10وتار

خوێندنەوەیەک بۆ جەنگی(ئەمریکا، ئیسرائیل - ئێران)

3/15/2026 4:00:00 PM
بڵند دلێر شاوەیس

(کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەسەردەمی جیهانبینی ترەمپ)
لەدوای هەڵبژاردنی (دۆناڵد ترەمپ) و سوێند خواردنی لە ٢٠٢٥/١/٢٠ بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی، سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا گۆڕانکاری گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، بەجۆرێک ئیدارەی نوێی ئەمریکا سیاسەتی دەرەوە دادەڕێژێت لە بری ئەوەی ڕەنگدانەوەی کاری دامەزراوەیی بێت، زیاتر مۆرکی تایبەتی سەرۆک (ترەمپ)ی پێوە دیارە، پێدەچێت ڕەنگدانەوەی ویست و حەز و خواستە کەسییەکانی سەرۆک (ترەمپ) بێت. 

سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ئێستادا بریتییە لە دەستکەوتی ئابووری و کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی وزە و سەپاندنی هەژمونی ئەمریکا لە ڕوی سیاسی و ئابوورییەوە و ڕێکخستنەوەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە ئاڕاستەی یەک جەمسەری و یەکلاکردنەوەی ململانێ و ناکۆکییەکان لە ڕێگای بەکارهێنانی هێزی سەربازییەوە بەشێوەیەکی تاکلایەنە بێ گوێدانە پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان (ميثاق الامم المتحدة) و یاسای نێودەوڵەتی و ئاشتی و ئاسایشی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی. 

ئەم سیاسەتەی دەرەوەی ئەمریکا کە بەم بێباکییە لە ئێستادا پەیڕەو دەکرێت بۆتە هۆی نائارامی و شڵەژانی دۆخی سیاسی و ئابووری جیهان و مەترسی بۆسەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دروست دەکات،
ئەم قۆناغە نوێیە دەکرێت ناوبنرێت (کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەسەردەمی جیهانبینی ترەمپ).

هەرچەندە سەرۆک (ترەمپ) لەسەر  ئاستی ناوخۆی ئەمریکاش کۆمەڵێک بڕیاریداوە کە جێی سەرسوڕمان بووە و لەلایەن دادگای باڵای ئەمریکاوە هەڵوەشاوەتەوە، بۆ نموونە (هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری سەپاندنی رسوماتی گومرگەکان)، بەڵام ئەوەی جێگای هەڵوێستە لەسەر کردنە بڕیارەکانی سەرۆک (ترەمپ)ە سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا کە لێکەوتەی لەسەر هەموو جیهان هەیە. بۆ نموونە:

١- ڕوخاندنی (بشار الاسد) و دانانی تیرۆریستێکی وەک (الجولانی) بە سەرۆکی سوریا، لە ڕێکەوتی ٢٠٢٤/١٢/٨.
٢-  سوکایەتی کردن بە سەرۆکی ئۆکراینا (ڤلادیمێر زیلینسکی) لە ناو کۆشکی سپی و بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە، لە ڕێکەوتی ٢٠٢٥/٢/٢٨.
٣- ناردنی هێز بۆ دەستگیرکردنی سەرۆکی ڤەنزوێلا (نیکۆلاس مادۆرۆ) و زیندانی کردنی، لە ڕێکەوتی ٢٠٢٦/١/٣.
٤- ڕاگەیاندنی جەنگ بە هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئیسرائیل دژ بە ئێران، لە ڕێکەوتی ٢٠٢٦/٢/٢٨.

جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران ڕوداوێکی ئاڵۆز و فرە ڕەهەندە، جیاواز لە هەموو جەنگەکانی سەد ساڵی رابردوو خوێندنەوە هەڵدەگرێت، زۆرترین لێکەوتە بەدوای خۆیدا دەهێنێت، لێکەوتەکانی لە سەرجەم بوارە سیاسی و ئابووری و یاساییەکان لە ئێستا و لە داهاتوشدا ڕەنگدانەوەی دەبێت، ئەم جەنگە کۆمەڵێک پرس و بابەتی گرنگی وروژاند:
 
یەکەم _ لە ڕووی یاسای نێودەوڵەتییەوە :

 لە ئێستادا ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسایی نێودەوڵەتی لە هەموو کات زیاتر لەژێر پرسیاردان:
ئایە پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان (ميثاق الامم المتحدة) هيچ بەهایەکی ماوە؟
ئایە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بە پێی یاسای نێودەوڵەتی و لە ڕێگای نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ڕێک دەخرێت یان بە لۆژیکی هێز؟
ئایە دەکرێت دەسەڵاتی سیاسی ستەمکار لە وڵاتێکدا بڕوخێنرێت و دکتاتۆرێک لاببرێت لەبەرامبەردا کۆمەڵە گروپێکی تیرۆریستی و گەورە تیرۆریستێکی داواکراو جێگرەوەی بێت؟.
ڕەوایە وڵاتێک تەنها لەبەر ئەوەی خاوەنی هێزە مافی ئەوەی هەبێت سەرۆکی وڵاتێکی دیکە دەستگیر بکات و بۆردومانی وڵاتێکی تر بکات و سەدان سەرکردەی سیاسی و سەربازی لەناوبەرێت؟

دووەم_ لە ڕووی ئابووریەوە:
ئەو وڵاتانەی کە خاوەنی گەورەترین یەدەگی نەوتن لە جیهاندا بریتین له:
١_ ڤەنزوێلا بە بڕی نزیکەی (٣٠٤ مليار) بەرمیل نەوت کە دەکاتە (١٩,٤%) لە یەدەگی نەوتی جیهانی. 

٢_ سعودیە بە بڕی نزیکەی (٢٦٧ مليار) بەرمیل نەوت کە دەکاتە(١٧,١ %) لە یەدەگی نەوتی جیهانی.

٣_ ئێران بە بڕی نزیکەی (٢٠٨ مليار) بەرمیل نەوت کە دەکاتە (١٣,٣ %) لە یەدەگی نەوتی جیهانی. 

٤_ عێراق بە بڕی نزیکەی( ١٤٥ مليار) بەرمیل نەوت کە دەکاتە (٩,٣ %) لە یەدەگی نەوتی جیهانی. 

گەر بڕوانینە لیستی وڵاتانی خاوەن گەورەترین یەدەگی نەوتی لە جیهاندا دەبینین ئەمریکا هەژموونی خۆی سەپاندووە بەسەر هەریەک لە (ڤەنزوێلا) و (سعودیە)، بەهەمان شێوە دەیەوێت وڵاتی (ئێران) بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە، بە هۆی پاشکۆیی عێراق بۆ ئێران بە سەرکەوتنی ئەمریکا و ئیسرائیل لەم جەنگەدا وڵاتی (عێراق) ڕاستەوخۆ دەکەوێتە ژێر ڕکێفی ئەمریکا.
بەم شێوەیەش وڵاتانی خاوەن زۆرترین سەرچاوەی وزە کۆنتڕۆڵ دەکات.

سێیەم _ دۆسیەکانی (جێفری ئێپستین) لە ئەمریکا:

 بڵاوبوونەوەی بەڵگەنامەکانی دورگەی (جێفری ئیپستین) و وروژاندنی ڕای گشتی بەهۆی تێوەگلانی دەیان سەرکردەی سیاسی و سەرمایەداری جیهانی، ڕەنگە هۆکارێکی دیکە بێت بۆ پەسەند کردنی پلانی هێرشی هاوبەش لەگەڵ (ئیسرائیل) بۆسەر (ئێران) لەلایەن سەرۆکی ئەمریکا (دۆناڵد ترەمپ)، بەمەبەستی مەشغوڵکردنی ڕای گشتی بە پرسی جەنگی ئێران و لەبیر بردنەوەی دۆسیەکانی (جێفری ئێپستین).

چوارەم _ بەهێز بوونی بەرەی (ڕوسیا، چین) و پشتیوانی (ئێران) لەو بەرەیە و پڕچەک کردنی (ڕوسیا) بە درۆن لەلایەن (ئێران)ەوە لە شەڕی (ئۆکراینا) و پێدانی نەوت بە چین بە خوار نرخی بازاڕ، ڕەنگە یەکێکی دیکە بێت لەو هۆکارانەی جەنگی دژ بە ئێران.

پێنجەم _ سیاسەتی فراوانخوازی ئێران و دروستکردنی هیلالی شیعە و هێرشی ٧/ ئۆکتۆبەر/ ٢٠٢٣ لەلایەن بزوتنەوەی حەماس بۆسەر ئیسرائیل، خاڵی وەرچەرخان بوو بۆ ڕێکخستنەوەی هەموو حساباتێکی ئیسرائیل بۆ لاوازکردنی توانا سەربازییەکانی ئێران و هەموو هاوپەیمانەکانی (بزوتنەوەی حەماس، حزب اللە، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، حوسییەکان).

ئەم خاڵە هۆکارێکی سەرەکی بوو بۆ شەڕی دوانزە ڕۆژەی مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٥ لە نێوان (ئیسرائیل _ ئێران)، بەڵام هەر زوو ئیسرائیل بۆی ڕوونبۆوە کە خوێندنەوەی بۆ تواناکانی ئێران هەڵە بووە و ناتوانێ بە تەنها و بێ هاوکاری هاوپەیمانە ستراتیژیەکەی ئامانجەکانی بپێکێت، هەربۆیە لە ئێستادا ئەم هاوپەیمانیەتییەی نێوان (ئەمریکا و ئیسرائیل) پێکهێنرا بۆ جەنگی دژ بە ئێران.

شەشەم _ ئێران وڵاتێکی خاوەن شارستانیەتی مەزن و سامانی سروشتی گەورەیە، وڵاتێکی پیشەسازی، کشتوکاڵی، گەشتیاری، بەرهەم هێنەرە، لە ڕابردوودا هەشت ساڵ ئەزمونی جەنگی لەگەڵ عێراق هەبووە، لە بری گرنگیدان بە بەرنامەی ئەتۆمی و خۆ پڕچەک کردن و دەست تێوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە و دژایەتی کردنی ئەمریکا و ئیسرائیل بە ڕاستەوخۆ، دەبوو ئەو هەموو توانا زانستی و ئابووری و سامانەی هەیەتی بۆ پێشکەوتنی وڵات و بوژاندنەوەی ئابووری و خۆشگوزەرانی هاوڵاتیەکانی تەرخان بکردایە.

حەوتەم _ پرسی کورد یەکێکە لەو کارتانەی گرەوی لەسەر دەکرێت، ئەزموونی (ڕۆژئاڤا) و سیاسەتی ناڕوونی ئەمریکا لەم جەنگەدا لایەنە سیاسییە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی خستە بەرەی بێلایەنی لەم جەنگەدا، ئەمەش بڕیارێکی دروست بوو بۆ کورد.
لە ڕاستیدا دەبوایە هەر زوو ئێران دەروازەیەکی بکردایەتەوە بە ڕووی کورد و مافە ڕەواکانی لە چوارچێوەی دەوڵەتی ئێراندا، بەتایبەتی لەدوای جەنگی دوانزە ڕۆژەی نێوان (ئیسرائیل _ ئێران) لە ساڵی ٢٠٢٥، هیوادارین لە داهاتودا کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە مافە ڕەواکانی بگات.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن