ڤیستیڤاڵی شه‌ریڤ پاشای خه‌ندان له ئیتالیا و ڕونکردنه‌وه‌یه‌ک
3/22/2026 9:58:00 PM
هیوا ناسیح
له ڕێکه‌وتی
١٩/٣/٢٠٢٦ ڤیستیڤاڵی باوکی دیپلۆماسییه‌تی کورد ژه‌نه‌راڵ شه‌ریف پاشای خه‌ندان له
شاری که‌ته‌زارۆی ئیتالیا، ئه‌و شاره‌ی که ناوبراو دوارۆژه‌کانی ژیانی تێدا به‌سه‌ر
بردوه و کۆچی دوایی کردوه و نێژراوه، ساز کرا، که له چوارچێوه‌ی حه‌ڤده‌هه‌مین
ڤیستیڤاڵی به‌درخان ئه‌نجام ده‌درێت و چه‌ند رۆژێک ده‌خایه‌نێت.
ڤیستیڤاڵه‌که له‌لایه‌ن پارێزگاری سلێمانی و چه‌ند رێکخراوێکی
ناحکومییه‌وه باربوو کراوه، کۆمه‌ڵێک که‌سایه‌تی نوسه‌ر و رۆشه‌نبیر له ناوه‌وه
و ده‌ره‌وه‌ی کوردستان به‌شدارن تێیدا، من یه‌کێکم له داوه‌تکراوان، که به
سوپاسه‌وه له به‌رنامه‌که‌یدا هه‌م کاتی وتارم بۆ دیاریکراوه و هه‌میش له‌گه‌ڵ
به‌ڕێز کاک عومه‌ری شێخ موس و چه‌ند که‌سێکی تردا له پانێڵێک به‌شداری ده‌که‌م.
به‌داخه‌وه له‌به‌ر بێکاتی و پڕ کاری، نه‌متوانی به‌شداریی بکه‌م.
پێش چه‌ند مانگێکیش هه‌ندێک کێشه له نێوان ڕێکخراوی به‌درخان و ڕێکخراوێکی تر به‌ناوی
فیدراسیۆنی جیهانیی کورد ڕویدا، که هه‌ردوکیان کاریان بۆی ده‌کرد، ئه‌مه منی هه‌ندێک
دڵته‌نگ کرد، هه‌رچه‌ند هه‌وڵم دا که پێکه‌وه کاری بۆبکه‌ن و سازی بکه‌ن، به‌داخه‌وه
به گوێمیان نه‌کرد.
لێره‌دا جێی خۆیه‌تی قسه‌یه‌ک بۆ مێژوو بکه‌م، ساڵی ٢٠٢٣ ماڵی به‌رێز
کاک د. جاسم خۆشناو به خێزانی له ئیتالیاوه هاتنه سویسرا و سه‌ردانیان کردین وه
بۆ چه‌ند رۆژێک گه‌وره‌یان کردین، له نێو قسه‌وباسه‌کاندا به‌رێزی، که نزیکه‌ی
نیو سه‌ده‌یه له ئیتالیا ده‌ژی، باسی له دۆزینه‌وه‌ی گۆڕی شه‌ریف پاشای کرد له
لایه‌ن به‌رێزییه‌وه، پێکه‌وه باسمان له فه‌رامۆشکراوی ئه‌و که‌سایه‌تییه
دیپلۆماسییه گرنگه‌ی نێو مێژوومان کرد، که پێش زیاتر له سه‌د ساڵ سه‌رۆکایه‌تی
وه‌فدی کوردی هه‌رچوار پارچه‌ی کوردستانی کردوه له کۆنفرانسی ئاشتی پاریس ١٩١٩،
هه‌ر له‌وێشدا بۆ یه‌که‌مجار له مێژوودا، نه‌خشه‌ی کوردستانی گه‌وره‌ی خستۆته سه‌ر
مێز و پێش چاوی نوێنه‌رانی ده‌وڵه‌ته گه‌وره‌کانی جیهان. به هه‌وڵ و کۆششی ناوبراو خاڵه‌کانی ٦٢ ٦٣
و ٦٤ له نێو په‌یماننامه‌ی سیڤه‌ردا جێگیرکرا، که گه‌ر په‌یماننامه‌ی لۆزانی به‌فیتی
تورکان به‌سه‌ر نه‌هاتبایه، به‌شێکی زۆری مافه‌کانی کوردی ده‌هاتنه دی.
ئیتر لێره‌وه بیرۆکه‌یه‌کم بۆ هات و دوای چه‌ند مانگێک له گفتوگۆیه‌کی
ته‌له‌فونیدا له گه‌ڵ د. جاسم پێشنیازی نوسینی پرۆژیه‌کم کرد بۆ زیندوکردنه‌وه‌ی
ئه‌و که‌سایه‌تییه گرنگه. به‌رێزی به‌خۆشحاڵییه‌وه ڕازی بوو، منیش نوسیمه‌وه,
که شه‌ش لاپه‌ڕه بوو وه ناردم بۆی، پاش هه‌ندێک ده‌ستکاری، به‌رێزی ئیمزای خسته‌سه‌ر
واته بووه خاوه‌نی پڕۆژه‌که، که مافی خۆیه‌تی.
