارەت دروست بكرێت لەنێوان هەردوولا. لە عێراق لەروی ئەمنی و سیاسی و دەسەڵاتەوە هاوكاری سەركەوتنی ئەمریكا بكەین. بەس دروشمی مەرگ بەر ئیسرائیل بهێڵینەوە، ئەوەی ئەمریكا لا بدەین.

كەچی زۆر بەتوندی عەلی خامنەئی و جەماعەتی دەوروبەری و دروشم بازەكانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، ئەمەیان رەت كردەوەو تەنانەت تۆمەتباریان كردن بەوەی لایەنگیری دوژمن دەكەن و گومانیان لەسەر توانای شۆڕشی ئیسلامی ئێران بۆ دروست بووە. 
دواتر لە شەڕی داعش ساڵی 2014، كەخەلافەتی سونەی داعش دروست بوو، یەكەم هەنگاو دروشمیان لەناوبردنی دەسەڵاتی شیعەی عێراق و ئێران بوو. داعش سونەیەكی تیرۆریستی هێجگار بەهێزبوو كە ئامانجی یەكەمی شیعەكان بوو. ئەمریكا هات و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دروست كردو داعشی لەناوبرد. جارێكی تر چوونەوە لای خامنەئی و پێیان گوت ئێستا ئێمەو ئەمریكا بەیەكەوه‌ لەیەك سەنگەرین و شەڕی داعش دەكەین، بۆیە با رێككەوین. ئەوەتا ئەمریكا هاتووە گەورەترین مەترسی سەر شیعەی عێراق و ئێران لەناو دەبات. بۆچی دژی بین.

كەچی ئەمجارەش بەتوندی رەتیان كردەوەو هەزار جنێوو تۆمەتیشیان بۆ ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی دروست كرد. 

دواجار شیعەكان كە پڕوپاگەندەی هیلالی گەورەی شیعەیان دەكرد، ئەمریكایان پاڵ پێوەنا، كە ببێتەوە هاوپەیمانی سونەكان و داعش و بەعسی و توركیاو گروپە سونە هەرە تیرۆریستیەكان. لەسوریاش ئەم هاوپەیمانیەتیە بەشارئەسەدی عەلەوی شیعەیان رووخاند. كە ئەمە مەترسیەكی راستەوخۆی زۆر گەورە بوو بۆ ئێران، ئەوكاتیش جارێكی تر بە رابەرو بازنەی موحافیزكارو مێشك وشكەكانی ئێرانیان گوتەوە كە ئەمە زەنگی مەترسیەو ئێران و حزب اللەو ئەمانە لەناو سوریا نەمان. بۆیە هەتا زووە با سیاسەتمان بگۆڕین. كەچی گوێیان نەگرت. 

رابەرو بازنەی موحافیزكاری دەوروبەری، بە دروشم بازی شۆڕشی ئیسلامی، كارەساتی 7ی ئۆكتۆبەریان بەسەر كەرتی غەزەدا هێناو حەماس و فەلەستین و غەزەیان هەلاهەلا كرد, شكۆی حزب اللەو حەماس و ئێرانیان شكاند، چونكە ئیسماعیل هەنیەو حەسەن نەسروڵاو عەلی خامنەئییان هەرسێكیان كوشتن. بەمجۆرە ئێران لە شەڕی 7ی ئۆكتۆبەری غەزە ئیمزای لەسەر مەرگی خۆی كرد. 

لەوەتەی ئێران هەیە ئاوا لە شكۆی نەدراوە، هەزاران ساڵە ئاوای بەسەر نەهاتووە، بۆمب و موشەك بست بە بستی تاران و شارە گەورەكانی ئێران دەكوتن و هەلاهەلای دەكەن. شوێن و ناوچە نیە نەبووبێتە ئاگر باران. ئەم دەوڵەتە گەورەیە لە مێژووی شانازی ئیمپراتۆرییەوە خواخوایەتی سەرۆكێكی بشارێتەوەو موشەكێكی بەرنەكەوێت. 

ئێران كۆتایی هات. كە وەك كوردێك زۆر زۆرم پێ خۆشەو ئاواتم بینینی مەرگی هەر چوار دەوڵەتەكەیەو ئەم نەخشەیە دەستكردی سایكس بیكۆیە. كورد نابێت هیچ سۆزی بۆ ئەم دەوڵەتانە هەبێت و بەهەموو توانایەكیەوە بەس خەریكی بەرژەوەندی خۆی بێت. ئەوەی باسم كرد وەك وانەیەكە دەبێت وەك كورد لێوەی فێر بین و هێزە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتیەكان و بیركردنەوەیان شارەزا بین و بەرژەوەندی خۆمان بدۆزینەوەو لێوەی فێر بین.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن