6وتار

خەونی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست :

3/23/2026 12:55:00 PM
د. محەمەد شوانی


ئەمە رەشبینی نیەو پەیوەندی بە باری دەرونی و رەوشی ئابوری و کۆمەلایەتی خۆمەوە نیە، بەڵکو بە وردبوونەوە لە مێژووی ناوچەکەو چۆنیەتی پێکهاتەی قەوارەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و سروشتی هێزە ململانێکەرەکاندا، دەتوانین بلێین ، بە لایەنی کەمەوە تا سەد ساڵی دیکە خەونی ئارامی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست نایەتەدی ،ئاشتی خەونەو تەنیا دە ساڵ تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەراست ئارام و جێگیر نابێت ، بە پێچەوانەوە شەڕ لە نێوان دوو یان سێ قەوارەی ناوچەکە یان لە نێوان پێکهاتەکانی خودی یەک قەواەری ناوچەکە بەردەوام دەبێت .

لە ماوەی (١١٠)سەد و دە ساڵی رابردوودا ، یەک رۆژ ئەم رۆژهەلاتی ناوەراستە ئارام نەبووە، هیچ بیست وچوار کاتژمێرێک نەبووە ،یەک تەقەی لێ نەکرێ و کەسێک نەکوژرێت ..

هیچ هەفتەیەک نەبووە  فرۆکە شوێنێک بۆردومان نەکا ، یان گروپێک پەلاماری گروپێک نەدا ..

هیچ مانگێک نەبووە، چەند بارهەڵگرێک چەک و تەقەمەنی لە ئەمریکا يان ئەوروپا يان رووسیاوە نەگاتە رۆژهەڵاتی ناوەراست ..

هیچ سالێک نەبووە سەرکردەکانی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست لێدوان دژی یەکتری یان خۆئامادەکردن دژی یەکتری یان پەلاماری یەکتری یان هێرش بۆ سەر هەندێگ لە پێکهاتەکانی خۆیان نەبەن و سەرکوت یان جیتۆسایدیان نەکەن..

هیچ دە ساڵێک نەبووە کودەتای سەربازی یان زەبروزەنگ  بەکار نەهاتێت بۆ گۆرینی دەسەڵات لە یەکێک لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا ..

ئەم پنتە جوگرافیەی رۆژئاوای ئاسیا و باکوری ئەفریقیا کە بە رۆژهەڵاتی ناوەراست ناسراوە پڕ کێشەترین ناوچەی سەر گۆی زەوی بووە لە ماوەی زیاتر لە سەد ساڵی رابردوودا ، کە کێشەکانی بە چارەسەر نەکراوی ماوەتەوە.

شەڕی جیهانی یەکەم و شۆڕشەکەی شێخ مەحمود و رووبەرووبوونەوەی ئینگلیزەکان و سمکۆی شکاک و شێخ سەعیدی پیران نزیکەی دوو دەیەی خایاند ، دوواتر راپەرینی بارزانیەکان و خۆپیشاندانی بەردەرکی سەرای سلێمانی و شۆرشی سەید رەزای دەرسیمی لە باکور و دەستپێکردنی جەنگی جیهانی دووەم لە سیەکاندا، کودەتای رەشید عالی گەیلانی و راگەیاندنی کۆماری کوردستان و وەتبەی کانونی بەغداو شەڕی عەرەب ئیسرائیل  لە چلەکان و کودەتا سەربازیەکانی میسرو سوریا و عێراق و ئێران لە پەنجاکان و دەستپێکردنی شۆڕشی ئەیلول و کودەتا یەک لە دووای یەکەکانی عیراق و سوریا و بەردەوامی کیشەی فەلەستین و هێرشەکانی وڵاتانی عەربی لە شەستەکان و شەڕی ناوخۆی لوبنان و یەمەن و عێراق و ئێران لە حەفتاکان و شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق ئێران و شەڕی کورد لەگەڵ داگیرکەرانی عێراق و ئێران و تورکیا لە هەشتاکان و داگیرکردنی کوەیت و شەڕی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی عیراق و کۆڕەوی کورد و بەردەوامی شەڕی کورد و تورکیا و ئیسرائیل و باشوری لوبنان لە نەوەدەکان و هێڕشی ئەمریکا بۆ سەر عیراق و رووخاندنی دەسەلاتی سەدام و شەڕی ناوخۆ لە ناوەراست و باشوری عێراق لەسەرەتای هەزاری سێیەم ،  بەهاری وڵاتانی عەرەبی و رووخانی دەسەڵات و حکومەتەکانی میسرو لیبیا و یەمەن و بەردەوامی شەڕی ناوخۆ لە نێوان گروپە پێکهێنەرەکانی ئەم وڵاتانەو سەرهەڵدانی گروپی توندرەوی وەکو داعش لە دەیەی دووەمی هەزارەی سێیەم ،  ئیستاش لە بیستەکانی ئەم سەدەیەدا لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنۆلۆژی سەربازی و پەیدابوونی درۆن و هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر نەیارەکانیان لە لوبنان و سوریا و عیراق و ئیران بەردەوامی هەیە و سەختە ئاکام و کۆتاییەکانی پیشبینی بکرێت و ئومێدی راوەستانی لێ ناکرێت ..

لە خوێندنەوەو وردبوونەوە لەم پانۆرامایەی شەڕ و پێکدادانەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا ، دەبینین کۆڵکەی هاوبەش بریتیە لە پرسی کورد (واتە شەڕی کورد دژی داگیرکەرانی کوردستان) و کێشەی عەرەب ئیسرائیل و توندرەوی دینی و مەزهەبی و نەتەوەیی لە م ناوچەیەدا ، بە دڵنیاییەوە ئاسۆی چارەسەری هیچ یەکێک لەم کێشانەش روون نیەو ئومێدی چارەسەری نزیکیان لێ ناکرێت .

نا ئارامی و هۆکارەکان و شوێنەوارەکانی جەنگ  لەم ناوچەیە لە ماوەی زیاتر لە سەد ساڵدا، شایانی لەسەر راوەستان و بیرکردنەوەو توێژینەوە  لەسەر کردنە ، بە تایبەت ئەوەی پەیوەندی بە ئەقڵیەت و جیهانبینی خەڵکی ناوچەکەوە هەیە ، بۆ ئەوەی لە هۆکارە راستەقینەکانی ئەم شەڕە درێژخایەنە تێبگەین ،کە  هێشتا کۆتا شەڕ کە شەڕی ئیسرائیل و ئەمریکایە دژی ئێران کۆتایی نەهاتووە، نەک هەر  بەم نزیکانەش کۆتایی نایەت و ئەگەری بەردەوامی هەیە ، بەڵکو ئەگەری زنجیرەیەک شەڕی دیکە لە نێوان پێکهاتەکان یان لە نێزان رەوت و باڵ و حیزبە سیاسەیەکانی هەر پێکهاتەیەک لە دووای ئەم شەڕە زۆر بەهێزە .

جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا هەمیشە بووەتە مایەی وێرانبوونی ژێرخانی ئابووری و سیمای شارستانی ناوچەکەو گیان لە دەستدانی ملیۆنان خەڵک و بێ بەشبوون لە تاموچێژی ژیان بە گشتی .

ئەوروپا لە دووای جەنگی جیهانی دووەمەوە ، ژیرانە مامەڵەی لەگەڵ جیاوازیەکانیدا کردو جگە لە شەری ناوخۆیی یۆنان و بزوتنەوە چەکداریەکەی ئێرلەندای باکوور  ، هەتا هەڵوەشانەوەی یەکێتی سوفیەت  و ئازادبوونی بەشە رۆژهەڵاتەکەی ئەوروپا وجیابوونەوەی وڵاتانی بەڵکان ،کە ئەویش تا رادەیەک لە ماوەیەکی کەمدا چارەسەر کرا ،ئیتر ئەوروپا ئارام بووە، جێگای ئەوە بووە چاوی لێ بکرێت ، پەناگەیەکیش بووە بۆ پەناهەندەو کۆچبەران ، بە پێچەوانەوە رۆژهەڵاتی ناوەراست لە جەنگی جیهانی یەکەمەوە ،ساڵ لە دووای ساڵ شەڕەکانی توندتر و زیانەکان زیاترو وێرانیەکان  کاریگەرتر بوون . 

