قالیباف: ژێرخانی وزەی ناوچەکە وێران دەکەین
10:12 - 22/03/2026
زهمهن - ههواڵ
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هۆشدارییەکی توندی بڵاو کردەوە سەبارەت بە ئەگەری هەر
هێرشێک بۆ سەر ژێرخان و وێستگەکانی کارەبای وڵاتەکەی.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی ئاداری 2026، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی
ئێران لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) رایگەیاند، راستەوخۆ
دوای بەئامانجگرتنی وێستگەکانی کارەبا و ژێرخانی ئێران لەلایەن هەر لایەنێکەوە، سەرجەم
ژێرخانە هەستیارەکان و دامەزراوەکانی وزە و نەوت لە سەرتاسەری ناوچەکە بە ئامانجی
رەوا دادەنرێن و هێرشیان دەکرێتە سەر.
روونیشی کردەوە، ئەو دامەزراوە نەوتی و ژێرخانانەی ناوچەکە بە جۆرێک خاپوور
دەکرێن چاککردنەوەیان مەحاڵ بێت، بەم هۆیەوە نرخی نەوت لە جیهاندا بۆ ماوەیەکی زۆر
درێژ بەرز دەبێتەوە.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە کۆتایی پۆستەکەشیدا ئەم ئایەتەی قورئانی بەکار هێناوە
"وألقِ ما في يمينك تَلْقَفْ ما صَنَعوا" بۆ جەختکردنەوە لەسەر وەڵامدانەوەی
توندی تاران بەرانبەر هەر هەنگاوێکی 'دژمنکارانە' بۆ سەر وڵاتەکەی.
ئەمە لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا مۆڵەتی 48 کاتژمێری داوەتە
ئێران بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز.
هەروەها هەڕەشەی ئەوەی کردووە ئەگەر ئەو گەرووە نەکرێتەوە، ئەوا وێستگە گەورەکانی
وزەی ئێران وێران دەکات. لە لایەکی دیکەوە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند،
بەکارهێنانی بۆمبی قورس لەلایەن فڕۆکە ئەمریکییەکانەوە تواناکانی ئێرانی بۆ هەڕەشەکردن
لە گەرووی هورمز لاواز کردووە.
لە 28ی شوباتی رابردوودا، هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان
کردە سەر ئێران، بەمەش گرژییەکان بۆ جەنگێکی گەورەتر سەرکێشییان کرد. بەهۆی ئەم جەنگەوە،
تاران تا رادەیەکی زۆر گەرووی هورمزی داخستووە و ئەمەش کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر
بازاڕی وزەی جیهان داناوە.