تا ئەمرۆ ٦٥٠ موشەک و درۆن بە هەرێمی کوردستانەوە نراوە
12:55 - 05/04/2026
زەمەن_هەواڵ
لەگەڵ دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە ٢٨ـی شوباتەوە، هەرێمی کوردستان بە ٦٥٠ درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەری.
بەپیی زانیارییەکان تەنها لەماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، بە ١٢ درۆن هێرش کراوەتەسەر هەرێمی کوردستان؛ نۆ دانەیان بۆسەر هەولێر و کۆیە بوون و سێ دانەکەی دیکەش بۆسەر سلێمانی.
ئاماری هێرشەکان بە گوێرەی پارێزگاکان لە دەسپێکی شەڕەکەوە هەتا ئەمڕۆ ٥ی نیسانی ٢٠٢٦؛
- پارێزگای هەولێر: ٥١٦ درۆن و مووشەک
- پارێزگای سلێمانی: ١٠٧ درۆن و مووشەک
- پارێزگای دهۆک: ٢٥ درۆن و مووشەک
- پارێزگای هەڵەبجە: دوو درۆن
بەگوێرەی ئامارەکان، لە ئەنجامی هێرشەکان لە ٢٨ی شوباتەوە، ١٤ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٩٣ کەسیش بریندار بوون.
ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، شەشیان پێشمەرگەی فەرماندەیی دەڤەری یەک بوون لە سنووری خەلیفان لە پارێزگای هەولێر شەهید بوون.
هەروەها کارمەندێکی ئاسایش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر شەهید بوو، شەشیان پێشمەرگەی سێ حیزبی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون کە دووانیان لە هەولێر و دووانیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و دووانەکەی دیکەش لە سنووری باشیک لە دەشتی نەینەوا شەهید بوون، هەروەها ١٢ـی ئادار سەربازێکی فەرەنسا لە هەولێر گیانی لەدەستدا.