هۆکارەکانی جەنگی جیهانی یەکەم چیی بوون؟ دوواتر ،راگەیاندنی شەڕ دژی دەوڵەتی عوسمانی و لەشکرکێشی بەریتانیا و فەرەنسا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەراست بە پاساوی چیی بوو؟  دروستکردنی دەیان دەوڵەت و میرنشین و شێخنشینی بچوک  لە ژێر ئینتدابی براوەکانی جەنگدا بە مەبەستی چیی بوو؟ بۆچیی نەتەوەی کورد بێ دەوڵەت مایەوەو دابەشکرا بەسەر قەوارە بچوکە دروستکراوەکانی ناوچەکەدا؟ لە کاتێکدا کورد بە ژمارە و بە رووبەری خاکیش لە زۆربەی ئەو قەوارە دروستکراوانە زیاتر و فراوانتر بوو!
دووای شەڕی جیهانی یەکەم و هەڵوەشانەوەی دەوڵەتی عوسمانی و دروستبوونی قەوارە عەرەبیەکان لە ژێر ئینتدابی بەریتانی و فەرەنسی خاڵی وەرچەرخانی مێژوویی رۆژهەڵاتی ناوەراست بوو، کە نزیکەی چوار سەد ساڵ بوو دەوڵەتی عوسمانی وەکو زلهێزێکی هەرێمی و نێودىوڵەتی ئەو قۆناغە هەژموونی سیاسی و سەربازی و ئابووری هەبوو، جۆرێک لە جێگیری دروستکردبوو، پێکهاتەی مرۆیی قەوارە دروستبووەکان  لە رووی نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبی و سنوری جوگرافی و دابەشبوونی سامانی سروشتی  ئەم قەوارانە هۆکارێک بوون بۆ نا ئارامی  لە رۆژهەڵاتی ناوەراست ، چونکە پێشتر ،یەکێک لە سیماکانی ئەم ناوچەیە فرەیی کلتوری بوو  ،  بە تایبەت دووای سەرکەوتنی شۆرشی بەلشەفیک و دروستبوونی یەکێتی سوفیەت لە روسیا ، رابەرایەتی کردنی بلۆکی سوشیالیستی بەرامبەر سەرمایەداری رۆژئاوا، هاندانی گەلانی ناوچەکە بۆ شۆرش و راپەرین دژی ئینتدابی بەریتانیا و فەرەنسا لە رێگای کودەتای سەربازی ،یان دروستبوونی رەوتی توندرەوی نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبی خۆ خزاندنە ناو سوپای ئەم وڵاتانە  وەکو ئەو کودەتایانەی لە میسر و سوریا و لوبنان و عێراق و یەمەن و لیبیا روویاندا، دوواتر دروستبوونی دەسەڵاتی دیکتاتۆری لەم وڵاتانە ،هەوڵدانیان  بۆ تواندنەوەی جیاوازیەکان و سەپاندنی یەک زمان و یەک ئاین و یەک مەزهەب  لە چوارچێوەی قەوارەکانایاندا ، کە بوونە مایەی بەرپابوونی زنجیریەک شەڕو ململانێی دوواتر و بە پاشکەوتوویی مانەوەی کۆمەڵگاکانیان، ئەمەش زەمینەی کۆتایی نەهاتنی شەڕی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست خۆش کردووە ، شەڕ لە دووای شەڕ دەبێتە بەشێک لە چارەنوسی خەڵکی ئەم ناوچەیە..


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن