20وتار

هێرش بۆسەر کۆشکی ئاشتی، لێدانە لە هزری ئاشتی

3/29/2026 1:14:00 PM
فارس نەورۆڵی

لە کاتێکدا ناوچەکە لە قەیرانێکی هەمەلایەنەی توند و قوڵدایە و لە شەڕدا نغرۆ بووە، نەخشە و پلانەکانی جەنگ تادێ ئاستی بەرزتر دەبێتە و ە  و کۆتایی تونێلەکە تاریک و نادیارە. لەم کاتەدا، دەنگی ئاشتی و دەنگی جەنگ پێکەوە ناگونجێن و لە ململا نێیەکی سەختدان، و نازاندرێ کامیان سەردەکەوێت. لەناو ئەم جەنگ و ئاشو بەدا دەنگێکی زوڵاڵ بەردەوام دەڵێت دەبێت ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا بەرقە رار بێت ، بەردەوام و بێ‌ترس بانگەوازی ئاشتی دەکات. دەنگێک دەتوانێ گرێ کوێرەکانی سیاسەت بە گفتوگۆ بکاتەوە. ئەو دەنگەی بە هەمووان دەڵێت جگە لە ڕێگای شەڕ، ڕێگایەکی دیکە هەیە بۆ هاوسەنگی و بۆ بردنەوە، ئەویش ڕێگای گفتوگۆیە.

ئەو دەنگە، ئەو ئاوازدانەری ئاشتییە، نێچیرەڤان بارزانییە کە دەڵێت جەنگ تەنها ماڵوێرانی لەگەڵ خۆی دێنێت. بۆیە  بیر کردنەوەو هزری ئاشتی‌خوازانەی سەرۆکی هەرێم هەوڵدانە بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی و گەیشتن بە چارەسەر لە ڕێگای خوێندنەوەی یەکدییەوە.

ئەگەر لەم دۆخی ئاشوبەدا سیمبولی ئاشتی بکرێتە ئامانجی درۆنی دەرون‌نەخۆشەکان، ئەوا دەرفەتی ئاشتی کەم دەبێتەوە و ناوچەکە بەرەو وێرانبوونێکی ترسناک دەڕوات و دەرفەت بۆ بازرگانانی جەنگ زیاتر دەڕەخسێت. لەم دۆخانەدا، ئەرکی سیمبولی ئاشتی قورسترە لە سیمبولی شەڕ.

بۆیە هێرش کردن بۆسەر ماڵی سەرۆکی هەرێم تەنها ڕووداوێکی ئەمنی نییە، بەڵکو کاریگەرییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەیە. لێکەوتەی دژوار لەگەڵ خۆی دێنێت بۆسەر ناوچەکە بە گشتی و عێراق و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی. ئامانجی ئەم هێرشە دەکرێت: (١) پەیامێکی سیاسی بێت، (٢) یان دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ و تێکدانی ئارامی ناوچەکە، (٣) تێوەگلانی هەرێمی کوردستان لە ئاشوب. ئیتر هەر هێز و لایەنێک لەپشتی ئەو هێرشەوە بێت، جگە لە لێدان لە هزری ئاشتی و تێکدانی هەرێم و عێراق، هیچ ئامانجێکی دیکەی نییە.

ئەگەرنا، هەموو دەوڵەتان و هێزە سیاسی و مەزهەبییەکانی ناوچەکە دەزانن کە کەسایەتی سەرۆکی هەرێم، بیرکردنەوە و جوڵەکانی لەپێناوی چاکەی گشتی و ئاشتی هەمیشەییدایە بۆ ناوچەکە، و تێزێک و بیرکردنەوەیەکی نوێیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بتوانێت لایەنە ناکۆکەکان کۆ بکاتەوە و بە هزرو بەکردار، ئامانجی چاندنی تۆویی ئاشتییە، کەچی دەکرێتە ئامانجی گێڕەشێوێن و تیرۆریستان.

دواجار، دەکرێت بڵێین هێرش بۆسەر کۆشکی ئاشتی و بۆسەر ماڵی سەرۆکی هەرێم ملمڵانێیە لە نێوان هێزی شەڕ و هێزی چاکەدایە . بۆیە پێویستە هەموو ئازادی‌خوازان و ئاشتی‌خوازان پشتگیری کۆشکی ئاشتی و تێز و بیرۆکەی ئاشتی‌خوازانەی نێچیرەڤان بارزانی بکەن، بۆ ئەوەی ئاشتی بەسەر شەڕدا سەرکەوێت و ببێتە هەوێنی یەکڕیزی ماڵی کورد و ئارامی بۆ ناو چە کە .


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن