سێ قۆناغەکەی چەنگی ئێران: بەرەو هەڵکشانی زیاتر و ئەگەری بەهێزتربوونی ئێران
12:32 - 31/03/2026
ئامادەكردنی شیكاری: د.نیاز نەجمەدین
جەنگ یاریکردن نییە لەگەڵ منداڵێک و حەز بکەیت بە دڵی ئەو تەواو ببێت. زنجیرەیەک
روداوی نەخوازراو و ترسناکە، دابەزاندنی یەدەگە بۆ ناو یارییەکە و ئەنجامەکان دەگۆڕێن.
دەرکردنی کارتی سوریش بۆ هەندێک یاریزان مەرج نیە ئەنجامەکە بە لای تۆدا بشکێنێتەوە.
پرۆفیسۆر رۆبەرت پەیپ (Robert Pape)، پێشبینیی دەکات
کە لە کۆتاییدا، ئەگەر ئەمریکا نەوەستێت، ئێران دەچێتە ریزی پێنج دەوڵەتە بەهێزەکەی
جیهان. ئەو بەم شێوەیە شیکارییەکانی دەخاتەڕوو:
ئێمە لە قەیرانێکدا دەژین کە تەمەنێکی درێژی هەیە، بەڵام ئەمڕۆ قوڵتر بۆتەوە.
با تەرکیزەکە بخەینە سەر ئێستا. جەنگی ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران بە سێ قۆناغدا تێپەڕیوە
و تێدەپەڕێت. قۆناغێ یەکەم و دووەم بەرەو تەواوبوونە. بەڵام بە ئەگەری لە ٧٥٪، قۆناغی
سێیەمیش دەبینین ئەگەرچی ناوبەناو ئاشتەواییش بگەڕێتەوە. گوێ لە ریتۆرکی میدیایی
ترامپ و شوێنی تر مەگرن. ئەوان ناچار باسی دانوستان و شت بکەن. راستییەکەی ئەمەیە:
هەر بۆمبێک کە دەتەقێنرێت، تەنها بینایەک ناڕوخێنێت، بەڵکو سیاسەت لە لای هەردوو
لایەنەکەوە دەگۆڕێت و دەمانخاتە ناو تەڵەیەکی نوێوە. ئیدی پێت لەم تەڵە دەکەوێتە
ناو ئەو تەڵە.
سێ قۆناغەکە بەم شێوەیە بووە و دەبێت.
لە قۆناغی یەکەمدا، بۆمبارانی فۆردۆ کرا. لە رووی تاکتیکییەوە سەرکەوتوو
بوو. بەڵام لە ستراتیجدا شکستی هێنا. بۆچی؟ چونکە ئامانجەکە لەناوبردنی مەرکەزی
دروستکردنی یۆرانیۆم نەبوو، بەڵکو ئەوە بوو ئێران یۆرانیۆمی نەمێنێ. بەڵام یۆرانیۆمەکە
دەست ئەمریکا نەکەوت. ئێرانیش لە وەڵامدا قەسفی ئیسرائیلی کرد و ٣٠٠٠ ئیسرائیلیان
ناردە نەخۆشخانە.
لە قۆناغی دووەمدا، ئامانجەکە گۆڕینی رژێم بوو تا رژێمی نوێ یۆرانیۆمەکەیان
بخەنە دەست. ئەمەش ئیشی نەکرد. سەرکردەی رژێمەکەیان کوشت و توێژێکیتر هاتن کە تەنانەت
ترسناک تر بوون. چۆن ئەکرێ ئیشەکە بەوە کۆتایی پێبهێنیت کە سەرکردەکان بکوژی کە
نازانیت ئەوەی دێت خراپترە یان باشتر؟ خراپتر بوو چی دەکەیت؟ ئەوان بلۆکێکیان دەرهێنا
بە حساب دیوارەکە بروخێت، بەڵام رژێمی ئێرانیی زۆر لەوە ئاڵۆزترە بەوە بڕوخێت. ئەوان
یەک ملیۆن پاسداریان هەیە و ٢٠٠ هەزاریان تا ئەوپەڕی خۆبەخشن بۆ رژێمەکە.
ئینجا ئەمریکا ئەسڵەن بلۆکێکی هەڵەی لە دیواری سەرکردایەتیی رژێمەکە دەرهێنا.
هات رابەرێکی ئیسلامیی کوشت (خامنەئیی) کە دووجار فەتوای دابوو دروستکردنی ئەتۆم حەرامە
و ئێران نابێ ئەتۆمی هەبێ. فەتوای ئەویش دەقێکی پیرۆزە لای دەسەڵاتدارانی ئێران.
هاتن ئەوەیان کوشت، کەسێک کە تەمەنێکی کەمی مابوو لە ژیاندا و هیچ پاڵنەرێکی نەبوو
بۆ دروستکردنی ئەتۆم و بەکارهێنانی. کوڕەکەی هاتە شوێنی کە زۆر ترسناکە و حساب بۆ
فەتوای باوکیشی ناکات. بەوەشەوە نەوەستان، ٢٠-٣٠ کەسە نزیکەکەی رابەریان کوشت کە زۆر
باشتر بوون لە ٢٠-٣٠ کەسەکەی دەوری موجتەبا. لە دۆخی وادا، سەرۆکی نوێ توندرەوتر دەبێ،
هەرگیز ناتوانێت لەناو خەڵکەکەی و سەربازەکانیدا متمانە بۆ خۆی دروست بکات. هەنگاوی
کوشتنی سەرۆکەکان لە رویی تەکتیکییەوە سەرکەوتوو بوو، بەڵام لە رووی ستراتیجییەوە
نا.
لەم قۆناغەدا، ئێران شەڕەکەی فراوان کرد و تەواوی ناوچەکەی قەسف کرد، واتە
تاکتیکی (هەڵکشانی ئاسۆیی) جەنگەکەی بەکارهێنا. هاتن ناوچەکەیان قەسف کرد تا نادڵنیایی
دروست بکەن، تا کێشە لە نێوان وڵاتانی کەنداو و ئەمریکا دروست بکەن. ئەو وڵاتانە
ئاسان ناچنە ناو جەنگەکەوە، ئەڵێن ئەم کاسبییە بۆ ئیسرائیلە و هیچ سەرکردەیەکی عەرەبیی
نییە بوێرێت شتی وا بکات بەتایبەت کە لە بیریانە ئەنۆر سادات لەسەر ئەو مەسەلەیە
کوژرا. هاوکات ئەم وڵاتانە تازە بەم زووانە نابنەوە شوێنی گەشتیاریی.
لە قۆناغی سێیەمدا، کە مەرج نییە سبەینێ بێت و رەنگە چەند مانگێكی تر دەست
پێ بکات، سەرباز دەنێرین بۆ ئێران (بە ئەگەری لە ٧٥٪ ئەمە روودەدات). ئەمریکا لەشکری
٨٢ ی ئێربۆرن دەنێرێت تا یۆرانیۆمەکە بدۆزێتەوە. ئەم لەشکرە پسپۆڕیی کۆنتڕۆڵی سپەیسن
تا کەشفی ناوچەکە بکەن (مەسەلەن دەوروبەری فۆردۆ). رەنگە چەندین هەفتە بمێننەوە تا
بیدۆزنەوە. لێرەشەوە بەتەمان هەندێک لە بیرە نەوتەکان داگیر بکەن تا پارەش لە ئێران
ببڕن. بەڵام زەحمەتە و زیاتر ئەگەری ئەوە هەیە بە دەستی بەتاڵ بگەڕێنەوە. ئێران
فراوانە و یۆرانیۆم تیادا ئاسان نادۆزرێتەوە.
بەم واتایە، ناردنی هێز تەڵەیەکی ترە و ئەمریکا تێی دەکەوێت. ئێمە هەر جارە
و دەکەوینە ناو تەڵەیەکەوە، تەڵەی هەڵکشانی جەنگ (Escalation
trap). ئیدی لەم تەڵە دەکەوینە ناو ئەو تەڵە.
هەر لە قۆناغی سێیەمدا، حوسییەکان ئەگەری هەیە زۆر بە هێزتر دابەزنە ناو جەنگەکەوە.
خۆ لە خۆرا نییە جارێ دەوریان زۆر گەورە نییە. ئەمە بەشێکە لە یارییەکان و ئامادەکارییەکانی
ئێران. ئەو کاتەش ئەو نەوتەی لە دەریای سورەوە دەڕوات دەکەوێتە مەترسییەوە و ئابوریی
جیهان هێندەی تر دەکەوێتە چاڵی قەیرانەوە.
ئاکامەکانی تر چی دەبن؟
ئێوە سەیری خەڵکی ئاسایی مەکەن، ئەوان سەرقاڵی ژیانی رۆژانەن، خەمی بەرزبونەوەی
نرخی هێلکەیانە. دۆخەکە خراپتر دەبێت بە لای زۆرەوە.
یەکێکیان ئەوە دەبێت کە ئێران توانای هەیە لەناو ئەمریکادا تەقینەوە بکات و
ئەگەری زۆرە بیکات. داعش کە دەوڵەتیش نەبوو، هێندەی ئێرانیش بەهێز نەبوو، دنیایەک
تەقینەوەی لە ئەمریکا دروست کرد. لە بیرمان بێت، داگیرکاریی و بزوتنەوەی تیرۆریستیی
لە یەکتر نابنەوە. حزبوڵا یەک مانگ دوای ئەوە دامەزرا کە ئیسرائیل لە ١٩٨٢دا
لوبنانی داگیر کرد.
خراپتر ئەمەیە: ئێران دەبێتە خاوەنی ئەتۆم، چونکە باشترین رێگەیە بۆ ئەوەی
بە باشیی بەرگریی لە خۆیان بکەن وەک چۆن کۆریای باکور کردی. ئەوان ئێستا توانایان
هەیە ١٠ بۆ ١٦ کڵاوەی ئەتۆمیی بەو یۆرانیۆمەی ئێستا هەیانە، دروست بکەن. یەکێک لەو
ئەتۆمانە بدرێت بە حزبولا، رەنگە حەیفا تەخت بکات.
داخەکە ئەوەیە ئۆباما سەودایەکی زۆر باشی لەبەردەست بوو سەبارەت بە ئەتۆم.
هەموو دەقە و سەعاتێک بە کامێرا چاودێریی گەشەی یۆرانیۆم لە ئێراندا دەکرا. پێش ئەم
جەنگەش، ترامپ سەودایەکی باشتری لەوەی ئۆباما پێگەیشت. بەڵام ناتانیاهۆ تەلەفۆنێکی
بۆ کرد گوایە سەرانی رژێمە دەکوژن و رژێم دەگۆڕن، ئیدی فیلمەکە دەستی پێکرد.
من تەنها باسی رەوتی روداوەکان دەکەم. لە داهاتوی نزیکدا، سیزنی سێیەمی فیلمەکە
پەخش دەکرێت، ئەویش گەڕانە بەدوای یۆرانیۆمەکە. کۆتاییەکەشی ئەوە دەبێت کە ئێران دەبێت
بە پێنجەم وڵاتی بەهێز لە جیهاندا لە کاتێکدا ئێستا لە ریزی ٢٠ دەوڵەتە بەهێزەکەیە.
بۆچی؟ چونکە زۆر زیاتر لە ئەمریکا نەوت بەرهەمدەهێنت (٢٠٪ بە ١٦٪ بۆ ئەمریکا)، کۆنتڕۆڵی
گەروی هورزمی لە دەستە، ساڵی نزیکەی ٧٠ ملیاردێک داهاتی نەوتی دەست دەکەوێت، و وەک
رونیش کرایەوە بە ئەگەری زۆرەوە دەبێتە خاوەنی ئەتۆم.
جا ترامپ منداڵی ناو ئاژاوەیە (A chaos kid) و تەنها لە
ناو ئاژەوەدا گەشە دەکات. بەڵام ئەمجارە جیاوازە و سەری دەخوات ئەگەر رازیی نەبێت
بە نیوە شکستێک و واز لەم شەڕە نەهێنێت. وازهێنان لەم جەنگە و سەودایەکی ماقوڵ ئەگەر
دڵخۆشیشی نەکات، باشترین بژاردەیە لە ئێستادا.
..........
پەیپ پرۆفیسۆرە لە زانکۆی شیکاگۆ و ٣٠-٤٠ ساڵە لە بواری توندوتیژیی سیاسیی
و بواری ئاساییش کار دەکات و وانەی بە باڵادەستەکانی کۆشکی سپیی وتۆتەوە و پرس و
رای پێکراوە. لە دوو چاوپێکەوتنییەوە بۆچونەکانیم وەرگرتووە و لەسەر شێوازی وتار
دامڕشتۆتەوە. یەکێکیان هی دوو هەفتە لەمەوپێشە و یەکێکیان هی ئەم رۆژانەی دوایی. بڕوانە:
https://www.youtube.com/watch?v=bFitK75b9CE&t=107s