كەسایەتی كورد
8/26/2025 8:27:00 PM
هەندرێن شێخ راغب
ئەمڕۆ لە بی بی سی نیوز، گردبونەوەیەكی سیاسی و جەماوەریم بینی لە
بەریتانیا، سیاسەتمەدارێكی ئینگلیز خراپ حەماس و نەڕە نەڕ گرتبووی، هاواری دەكرد
كۆچبەران وڵاتەكەیان داگیركردووین، دەبێت دەریان بكەین و واو وایان لێ بكەین. ئەم
حەماسە گەرمەی كابرای ئینگلیز خەیاڵی بردم بۆ لای بابەتێك، ئەویش: پرسی كەسایەتی
كوردە؟.. لەبەرئەوەی كەسایەتی كورد دروست نەكراوە، سەركردەو حزبەكان و سیاسیەكان
هەر كردوویانە بە كۆیلەو مێشكیان پڕ كردون لە ئینتمای بچوك و سەركردە پەرست و حیزب
پەرست و شەخس پەرست، لەبەرئەوەی كەسایەتی نەتەوەیی و نیشتمانی بۆ تاكی كورد دروست
نەكراوە، داگیركەران بە كۆمەكی هێزەكانی ناو هەناوی كورد خۆی، بەردەوام وایان
كردووە كەسێتی كورد لاواز بێت.
ئاخر سەیری جوو بكەن، شەق لەهەموو دنیاو یاساو
دەستورو سنورێك هەڵدەدەن، چونكە توشی هۆڵۆكۆست بوونە، دەبێت هەموو دنیا خۆی بە
قەرزاریان بزانێت و هیچ شتێك لە هیچ كەسێك قبوڵ ناكەن. بەڵام كورد چی؟ ئاخر دەبوو
مرۆڤی كورد كە دەچووە بەریتانیا، ئینگلترا، لەگەڵ فەڕەنسا. واتە ئینگلیزو فەڕەنسی،
كاتێك داوای پاسپۆرت و ئیقامەو ناسنامەیان لێ دەكرد، یەكسەر تاكە پێڵاوەكەی بۆ ناو
دەموچاویان بردبوایە، دەبوو كورد لەناو لەندەن و پاریس زیاتر لە خاوەن ماڵ
هەڵسوكەوتی كردبوایە، دەبوو كورد هەر بە جنێوو ئیهانە بانگی ئینگلیزو فەڕەنسی
كردبوایە، نەدەبوو هەر كارو ئیش بكەن و لەسەر ورگ و نانی ئەوان بژین، تەنانەت بلیتی
ناو یاریگاش و كورسی دانیشتنی مرۆڤی كوردیش تایبەت بوایە..ئەزانن بۆچی؟ لەبەرچی؟
لەبەرئەوەی دەبوو سەری زمان و بنی زمانی مرۆڤی كورد ئەوە بوایە كە لە جەنگی جیهانی
یەكەم ئینگلیزو فەڕەنسی كوردستانیان كردە چوار پارچەو نەیانهێشت ببینە خاوەن
دەوڵەت! دەبوو مرۆڤی كورد ئەوەندە ئەو بابەتەی رۆژانە بە دەموچاویان كێشا بوایە،
فەڕەنسی و ئینگلیزی خوای خوای ئەوەیان بوایە بەس قسە نەكەین؟.
سەیر ئەوەیە ئامادەش نین كورد رزگاری بێت،
ببێتە خاوەن كیانێكی نیشتمانی و دیموكراسی و مەدەنی، بۆ ئەوەی هەزاران كورد بێنەوە
نیشتمان و چی دی كۆچ نەكەن بۆ وڵاتی ئەوان، ئاخر ئەمریكاو ئینگلیزو فەڕەنسا
دەتوانن هەرێمی كوردستان بكەنە مەرهەم، بیكەنە كیانێك كەس نەوێرێ دەمانچەی ئاویش
هەڵبگرێت؟ مەبەستیان بێت كوردستان وا لێ دەكەن هەرچی كلكی جوڵاند لەبنەوە بیبڕن.
ئەوان لە پشتی
مانەوەی بێ سیستەمین، راستە لایەنی باش و هاوكاری وپاراستنی كوردیان هەبووە، ئەمە
دیوێكی دیكەیەو دەكرێت لە شوێنی تر قسەی لەسەر بكەین، بەڵام بۆ ئێستا تاكە
تۆمەتبارن و هاوكار نین لەوەی كورد كیانێكی نیشتمانی و دیموكراسی دروست بكات. پاڵ
پێوەنانێكی نێودەوڵەتی دەوێت تاوەكو كورد گۆڕانكاریەكی جەوهەری بكات، خۆ تێمدەگەن
دەڵێم چی؟.