ساڵی دواتر واته هاوینی ٢٠٢٤ به‌سه‌فه‌رێکی تایبه‌تی ده‌گه‌ڕامه‌وه
باشوری کوردستان، پێشنیازم بۆ به‌رێزی کرد، گه‌ر ڕازی بێت، به نوێنه‌رایه‌تی ئه‌و
و سه‌رخستنی پرۆژه‌که، سه‌ردانی که‌سایه‌تی و رێکخراوه ناحکومیی و مه‌ده‌نییه‌کان
بکه‌م و کۆپی پڕۆژه‌که‌یان بده‌مێ، ئه‌وه بوو به خۆشحاڵییه‌وه په‌سه‌ندی کرد.
به‌ڕازی بوونی د. جاسم ئه‌م چه‌ند دێڕه‌مان له په‌راوێزدا وه‌ک تێبینی نوسی:
((+ ئاماده‌کردنی
ئه‌م پڕۆژه‌یه له لایه‌ن کاک هیوا ناسیح، دانیشتوی سویسرا.
+ کاک هیوا
ناسیح سه‌رپشکه له پێدانی کۆپی ئەو پڕۆژه‌یە به کەسایەتی و ناوەندە ئەکادیمیەکان،
دەزگا حکومی و لایەنە خەمخۆرەکانی مێژووی کورد و کوردستان کە خۆی بە پەسەندی
دەزانێ.))
ئیتر له مانگی هه‌شتی ئه‌و ساڵه‌دا به هاوڕێیه‌تی د. شێرکۆ حه‌مه‌ده‌مین،
مامۆستای زانکۆ و په‌رله‌مانتاری پێشووی کوردستان، سه‌ردانی زۆر شوێنمان کرد، له‌وانه،
به‌رێز پارێزگاری سلێمانی، بنکه‌ی ژین، دامه‌زراوه‌ی مارگریت و سه‌رۆکه‌که‌ی د. ته‌ها
ڕه‌سوڵ، سه‌نته‌ری دۆکیۆمێنتاریی سه‌ر به زانکۆی سلێمانی و د. هه‌ردی مه‌هدی، و
د. یاسین سه‌رۆکی سه‌نته‌ری ڕۆشه‌نبیریی و هونه‌ری زانکۆی سلێمانی و چه‌ندان شوێنی
تر. له پرۆژه‌که‌دا چه‌ندان خاڵ وه‌ک پێشنیاز نوسرابوون،بۆ نمونه: سازکردنی
ڤیستیڤاڵێک له شارۆچکه‌ی که‌ته‌زارۆ/ ئیتالیا، دروستکردنی و دانانی په‌یکه‌ر بۆی،
ناونانی هۆڵی گشتی به ناویه‌وه، چاپکردنی کتێب به‌زمانه جۆراوجۆره‌کان له‌سه‌ر
ناوبراو، کردنه‌وه‌ی کۆلیجێک یان په‌یمانگایه‌کی دیپلۆماسیی له کوردستان به‌ناویه‌وه،
دروستکردنی مێدالیایه‌ک به‌وێنه و ناوی ناوبراو و به‌خشینی ساڵانه به‌و که‌سایه‌تییه
کوردی و بیانییانه‌ی خزمه‌تیان به‌کێشه‌ی کورد کردوه له ڕووی دیپلۆماسییه‌وه...
هتد.
دیاره کۆپی پڕۆژه‌که‌ش لای من و به‌رێز د. جاسم ماوه، گه‌ر پێویست بکات،
ده‌کرێت پاش ڕازیبوونی د. جاسم بڵاویبکه‌ینه‌وه.
سوپاس بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی هاوکار بوون و به‌ڵێنی خۆیان برده سه‌ر،
وه‌ک د. هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کر، که هۆڵێکی گه‌وره و شایسته‌ی له نێو باڵه‌خانه‌ی
پارێزگای سلێمانیدا به ناو کرد، هه‌روها د. ته‌ها ڕه‌سوڵ، که تێچووی په‌یکه‌ری
ناوبراوی خسته ئه‌ستۆی خۆی، وه هه‌موو ئه‌و لایه‌ن و که‌سایه‌تییانه‌ی تر، که
به چاپکردنی کتێب، کۆمه‌کی مادیی رێکخستنی ڤیستیڤاڵه‌که، که به‌شدار نه‌بووم و
بێ ئاگام لێی، وه ئه‌و که‌سانه‌ی له ئاماده‌سازیی و هه‌ر کارێکی تردا به‌شدار
بوونه. بۆ مێژوو ده‌ڵێم، که بێ ماندووبوون و کۆشش و کاری بێ سنوری د. جاسم
خۆشناو ئه‌م ڤیستیڤاڵه ئه‌سته‌م بوو ئه‌نجام بدرێت.
دوا قسه‌م ئه‌وه‌یه، که زۆر دڵم خۆشه و خه‌ونێکم هاته‌دی، هه‌رچه‌ند
من له‌گه‌ڵ جۆری سازکردن و کات و شێوازه‌که‌یدا نه‌بووم، که په‌له‌په‌ل و ناکامڵی
پێوه دیاره، به‌ڵام ئه‌نجامدانی ڤیستیڤاڵه‌که و زیندوکردنه‌وه‌ی پێشه‌نگی
دیپلۆماسییه‌تی کوردی ژه‌نه‌راڵ شه‌ریف پاشای خه‌ندان له ڕا و بۆچوونی من و هه‌موو
ئه‌و ورده‌کارییانه گرنگتره.