22 کوردستان

ئەم ئێوارەیە وەفدێک بۆ مووچە دەگاتە بەغداد

01:17 - 05/04/2026

زەمەن_هەواڵ

 

وەفدێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر مووچە و داهاتی نانەوتی و جەند تەوەرێکی دیکە، ئێوارەی ئەمڕۆ سەردانی بەغداد دەکات.

 ئەمڕۆ یەکشەممە، ٥ی نیسانی ٢٠٢٦، بڕیارە وەفدێکی حکومەتی هەرێم، بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێک سەردانی بەغداد بکات، کە گرنگترینیان پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمە.

بەپێی زانیارییەکان، ئەندامانی وەفدەکە پێکهاتوون لە (ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، خالید هادی چاوشلی، سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی و کەمال ڕەئوف، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ)؛ لەگەڵ ئەمانیشدا، چەند ڕاوێژکارێکی دارایی و ژمێریاری و فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە بەغداد، لە کۆبوونەوەکاندا بەشداردەبن.

بڕیارە ڕۆژی دووشەممە، دەست بە کۆبوونەوەکانیان بکەن و لەگەڵ هەریەکە لە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، کۆببنەوە.

بەپێی زانیاریی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەغداد، ئامانجی سەرەکیی کۆبوونەوەکان، پرسی مووچەی مانگی ئازار و یەکلاکردنەوەی داهاتە نانەوتییەکانە؛ هاوکات بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکان، تایبەت دەبێت بە پرسی گومرگ و بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی گومرگی عێراق کۆدەبێتەوە و لەبارەی جێبەجێکردنی سیستمی "ئەسیکۆدا"، گفتوگۆ دەکەن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن