مەترسی لافاو هەیە.. شەپۆلەكە سێ رۆژ دەخایەنێت
01:58 - 25/03/2026
زەمەن – هەواڵ
شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە،
کە ماوەی 3 رۆژ دەخایەنێت و لە چەند ناوچەیەک ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە و پێشبینی
دەکرێت لەو ماوەیەدا تا 100 ملم باران ببارێت.
کەشناسی شارەزا ئاراس جەبار، بە زەمەن ی راگەیاند: سبەی پێنج
شەممە ئاسمان بە زۆری هەوری تەواو ئەبێت لەکاتەکانی دوای نیوەرۆوە لە کات و شوێنی
جیاجیادا ئەگەری چالاکبوونی تاوە بارانی مامناوەندی پچر پچر و هەورە بروسکە ئەبێت
بۆ ناوچەکانی باشور و خۆرئاوای گەرمیان و سنوری پارێزگای کەرکوک رێژەی بارانەکە زیاتر
ئەبێت.
باسی لەوەشکردووە: " لەکاتەکانی شەودا بۆ
بەرەبەیانی رۆژی هەینی 27/3/2026 کاریگەری ئەو ناجێگیریە لەسەر ناوچەکانی هەرێمی
کوردستان چالاکتر ئەبێت و لێزمە بارانی پچر پچر تەواوی ناوچەکانمان ئەگرێتەوە و کە
بەشێوەیەکی بەهێزتر بارانەکە کاریگەری لەسەر تەواوی ناوچەکانی سنوری ئیدارەی گەرمیان
و پارێزگای کەرکوک ئەبێت و ئەگەری چالاکبوونی هەورە بروسکەی بەهێز و تەرزە بارین ئەبێت".
لەو رووەشەوە ئەو کەشناسە هۆشداری داوە بە دانیشتوانی هەردوو سنورەکە کە "ئەگەری
دروستبوونی لافاو و بەرزبوونەوەی بەرچاوی ئاستی ئاو لە چەم و دۆڵ رێرەرەوەکانی
ئاودا ئەبێت و پێویستە وریا و ئاگاداربن چوونکە لەماوەی رۆژانی رابردوودا بارانێکی
زۆر باریوە خاک کەمتر ئاو هەڵدەمژێت زۆربەی ئەو بارانانەی کە لەداهاتوودا ئەبارێت
زیاتر ئەبێتە هۆی دروستبوونی لافاو".
سەبارەت بە رۆژی هەینیش ئاماژەی بەوەکردووە: بە
درێژایی کاتەکان کاریگەری ئەم شەپۆلە لەسەرجەم ناوچەکانی هەرێم بەردەوامی ئەبێت بە
بارانی رێژە مامناوەندی پچر پچر و بارینی بەفریش لە لوتکەی شاخە بەرزەکان و
نزمبوونەوەی زیاتری پلەکانی گەرما ، وە لەناوچەکانی سنوری ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای
سلێمانی و هەڵەبجە رێژەی باران زیاتر ئەبارێت بەڕاورد بەناوچەکانی دیکە و هەندێک
کات لێزمە باران ئەبێت".
دەربارەی کەشوهەوای رۆژی شەممە 28-3-2026 ئاراس
جەبار رایگەیاندووە: " کاریگەری شەپۆلی بارانبارینەکە لە ناوچەکانی سنوری پارێزگای
دهۆک و کەرکوک و هەولێر و ئیدارەی گەرمیان لاواز ئەبێت و تەنها نمە بارانی پچر پچر
ئەمێنێتەوە لەهەندێک کات و شوێندا بەڵام لەناوچەکانی رۆژهەڵاتی هەرێم سنوری پارێزگای
سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی راپەرین و سۆران بەتایبەت ناوچە شاخاویەکان بارانی
مامناوەندی پچر پچر لەزۆربەی کاتەکان بەردەوامی ئەبێت ."
بڕی بارانی پێشبینیکراو لەماوەی سێ رۆژی شەپۆلەکە:
سنوری پارێزگای سلێمانی 60 - 100 ملم
سنوری پارێزگای هەڵەبجە 80 - 100 ملم
سنوری پارێزگای کەرکوک 60 - 80 ملم
سنوری ئیدارەی گەرمیان 80 - 120 ملم
سنوری پارێزگای هەولێر 40 - 60 ملم
سنوری پارێزگای دهۆک 40 - 70 ملم
سنوری ئیدارەی سۆران و راپەرین 50 - 80 ملم
ئەو شارەزایەی کەشناسی پێیوایە: "ئەمە کۆتا
شەپۆل نابێت و هەفتەی داهاتووش شەپۆلی نوێی بارانبارین دەستپێدەکاتەوە و بۆ رۆژەکانی
سەرەتای مانگی داهاتووش ئەم سیستەمە باراناوییە بەردەوامی ئەبێت کە تا ئێستاش دیار
نیە کەی بەتەواوی بۆ ماوەیەک کەش جێگیر ئەبێتەوە"