کورد لە کاتی شکستی دەوڵەتەکاندا
3/23/2026 12:49:00 PM
سەرکەوتی جیهاز و بەختیار نامیق
بە درێژایی مێژوو
کورد بۆتە کارت و بەکارهێنراوە لەنێوان بەرداشی بەریەککەوتنی دەوڵەتەکاندا ، هەم دەوڵەتە
ناوچەییەکان هەم دەوڵەتە جیهانییەکان ، دەوڵەتانی ناوچە بەتایبەت زلهێزە ناوچەییەکان
( تورکیا و ئێران ) لە مێژەوە تا ئێستا و بەتایبەت سەردەمی سەفەوی و عوسمانی تا ئێران
و تورکیای ئێستا هەرکات لاواز بوبێتن مافی کوردیان وەک تاکتیک بەکارهێناوە و بگرە
نیمچە سەربەخۆییەکیان پێداون تا ئاستی میرنشین و خودموختاری و کارگێڕی ، هەرکات لە تەنگژەکان دەرچوبێتن پشتیان کردوەتە کورد
و بگرە جەنگی خوێناویان دژکردون ، هەر لە میرنشینەکانی بابان و ئەردەڵان و تا نەهری
و شۆڕشی بەدرخانیەکان و تا قازی و شێخ مەحمود و بارزانی ، عەرەبیش هەر هەمان تاکتیکیان
بەکار دەهێنا بە تایبەت لە عێراق و سوریا کە نەک هەر دژی خۆبەڕێوەبەری کورد
بون تەنها دژی شۆڕش و سەرکردەکان بن بگرە
بونە خاوەنی قێزەوینترین دۆسەی کۆمەڵکوژی وەک ئەنفال و کیمیاباران ، دەوڵەتە زلهێزەکانیش
لەکاتی لاوازبون و گۆڕانی دەوڵەتە ناوچەییەکان مافی کوردیان وەک خاڵی پەیماننامەکان
نوسیوە ، بەڵام دوای خۆگرتنی دەوڵەتە ناوچەییەکان ئەوان بە پێی بەرژەوەندی خۆیان لەگەڵ
دەوڵەتی ناوەندی پشتیان لە مافی کورد کردوە و کوردیان کردوەتە دەرخواردی بەرژەوەندییەکانی
خۆیان ، ئەڵبەت هەموی بە هۆی جەنگ و ململانێوە بۆشایی دروست بوە ئەوکات کورد توانیویەتی هەم شۆڕش و هەم هەندێ کات خۆسەری و
خۆبەڕێوەبەری بەدەست بهێنێ ، ئەم مێژووە بەدرێژایی سەدان ساڵ خۆی دوبارە دەکاتەوە.
لە ئێستادا عێراق
و ئێران و سوریا و تورکیا لەبەردەم نەخشەیەکی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدان وکەوتونەتە
بەردەم پێکدادانی زلهێزەکان و بەتایبەت بەهێزبونی ئیسرائیل ، بۆیە دەبینین دوبارە
کارتی کورد بەکاردێننەوە و باسی ماف و پرۆسەی ئاشتی دەکەن ، بۆنەکان پڕ دەبێت لە شایستەیی
کورد بۆ مافەکانی و زمانی کوردی و ئاڵای کوردستان لەهەر چوارپاچەکە دەبینرێت ، ئەڵبەت
ئەگەرچی سەردەمەکە تەواو جیاوازە بەڵام هەر بەدەر نیە لە دوباربونەوەی مێژوو ،
چونکە نە زلهێزەکانی وەک ڕوس و چین و ئەمریکا و فەرەنسا و بەریتانیا هەمان پێوەریان
هەیە و بەرژەوەندییان گەورەترە لە دۆستایەتیان و مافی نەتەوەکان نە دەوڵەتی زلهێزی
ناوچەیش بەهێزن تا ڕوبەڕوی کورد ببنەوە ، ئەمەشمان لە ڕیفراندۆم و عەفرین و جۆلانی و خاوبونەوەی پرۆسەی ئاشتی تورکیا
بینی ، لە ئەمڕۆی سیستەمی سەرمایەداری و
پاشەکشەی دروشمەکانی وەک مافی مرۆڤ و نەتەوەیەکگرتوەکان ئەگەری دوبارەبونەوەی هەمان
مێژوو لە ئارادایە.
کورد لە ئێستادا
لە نەبونی دەوڵەتی بەهێزی دیکتاتۆری تورکی و عەرەبی و فارسیدایە ، دەوڵەتە زلهێزەکانیش
لە جەنگی شاراوە و ململانێیەکی بەهێزدان ئەمە وایکردوە بۆشایی ناوچەیی و جیهانی بۆ
کورد دروست ببێت ، کورد توانیویەتی لە باشور و ڕۆژئاوا خۆسەری و خۆبەڕێوەبەری هەبێت
، کە ئەگەر سود لەهەڵە مێژوییەکان ببینێت دەتوانێ تا ئاستێک لەم سەردەمەدا وەک
باشور لە ڕۆژئاوا و باکور و ڕۆژهەڵات بگاتە نیمچە مافێکی خۆسەری.
ئەوەی گرنگە یەکێتی
ناوەکی ناو ماڵی کوردە، لە مێژودا کورد بۆتە خۆراکی خیانەتی ناوخۆیی ، دەبێت لە ئێستادا
هەمان هەڵەی مێژوو دوبارە نەبێتەوە ، یەکێتی ناوەکی لە هێرشی جۆلانی بۆ سەر ڕۆژئاوا
و نەورۆز کورد توانی ئامادەگی هەبێت لەسەر شانۆی جیهانی ، دەبێت کورد بزانێت چۆن یاری
دەکات لەناو بازنەی بەرییەککەوتنی بەرژەوەندی وڵاتانی ناوچەیی و جیهانیدا بە تایبەت
نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ وە چۆن یارییەکانی بکات بە یەکدەنگی.