77وتار

كوردستان لەناو ئەو تونێلە گیری خواردووە!

10/17/2025 11:29:00 AM
هەندرێن شێخ راغب


كایەی سیاسی لەهەرێمی كوردستان لەناو دوو تێڕوانین دا گیرۆدە بووە، ناتوانێت بەلایەكدا یەكلابێتەوە، هەندێكجار لەناو خەڵك و نوخبەشدا گفتوگۆیەك دروست دەبێت، بەڵام هێشتا نەبۆتە مشتومڕی راستەقینە.

دوو تێڕوانین هەیە، یەكەمیان پێی وایە ئەم نەتەوانەی لە قۆناغی رزگاری نیشتمانین‌و نەبوونەتە دەوڵەت، نابێت فرە حزبی بن و تەنها حزبێكی بەهێزو پێشڕەوی دەوێت كە رابەرایەتی دۆزەكە بكات هەتا دەگاتە كۆتایی قۆناغەكە، ئەوكاتە بۆ زیندوو هێشتنەوەی پرۆسەی سیاسی حزب و لایەن و مینبەری سیاسی جیاواز دروست دەبێت و ئیدارەی جیاوازی و ناكۆكیەكانی ناو هەناوی دەوڵەت و نەتەوە دەكات، نمونە كەمال ئەتاتورك، دەوڵەتی توركیای دروست كرد ئینجا فرە حزبی دروست بوو. ئەم بۆچونە پێی وایە حزبی پێشڕەو دەتوانێت بە ئاسانی بڕیار دروست بكات، پەرلەمان و حكومەت و هێزی لایەو پرۆسەی بڕیار بە باشی دەتوانێت گەڵاڵە بكات، نمونە ئەگەر یەك حزبی پێشڕەو هەبوایە لە ریفراندۆم دەیتوانی ئیدارەی كەركوك و ناوچەكانی دیكە بكات و حزبێكی تر نەبوو بێ پرسی ئەو رێككەوتن بكات و بڕیار لەسەر ئەم ناوچانە بدات.

بۆچونی دووەم رێك پێچەوانەیە، بەرگری لەوە دەكات مۆدێلی حزبی پێشڕەو كۆتایی هاتووە، ئەم جۆرە حزبانە نمونەی وەك بەعسی سوریاو عێراق دروست دەكات و لە جێگای خۆی بۆگەن دەكات، چونكە كەس نیە ركابەرایەتی بكات و مەترسی لەسەر پێگەی دروست بكات، دواجار هەڵەی مەترسیدار دەكات كە دەیان ساڵی دەوێت هەتا دێتەوە سەر رێچكەی خۆی، نمونە دەڵێن ئەگەر فرە حزبی و پەرلەمانێكی بەهێز هەبوایە رێگای نەدەدا ریفراندۆم بكرێت و رایدەگرت و دۆخەكەی بەجۆرێكی تر ئاراستە دەكرد كە زیانی گەورەی لێ نەكەوێتەوە.

كوردستان خاوەنی حزبی پێشڕەو نیە، بەڵكو خاوەنی حزبی دەسەڵاتدارە، خاوەنی فرە حزبی نیە، بەڵكو خاوەنی ناكۆكی حزبی و فەوزای حزبیە. بۆیە پێویستە ئەم بابەتە گفتوگۆیەكی گرنگی ناو كایەی سیاسی و خەڵك بێت، بۆ ئەوەی كوردستان لەم تونێلە سیاسیە دەرچێت و بەلایەكدا بكەوین.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن