ڕاستی.. قوربانیی یەکەمی جەنگە
4/5/2026 12:39:00 PM
چیمەن محەمەد رەشید
جەنگ بریتیە لە ململانێ و ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری لە نێوان دوو وڵات یان زیاتردا، یان لە نێوان کۆمەڵەکان و میلیشیاکاندا، بێگومان بە پێشکەوتنی کۆمەڵگا چەکەکان و شێوازی جەنگ گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە . جەنگ هەمیشە ئاکامەکەی وێرانکارییە لە لایەنی مرۆییدا ژیانی چەندەها کەس لە سەربازی و مەدەنی دەبنە قوربانی و دەبێتە هۆی برینداربوون و کەمئەندامبوونی چەندەها کەسی تر، هەروەها زیانی ئابوریی زۆری دەبێت و ژێرخانی وڵات وێران دەبێت، لە ڕووی دەرونییشەوە جەنگ دۆخێکی دڵەڕاوکێ بۆ خەڵک دروستدەکات و ژیان نائارام دەبێت و پلانەکانی ژیان تێکدەچن . ئەو چەک و توانا و کات و ئابورییەی بۆ جەنگ بەکارهاتووە بۆ ئاوەدانکردنەوە و ژیاندۆستی بەکار بهاتایە ژیان بە جۆرێکی تر دەبوو. هۆکار و بیانوو بۆ هەڵگیرسانی جەنگ بریتین لە سیاسی، ئابوری، ئایدۆلۆجی.
ڕاستی: بە واتای نەبوونی گومان لە ڕوداوێک یان باسێک، ئەوەی لە ڕاستیدا ڕوودەدات و دەگوازرێتەوە بۆ هزر و باسدەکرێت دەبێت لەیەک بچن، پێچەوانەی درۆیە کە ناڕاستیی ڕوداوەکانە و بە شێوازێکی دوور لەوەی هەیە دەیگوازێتەوە.
هەندێک کەسیش بڕوا بە درۆ دەکەن، هەروەک ئەو چیرۆکەی لە ئەفسانەوە وەرگیراوە یان دەدرێتە پاڵ جوبران خەلیل جوبران دەڵێت: درۆ و ڕاستی بەیەکەوە چوونە گەرماو یان هەندێک دەڵێن درۆ فێڵی لە ڕاستی کرد بردیە بیرەوە دوایی درۆ هاتە دەرەوە جلەکانی ڕاستیی لەبەرکرد بەڵام ڕاستی جلی درۆی لەبەرنەکرد و نەیتوانی شتێک بپۆشێت هیی خۆی نەبێت و بە ڕووتی ڕۆیشت، لەبەرئەوە خەڵک درۆیان دەویست و بڕوایان پێدەکرد.
"ڕاستی قوربانیی یەکەمی جەنگە" بۆ شاردنەوەی ڕاستی و پڕوپاگەندەی جەنگ و زانیاریی نادروست بەکارهاتووە، بەڵام قوربانیی یەکەم ژیانی مرۆڤەکانە، ئەم دەستەواژەیە و هەموو دەربڕین و دەستەواژەیەکی تر دەبێت لە خزمەتی مرۆڤایەتیدا بێت. دەستەواژەی "ڕاستی قوربانیی یەکەمی جەنگە" چەندین ساڵە بەکاردێت و بۆ هەموو وڵات و لایەنێکی جەنگ گونجاوە و بە زۆر زمان بەکارهاتووە، لەوانە: بەعەرەبی: الحقيقة هي الضحية الاولى في الحروب، بە ئینگلیزی: In war, truth is the first casualty.
هەندێک بەکارهێنانی ئەم دەستەواژەیە بۆ فەیلەسوف و شانۆنووسی یۆنانی ئەسخیلۆس دەگەڕێننەوە، بەهۆی ئەوەی ئەسخیلۆس (لە ٥٢٤ یان ٥٢٥ ی پێش زاین لەدایک بووە) واتە ئەگەر وا بێت و بەتەواوی ساغبووبێتەوە، ئەوا مێژویەکی دوورە ئەم دەستەواژەیە بەکارهاتووە. هەروەها سیناتۆری ئەمەریکی هیرام جۆنسۆن لە کاتی جەنگی جیهانیی یەکەمدا و لە ساڵی ١٩١٨ بەکاری هێناوە، هەروەها لە ساڵی ١٩٢٨ ئارسەر بۆنسونبی کە سیاسییەکی بەریتانییە و دژی توندوتیژی بووە، کتێبێکی بەناوی (Falsehood in Wartime)، واتە درۆ لە کاتی جەنگدا، دەرکرد، بە وردی باسی شاردنەوە و یاریکردن بە ڕاستییەکان دەکات لە کاتی جەنگدا.
لەجەنگدا ڕاستی بە تەواوی ناوترێت و تەنانەت چەواشە دەکرێت و یاری بە زانیارییەکان دەکرێت، هۆکەشی دەگەڕێندرێتەوە بۆ چەندین هۆکار، وەک: تا کاریگەری لە سەر گیانی مەعنەویی خەڵک چ لە سوپا و کاربەدەستان یان خەڵکی مەدەنی بەجێنەهێڵێت، هەروەها بەهۆی بوونی توندوتیژی لە جەنگەکەدا ئەو پێشێلکارییانەی لە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکاندا ناویان هاتووە و قەدەغەیە، بەڵام لایەنی جەنگەکان پێشێلی دەکەن و بەکاری دەهێنن و دەیشارنەوە، جۆری چەکی بەکارهاتوو، چەندێتیی چەک... هتد. لەهەمووی گرنگتر، زانیارییەکان بەشێکی گرنگی بەرەکانی جەنگن یان ئەو شوێنانەی دەکرێنە ئامانج و کاردەکەنە سەر ڕێڕەو و دۆخی جەنگەکە، بە تایبەت لەم سەردەمەدا بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و کاردانەوەی خێرا بۆ ڕوداوەکان، زانیارییەکان چەکێکی ستراتیجی زۆر بەهێزو کاریگەرن. بێگومان کاتێک باس لە ڕاستی دەکرێت، ئەوا دەبێت هەواڵ و زانیاریی لایەنی بەرامبەر بە گومانەوە سەیربکرێت و بەرپەرچی پڕوپاگەندە بدرێتەوە، هەواڵی لایەنی بەرامبەر لە قۆناغی پێش جەنگ و دوای جەنگیش هەر بەچەواشەکار سەیردەکرێت.
هۆشیاریی گشتی و بەتایبەت هۆشیاریی ڕۆژنامەوانی پێویستن بۆئەوەی لایەنی بەرامبەر نەتوانێت بە چەواشەکردنی زانیارییەکان کار لە ڕا و بۆچوون و هەستی هاونیشتمانیان بکات، هەروەها توانای بەرپەرچدانەوەی پڕوپاگەندە هەبێت و بوار نەدرێت جەنگی دەروونی سەرکەوتووبێت لەو ئامانجانەی مەبەستیەتی.
سەبارەت بە هەواڵەکانی ناوخۆ، لەگەڵ ئەوەی هاوسەنگی لەنێوان ئازادیی ڕا دەربڕین و مافی جەماوەر لە بەدەستهێنانی زانیاری لەگەڵ ئاسایشی نەتەوەیی لە کاتی جەنگدا ئاڵۆزە و وردەکاری و هوشیاریی هەمەلایەنەی دەوێت. بەڵام بۆ پاراستنی بنەمای دیموکراتی کە ئازادی ڕا دەربڕین بنەمایەکی سەرەکیەتی هەروەها بۆئەوەی ماف و ئازادی و بەشداریی خەڵک لە بڕیارداندا بەرجەستە ببێت بە بێ ئەوەی ئاسایشی خەڵک، ئابوری، تەندروستی، سەربازی... هتد نەکەونە مەترسییەوە.
دەبێت هەماهەنگی لە نێوان دامەزراوە ڕۆژنامەوانییەکان و دامەزراوە نیشتمانییەکانی تردا هەبێت بە پشتبەستن بە بنەمای ئیتیکی و لێپرسراویەتی و ئەرک و کاری پڕۆفیشیناڵی و پاراستنی ئاسایشی گشتیی وڵات، بە بێ ئەوەی چەواشەکاریی خەڵک بکرێت ئەرکی گواستنەوەی هەواڵ و زانیاری جێبەجێ بکرێت و کەناڵە سەربەخۆکانیش ڕۆڵ ببینن، هۆشیاریی گشتی هەبێت و بەردەوام پەیوەندی لەگەڵ جەماوەردا هەبێت، قەبارەی هەواڵەکان وەک خۆی وەربگیرێت، هەروەها بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە برەوی پێبدرێت.