كورد, ئێران یان ئەمریكا؟؟
3/9/2026 2:34:00 PM
هەندرێن شێخ راغب
عەلی لاریجانی سەركردەی ناسراوی ئێستای ئێران گوتی: كوردی ئێران و عێراق بەقسەی ئەمریكا ناكەن، چونكە لە سوریا فرۆشتنی و خیانەتی لێكردن، بۆیە كورد ناچنە بەرەی ئەمریكا.
ئەگەر بگەڕێینەوە رابردوو پەیوەندی نێوان ئێران و كورد هێجگار خراپ بوو، ئەوەی لە عێراق دەگوزەرێت لە داگیركردنەوەی كەركوك و قەیرانی موچەو بودجەو لێدان لە هەرێمی كوردستان هەمووی ئێران سەرپەرشتی دەكردو عێراق جێبەجێكارە. بەڵام ئەوەی تەواوی هاوكێشەكانی گۆڕی هاتنی (تۆم باراك ) بوو بۆ نوێنەرایەتی ئەمریكا لە ناوچەكە، ئەم پیاوە عەرەبی لوبنانە، باڵیۆزی ئەمریكایە لە ئەنقەرەی پایتەختی توركیا. تۆم باراك كەوتە بەردەستی میتی توركی و هەرچی مەبەستیان بوو لە سوریا بەرامبەر كورد پێیان كردو درزی گەورەیان خستە پەیوەندی و متمانەی نێوان كوردو ئەمریكا( لەوتاری دەستكەوتەكانی توركیا بە وردی ئەمەم روونكردۆتەوە). خیانەتی تۆم باراك و رێككەوتنی پاریس كوردی زۆر توشی دڵەڕاوكێ و بێ متمانەیی كردووە بەرامبەر رۆژئاواو ئەمریكا. لەهەڵوێست و قسەو رەفتاری كورد بە زەقی دیارە, بۆ نمونە جاران ئەگەر ئەمریكا داواكاریەكی هەبوایە لەرێگای باڵیۆزەكەی یان وەزیرێك پەیامی دەنارد، بەڵام ئەمجارە خودی دۆناڵد تڕەمپ خۆی تەلەفۆنی كرد، تڕەمپێك كە وەڵامی زۆر سەرۆكی گەورە ناداتەوە؟ كەچی خۆی تەلەفۆن بۆ سەركردە كوردەكان دەكات.
وەك چۆن پێشوتر گوتم ئێران پاڵی بە ئەمریكاوە نا بۆ ئەوەی بچێتە بەرەی سونەو توركیاو داعش و بەرەی نوصڕەو ئەحمد شەرع و بەعسیەكان، ئاواش ئەمریكا پاڵی بە كوردەوە نا كە هەوڵی نزیك بوونەوە لە ئێران بدات. ئەوەتا كوردی ئێرانیش دەیان پرسیاریان لەسەر ئەمریكاو پلان و بەرنامەی ئەمریكا هەیە؟. كوردی عێراقیش بە ئاشكرا باسی دوای روخانی ئێران دەكەن و دەڵێن كێ دەڵێت وەك رۆژئاوای كوردستان دوایی پێمان ناگوترێت كارمان بە ئێوە نەما؟.
لێرەدا بە ڕاشكاوی دەڵێم كورد نابێت هیچ جۆرە متمانەو پەیوەندیەكی لەگەڵ توركیاو ئێران و عێراق و سوریا هەبێت، بە دیلی ئەمریكا ئەوانە نین و تەنها ئەمریكا بە دیلی ئەمریكایە. داگیركەران بە قەدەر نوكە دەرزیەك نەگۆڕاون لە پەلاماردانی رۆژئاوای كوردستانیش بینیمان. بۆیە دەبێت لە دۆسیەی ئێران خۆش باوەڕ نەبین, ئەم چوار دەوڵەتە هیچ پڕۆژەیەكیان بۆ كوردو مافەكانی نیە, بەڵام ئەمریكاش خیانەتی لێكردوین و پێویستە ئەمە قەرەبووبكرێتەوە. بۆ كورد گرنگە تۆم باراك نەمێنێت، كەسێكی وەك برێت مەكگۆرك بێتەوە. پێویستە كورد گفتوگۆیەكی زۆر جدی و راشكاوو تازە لەگەڵ ئەمریكا بكات. دەبێت بزانین توركیاو ئێران و عێراق و سوریا خاوەنی هیچ پەیمان و بەڵێنێك نین. خاوەنی هیچ پڕۆژەو چارەسەریەك نین، لە بچوكترین دەرفەت بۆیان هەڵكەوێت هەرچی هەمانە تەفروتونای دەكەن. بۆیە خۆش باوەڕ مەبن، دەوڵەتی ئێران تازە بەتازە كوردی هاتۆتەوە بیر، هەرئەوان بوون سەرپەرشتی 16ی ئۆكتۆبەریان دەكردو بەردەوام حەشدی شەعبیان لە كورد بەردەدا. هەرچەندە بۆ كوردی عێراق هاوكێشەكە سەد لەسەد پێچەوانەیە، چونكە داعش وبەعسی و محمد جۆلانی و توركیاو سونەكان لەسەر سنورن و چاوەڕێی دەرفەت دەكەن پەلاماری عێراق بدەن، كە زۆر دوژمنی كوردن. بۆیە لەعێراق شیعەو كورد ئێستا هاوچارەنوسن، ئەگەری زۆرە بەهۆی نزیك بوونەوەی شیعەو كورد هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە كەركوك، ئینجا موچەو بودجەش لەبەردەستی شیعەی عێڕاقە كە ئەوە دۆسیەكی زۆر قورسە بۆ هەرێمی كوردستان. بەڵام دواجار نابێت نزیك بونەوەی كوردی عێراق لە شیعەی عێراق لەسەر بچوكترین مافی كوردانی رۆژهەڵات بێت. بۆ كوردی عێراق دوو ئێران هەیە، یەكەم شیعەی عێراق كە وەلائیان بۆ ئێرانەو فەرمانی لێوەردەگرن. دووەم دەوڵەتی ئێران خۆی كە دژی ئەمریكایەو لەگەڵی لەشەڕدایە. لەم هاوكێشەیەدا یەك ئەمریكامان هەیە كە دژی هەردوو ئێرانەكەیەو تەنانەت رێگا نادات لەبەر ئێران نوری مالكی ببێتەوە سەرۆك وەزیران. كەواتە كورد بە دوو ئاراستە سیاسەت بكات ئاراستەی عێراقی و ئاراستەی ئێرانی. بەڵام گرنگترین شت ئەوەیە كوردی رۆژهەڵات بچوكترین دەرفەت لە كیس نەدەن.
هەرچەندە كوردی عێراق زۆر خۆی لەم شەڕە پاراستووە، بەڵام شەوو رۆژ هەرێمی كوردستان بەر موشەك و درۆن دەدرێت، ئەگەر بەشداریشی بكردایە هەر ئەوەندە موشەك و درۆنی تێدەگیرا؟. لەبەرئەوە كورد لەعێراق نابێت سڵ لە هیچ یارمەتیەك بكاتەوە بۆ سەركەوتنی كوردانی رۆژهەڵات.