مام مەولود؛ باخەوانی باخچەی رۆحم
3/29/2026 11:25:00 AM
عیماد ئهحمهد
لە ژیاندا هەندێک
مرۆڤ هەن کە لە سنووری کات و شوێن تێدەپەڕن و دەبنە بەشێک لە رۆحی مرۆڤ. ئەوان تەنها
خزمەتگوزار، یان فەرمانبەر نین، بەڵکو مامۆستای ژیانن؛ بە بێدەنگی فێرمان دەکەن چۆن
بژین، چۆن خۆمان بپارێزین و چۆن جوانییە سادەکان ببینین. مام مەولود یەکێک بوو لەو
جۆرە مرۆڤانە؛ ئەو تەنها باخەوانێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو باخەوانی دڵ و رۆح بوو.
مام مەولود ساڵانێکی
دوورودرێژ باخەوانی باخچەکەمان بوو. پیاوێکی سپی رەنگ، بەساڵاچوو، باڵابەرز و باریک؛
بە چاوە تیژەکانی و ئەو خەندەیەی سەر لێوی، هەمیشە رووناکییەکی تایبەتی دەبەخشی.
ددانەکانی بە پاکی دەدرەوشانەوە. دەست و مەچەکی هێندە بەهێز بوون کە دەمارە سەوزەکانی
وەک لق و چڵی درەختەکان دیار بوون؛ دەستێک کە هەموو رۆژێک ژیانی دەبەخشی بە خاک و
دار و گوڵ. لە وەرزی زستاندا، کاتێک ساردی دەستی بەسەر هەموو شتێکدا دەگرت، ئەو بە
هێمنی و ئارامی، بەو دەمارە تەنک و ماندووانەی دەستی، وەک ئەفسانەیەکی پڕ لە خۆشەویستی،
جۆگەی ئاوی بە خێر و بەرەکەت دەڕشتە ناو رووباری سیروان؛ وەک ئەوەی پارچەیەک لە دڵی
خۆی پێشکەشی ژیان بکات. هەمیشە دەنگی لە یادمدا دەزرنگێتەوە کاتێک دەیگوت: «کار و
جووڵە ژیانە؛ ئەگەر بوەستم دەمرم.» لە دوا رۆژەکانی ژیانیدا، کاتێک بێهێزییەکەی زیاتر
دەبوو، بە دانیشتنی چوارمشقی لەسەر چیمەنەکە دادەنیشت، بەڵام هەر بەردەوام بوو لە
کارکردن. کاتێک داوام لێ دەکرد پشوو بدات، بە خەندەیەکی ئارامەوە وەڵامی دەدامەوە:
«ئەگەر کار نەکەم، پەکم دەکەوێت و دەمرم.» وشەکانی ئەم فریشتەی رۆحە، وتەیەکی «دۆستۆیفسکی»م
بیر دەخەنەوە کە دەڵێت: «مرۆڤ بەوە دەژی کە مانایەک بۆ ژیانی خۆی بدۆزێتەوە.» مام
مەولود ئەو مانایەی لە ناو خاک و گوڵ و ئاودا دۆزیبووەوە. هەروەها، وەک غەسان کەنەفانی
دەڵێت: «ئەو کەسانەی خەون دەبینن، دەتوانن جیهان بگۆڕن.» مام مەولود خەونی بە باخچەوە
دەبینی، بەڵام لەڕاستیدا دڵی ئێمەی دەگۆڕی.
دوای کۆچی دوایی
مام مەولود، هەست دەکەم باخچەکەمان چیدی بێدەنگ نییە؛ باڵندە و کۆترەکان وەک ئەوەی
لەگەڵ رۆحی ئەودا گەڕابنەوە بۆ ئێرە. هەموو بەیانییەک کە دەنگی باڵندەکان دەبیستم،
وا هەست دەکەم دەنگی ئەو دەگەڕێتەوە بۆ ناو دڵم. جاروبار لە خەونەکانمدا دەیبینم؛
دەستی دەخاتە سەر شانم و بە نەرمی ئامۆژگاریم دەکات. ئەو رۆژانە بەڕاستی خۆشترین
کاتەکانی ژیانمن، چونکە هەست دەکەم هێشتا لەگەڵماندایە.
هەندێک جار وا
هەست دەکەم ئەو سێبەری شەمسی تەبریزییە و منیش سێبەری مەولانای رۆمی؛ پەیوەندییەکی
نەبینراو، بەڵام قووڵ و رۆحانی لەنێوانماندایە.
مام مەولود فێری
کردین ژیان تەنها لە کارە گەورەکاندا نییە، بەڵکو لەو چرکەساتانەدایە کە بە دڵسۆزی
و خاوێنی تێدەپەڕن. فێری کردین کار تەنها ئامرازێک نییە بۆ ژیان، بەڵکو خودی ژیانە.
لە کۆتاییدا،
مام مەولود تەنها باخەوانی باخچە نەبوو؛ ئەو باخەوانی ناخی مرۆڤ بوو. ئەوەی لە دوای
خۆی جێی هێشت، تەنها دار و گوڵ نەبوون، بەڵکو وانەیەکی گەورە بوو:
«ئەگەر دەتەوێت بمێنیتەوە،
بە جوانی و خزمەتکردن بمێنەوە؛ چونکە ئەوەی بە دڵ دەچێنرێت، هەرگیز نامرێت.»
یاد و یادگاری بەخێر و رۆحی شاد بێت