لە سیاسەتیشدا بەردەوام قابیلێک هەیە
3/18/2026 2:07:00 PM
فازڵ میرانی
وەرگێرانی سەردار پێنجوێنی.
چاوەڕوان نەکراوە نموونەی قابیل و هابیل لە سیاسەتدا
ئامادەیی نەبێت، چونکە ژیانی سیاسی پڕە لە هەمەجۆریی ڕەفتار و جیاوازیی تێگەیشتن و
هەڵسەنگاندن. هەرچەندە وا بڕیارە سیاسەت لەو کەمکوڕیانەی کە تووشی لایەنەکانی تری
ژیان دەبن بەدوور و باڵاتر بێت، بەڵام ئەوانەی پەرۆشی ئەو پاککردنەوەیەن، بە درێژایی
مێژووی سیاسەت و گەشەسەندنەکەی، ژمارەیان کەمە.
ناوی قابیل و هابیل بە ڕاشکاوی تەنها لە پەیمانی
کۆن و نوێدا (تەورات و ئینجیل) هاتووە، بەڵام قورئانی پیرۆز تەنها بە گێڕانەوەی چیرۆکەکەیان،
بەبێ ناوهێنان، پەسەندەی کردووە، وەک کۆنترین تاوانبار و قوربانی لە مێژووی پەیامە
ئاسمانییەکاندا. هەموو توخمەکانی خراپە لە بکوژەکەدا کۆببوونەوە، و هەموو لێبوردەییەکیش
لە قوربانییەکەدا؛ سەبارەت بە پاڵنەرەکانی کوشتنەکەش، ناڕەزایەتیی تاوانبارەکە بوو
بەرامبەر بە ویستی ئاسمان، کە لە کردەوەی قوربانییەکە ڕازی بوو و هەوڵی تاوانبارەکەی
ڕەتکردەوە، چونکە ئەو، بە پێچەوانەی براکەیەوە، بەدوای ڕەزامەندی خودا نەدەگەڕا.
وانەیەک لەو کارەدا هەیە؛ قوربانییەکە کاریگەر
بووە بە پەروەردەی حەزەرتی ئادەم، بۆیە بڕیاری دا دەسپێشخەری نەکات لە وەڵامدانەوەی
دوژمنایەتی و هەڕەشەی براکەی، بەڵکو بەردەوام سەرەنجامی ئەو کارەی بە بیر براکەی دەهێنایەوە.
هەرچەندە هەردووکیان برابوون، بەڵام زانینی خودا بۆ ئادەم کاریگەرییان لەسەر بکوژەکە
نەبوو تا پێش تاوانەکە ڕێگری لێ بکەن، چونکە ئیمان هەڵبژاردنە، نەک میرات و ناچاری.
هاوشێوەکانی قابیل لە قۆناغ و دەورە جیاوازەکانی
ژیاندا زۆرن، تاوانەکەش دووبارە بووەتەوە و هێشتا هەمان ئەنجامی هەیە؛ دووبارەبوونەوەی
نموونەی ئەو مرۆڤەی کە هەڵیدەبژێرێت باری گوناه هەڵبگرێت.
ئەگەرچی بارودۆخی کوشتن لەو تاوانەدا لە سەرەتاکانی
تەمەنی مرۆڤایەتیدا بوو، بەڵام ئەوە ڕێگری لە برای کوژراو نەکرد کە ئیمانی خۆی
بکاتە ڕەفتار. ئەی چۆن ئێستا، کە ئەزموونەکانی مرۆڤایەتی کەڵەکە بوون و هۆشداری دەدەن
لە دووبارەنەکردنەوەی تاوان، و شەریعەتە ئاسمانییەکانیش هۆشدارییان داوە لە زەرەرمەندبوونی
ئەوانەی وەک قابیلن، بۆ ئەوەی بەڵگە لەسەر خەڵک تەواو بێت؟
لە سیاسەتدا، هیچ دەربازبوونێکی ئەخلاقی و هیچ
ئیجتیهادێکی قبوڵکراو نییە کە ڕێگە بدات کارەکتەری سیاسی ببێتە «قابیل»ێکی تر.
چونکە کوشتن بەبێ ماف، جا کوشتنی فیزیکی بێت یان مەعنەوی، یان وەهمی کوشتن (وەک ئەوەی
قوربانییەکە وا هەست بکات گیانی لەدەست دەدات)، و هەموو ئەو کارانەی دەبنە هۆی لەدەستدانی
مافەکان، تەنها شێواز و مانایەکن لە ماناکانی کوشتنی بەناهەق.
مرۆڤایەتی و، لە نێویشیاندا، گەل و وڵاتی ئێمە
لە کوردستان، ڕووبەڕووی هاوشێوەکانی قابیل بوونەتەوە، کە بە پاڵنەری نزم و چەپەڵ مەبەستیان
کوشتنی ئێمە بووە و هیچ ڕێگرێک نەبووەتە بەربەست لەبەردەم دەورە خراپەکەیان. ئەوان
سەدان هەزار کەسیان لە ئێمە لە ژیان بێبەش کرد، مافەکانیان زەوت کردین و سیاسەتی
ترساندن و توقاندنیان پەیڕەو کرد.
قابیلی سیاسی تەنها لە هەمان ئەنجامدا، کە هەڵگرتنی
خوێنی قوربانییەکانیەتی، لەگەڵ بکوژە یەکەمەکەدا هاوبەشە، ئەگەرچی لە ناو و شێوەدا
جیاواز بێت. ئەگەر قابیل تەنها یەک مرۆڤی بێتاوانی کوشتبێت، ئەوا قابیلی سیاسەت هەزاران
مرۆڤی بێتاوانی کوشتووە و مافەکانی دزیون، و تەنانەت خاوەنی ویژدانی بکوژە یەکەمەکەش
نییە کە دانی بە تاوانەکەیدا نا.