ئیمپراتۆری عاقڵ ئیمانداری سادیست!
3/17/2026 1:33:00 PM
بابەكر دڕەیی
جەنگی جیهانی دووەم ئەزمونی قورسی فێری توخمی مرۆڤ کرد، ئەم جەنگە، سەرباری قوربانیە ملیۆنیەکانی، توخمی بنیادەمی لە زۆر شتدا چەند هەنگاوێک بردە پێشەوە.
یەکێک لە وانە هەرە گرنگەکانی جەنگی جیهانی دوەم ئەوەیە: مرۆڤە سیاسیەکان ( چ وەک تاک یاخو وەک گروپ) بۆیان نیە گرفت و ناکۆکی و ململانێ سیاسیەکان وەک مەسەلەیەکی « شەخسی» وەربگرن و ئاویتەیان بکەن لەگەل بەها ئاینی و کلتوری و میژوییەکانی خۆیان؛ رەفتاری پێچەوانەی ئەم پرەنسیپە زیانی ترسناک و قەربونەکراو بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
نمونەی مێژویی و بەرچاوی تیگەیشتن لەم وانەو پرەنسیپە، رەفتاری ئیمپراتۆری ژاپۆنە دوای بۆردومانی شارەکانی هیرۆشیماو ناکازاکێ.
ئیمپراتۆری عاقڵ ی ژاپۆن مەسەلەکەی لە ئاستی شەخسیدا وەرنەگرت. ئەو ، گەر بە قسەی فەرماندە نەفام و توندڕەوەکانی وەک ژەنراڵ ئۆمیزۆ و ئەدمیرال تۆیۆدا بکردایە و بکەوتایەتە عینادی و کەللەشەقی و « تا دوا هەناسەو دڵۆپی خوێن» لەگەل ئەمریکا و سۆڤیەت شەڕی بکردایە، تا ئەم سەردەمەش ژاپۆن وەک ئەفغانستان دەمایەوەو نەیدەتوانی لە ژير باری ئەو بڕیارە هەڵەیەدا پشت راستبکاتەوە.
کاتێک ئیمپراتۆری ژاپۆن هەستی کرد شەڕ بیهودەیەو ئەمریکاو هاوپەیمانان بەهێزترن و بەکوشتدانی میللەت جگە لە زیان بەرهەمێکی تری نیە، ئامادەیی نیشاندا بۆ ئیمزاکردنی بەڵگەنامەی تەسلیمبون و وەستاندنی شەڕ...
واتە بابەتی شەڕ و ململانێی لە نێوان ئەمریکاو ژاپۆندا وەک «مەسەلەیەکی شەخسی» کە پەیوەست بێت بە «کەرامەت» و ئابڕوی ئیمپراتۆریەوە وەرنەگرت: بە توندی و قایمی بەرامبەر فەرماندە سەربازیەکان وەستایەوەو دوای چەن ساڵیک ژاپۆن هەستایەوەو بوە ئەو وڵاتەی دۆست و دوژمن ناچارن بەڕێزەوە سەیری بکەن.
نوخبەی دەسەلاتدار و « ئیماندار» انی ئێران، ڕێک پێچەوانەی نوخبەو ئیمپراتۆری ژاپۆن رەفتاریان کرد و لەسەر هەمان رێچکەش بەردەوامن.
ئیمپراتۆری ئێران تا ئاستی خۆبەکوشتدان و خۆکردنەقوربانی (؟) ڕۆیشت، گروپی خوارتر بە هەمان میتۆد ئامادەن یەک بەیەک بچنە بەر شمشێری ناحەزەکانیان و شەربەتی شەهادەت نۆش بکەن، بۆچی؟ چونکە ڕابەرو نوخبەی دەسەلاتداری ئێرانی دەرسیان لەو پرەنسیپە هەرە سادەیەی دنیای سیاسەت وەرنەگرتوە کە لە ململانێ و ناکۆکی سیاسیدا نابێت مەسەلەکان بەشەخسی وەربگێرێن چونکە لە حەقیقەت و جەوهەردا مەسەلەکان شەخسی نین بەلکو فراوانترن و رەهەندی ئیجگار جیهانی و ناوچەیی و ناوخۆییان هەیە. ( جیهانی: وزەو نەوت ؛ ناوچەیی: ئاسایشی ئیسرائیل و ولاتانی کەنداو؛ ناوخۆیی: مافی مرۆڤ و ئازادی و دیموکراسی).
ئێران بۆ کۆی مرۆڤایەتی بایەخ و قورسایی کاریگەری هەیە. ئێرانێکی دیموکرات و سنعەتی و پێشکەوتو دەتوانێت ژیانی سەدان ملیۆن ئینسانی سەر گۆی زەوی بەرەو خۆشی و خۆشگوزەرانی ببات، مانەوەی ئیران لە ژێر سایەی کۆمەڵێک ئیمانداری بێباک و گەمژەدا کە سادەترین پرەنسیپی کاری سیاسیان بیرخۆیان بردۆتەوە، جگە لە کارەسات و تراژیدی هیچی تری لێ چاوەروان ناکرێت.
ئیماندارانی دەسەڵات لە ئێران گروپێکی خۆپەرست و سادیست و نەخۆشن کە گیان و سامانی ملیۆنان مرۆڤی ئیرانی لە ئیستەو داهاتودا بەهەند وەرناگرن، ئەگەر پرسیاریان لێبکرێت : گەر ئێوە پێتان وایە نوێنەری میللەتن و خۆشەویستی هاوڵاتیانی ئێرانن بۆچی لە مانگی جەنیوەریدا پەنجا هەزار کەستان لە نارازیەکان کوشت و سەد هەزارتان بریندارکرد بیگومان، جگە لە پاساوی مەزهەبی و پوچ، وەڵامێکیان پێ نیە.
دەسەڵاتدارانی ئێران لە ئاقاری پێچەوانەی عەقڵانیەت و مێژودا راوەستاون: ئەوان خەلکی ئیران و ئایندەی گەلانی ئیران و پێشکەوتنی سەنعەت و تەکنەلۆژی ئیرانیان ناوێت، ئەوان خوازیاری « شەڕ شەڕ تا سەرکەوتن» ن کە دروشمێکی دینی پوچ و بەتاڵەو گەلانی ئیرانی بۆ دەیەها ساڵ لە پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی و شادمانی وەدواخستوە.
