هاوبەشی چارەنووس
3/16/2026 2:12:00 PM
سەمیر میرانی
لە کاتی تەنگە ژەو قە یراندا ، ڕاستی نیشتمان و نیشتیمان پەروەری دەردەکەوێت، وەک خۆرێک کە لە پشتی هەورە تاریکەکانەوە دەر دە کەوێت، لەو ساتانەدا مرۆڤ تێدەگات کە ڕزگاریی خۆی تەنها لە تەنهاییدا نابێت، بەڵکوو لەوەدایە کە لە تەنیشت مرۆڤی دیکەدا بوەستێت و دەستی بگرێت.
کاتێک ژیان تەنگ دەبێت و مەترسییەکان وەک زریانێکی توند ڕوبەڕویی کۆمەڵگە دەبێتەوە، تەنها چەک نییە کە تاقی دەکرێتەوە، بەڵک و پەیوەندییەکانیش تاقی دەکرێنەوە، ئەو پەیوەندییانەی کە مرۆڤەکان وەک زنجیرێکی نادیار بەیەکەوە دەبەستن، لەو کاتانەدا پرسیارێکی قووڵ لە دڵی کۆمەڵگا دروست دەبێت ، چییە ئەوەی لە کاتی تەنگانەدا ئەم بوونە هاوبەشە دەپارێزێت؟ ئایا دابەشبوون و ناکۆکی، یان ڕووحی برایەتی و هاوپشتیوانی لەنێوان مرۆڤەکاندا؟
کۆمەڵگا کاتێک لەناو ناچێت کە زریانەکان توند دەبن، بەڵکوو ئەو کاتە لاواز دەبێت کە توانای پێکەوە وەستانی لە دەست بدات.
نیشتمان تەنها خاکێک نییە کە مرۆڤ لەسەری دەوەستێت، بەڵکوو پەیوەندییەکی مرۆیی قووڵە، پەیوەندییەک کە دڵەکان بەیەکەوە دەبەستێت.
ئەو پەیوەندییە تاکەکان وا لێ دەکەن هەست بکەن کە هاوبەشی یەک چارەنووسن، بە تایبەتی لە کاتی جەنگدا مرۆڤ زیاتر لە هەر کاتێک تێدەگات کە ڕزگاری لە دوورکەوتنەوەدا نییە، بەڵکوو لە یەکبوونێکدایە کە چارەنووسی خۆی بە چارەنووسی ئەوانی دیکە وە دەبەستێت.
لەبەر ئەمە تێگەیشتن لەنێوان خەڵک تەنها خەسڵەتێکی جوان نییە، بەڵکوو پێویستییەکی ژیانە، تێگەیشتن واتای نەبوونی جیاوازی نییە، بەڵکوو توانای ئەوەیە کە مرۆڤ جیاوازییەکان ببەزێنێ بێ ئەوەی ببنە هۆی دابڕان، کاتێک کۆمەڵگا دەتوانێت لە فرەیی ناوخۆی هێز دروست بکات، ئەو فرەییە دەبێتە سەرچاوەی هێزێکی نوێ، کاتێک هەمووان لە دەوری ئامانجێکی هاوبەش کۆدەبنەوە، پاراستنی ئەو بوونەی کە هەمووانی لێ کۆ دەبێتەوە.
بەڵام تێگەیشتن بە تەنیا بەس نییە ئەگەر نەگۆڕدرێت بۆ هاوپشتیوانییەکی زیندوو -کاتێک مرۆڤ لە ساتی مەترسیدا دەستی خۆی بۆ براکەی درێژ دەکات- هەستی سەربە یەکبوون دەگۆڕدرێت بۆ کردار، لەو ساتانەدا کۆمەڵگە لە کۆبوونەوەیەکی سادەی مرۆیی دەگۆڕدرێت بۆ هێزێکی ئەخلاقی و باوەڕدار کە دەتوانێت بەرگەی زریان بگرێت، لەو کاتانەدا خەڵک تێدەگەن کە هێزی ڕاستەقینەیان لە سەرکەوتنی تاکێک بەسەر تاکێکی دیکەدا نییە، بەڵکوو لە توانای ئەوەدایە کە پێکەوە وەک یەک ڕیز بوەستن.
“بەهێزترین مرۆڤەکان ئەوانە نین کە بە تەنیا دەجەنگن، بەڵکوو ئەوانەن کە پێکەوە دەوەستن." ليف تولستوي.
دوژمنان ناتوانن کۆمەڵگایەکی یەکگرتوو بشکێنن، چونکە یەکگرتوویی خۆی دەبێتە قەڵا و بەر بەستێکی نادیار، بەڵام دابەشبوون کەلێنێکە کە مەترسییەکان لێیەوە دەچنە ناو دڵی کۆمەڵگا، بۆیە پاراستنی نیشتمان تەنها لە سنوورەکانی دەست پێ ناکات، بەڵکوو لەو دڵانەوە دەست پێ دەکات کە باوەڕیان وایە چارەنووسیان یەکە.
لە کۆتاییدا دەردەکەوێت کە برایەتیی مرۆیی بیرۆکەیەکی خەیاڵی دوور نییە، بەڵکوو مەرجێکی سەرەکیی مانەوەیە لە کاتە تەنگانەکاندا، کاتێک خەڵک دەست بە دەست دەدەن و جیاوازییەکانیان دەبێتە فرەییەکی داهێنەر، نیشتمان دەبێتە ماڵێکی هاوبەش کە کوڕ و کچەکانی پێکەوە لە بەرامبەر زریان دەوەستن، و لە دوایدا بە هێزتر و پتەوتر بەسەر کەوتویی لە ناو زریانەکان دەر دەچن، وەک خۆرێک کە دوای هەورەکان جارێکی تر ئاسمان ڕووناک دەکاتەوە .