290 جیهان

هوگربیتس پێشبینی دەكات سبەی بومەلەرزەیەكی بەهێز و مەترسیدا روبدات

02:35 - 19/02/2026

زەمەن - جیهانی

زانای بومەلەرزەزانی ناسراوی هۆڵەندی، جارێکی دیکە هۆشدارییەکی بەپەلە دەداتە دانیشتوانی زەوی و رایدەگەیەنێت؛ بەهۆی دیاردەیەکی فەلەکی دەگمەنەوە، مەترسی چالاکییەکی بەهێزی بومەلەرزە لە ئارادایە.

هوگربیتس لە نوێترین پۆستی خۆیدا لە سۆشیال میدیا ئاماژەی بەوە کردووە، لە رۆژی 20ـی شوباتدا دیاردەی "یەکگرتنی زەوی لەگەڵ زوحەل و نەپتون" روودەدات. ئەم دیاردەیە تەنیا یەک جار لە هەر 36 ساڵێکدا روودەدات، ئەمەش وای کردووە ئەمساڵ تایبەتمەندییەکی مەترسیداری هەبێت.

بە وتەی ئەو توێژەرە، ئەم رێکخستنە تەنیا لە نێوان ئەو سێ هەسارەیەدا نییە، بەڵکو، مانگ بە هەمان شێوە لەگەڵ زوحەل و نەپتون یەکدەگرێت. هەروەها هەسارەی ڤینۆس گۆشەیەکی 90 پلە لەگەڵ عەتارد و ئۆرانۆس پێکدەهێنێت.

هەروەها پێشبینی دەکات کە ماوەی نێوان 19 بۆ 21ـی شوبات گرنگترین کات بێت. ئەو دەڵێت: "رەنگە لە 21ـی مانگدا شاهیدی بومەلەرزەیەکی گەورە ببین بە گوڕی 7 پلەی پێوەری رێختەر، لەگەڵ ئەگەری یەک رۆژ پێشخستن یان دواکەوتنی کاتەکە."
هوگربیتس جەختی کردەوە، ئەم پێکهاتە ئەستێرەناسییە لە رادەبەدەر گرنگە و داوای لە شوێنکەوتووانی کرد، بە هیچ شێوەیەک کەمتەرخەمی نەکەن و ئامادەکارییان هەبێت، چونکە هێزی بومەلەرزەکە پەیوەستە بە ئاستی ئەو فشارەی کە لەسەر توێکڵی زەوی کۆبووەتەوە.

فرانک هوگربیتس، سەرۆکی رێکخراوی رووپێوی ئەندازەیی کۆمەڵەی خۆرە (SSGEOS). ناوبانگی جیهانی ئەم توێژەرە دوای ئەوە هات، سێ رۆژ پێش بومەلەرزە وێرانکەرەکەی شوباتی 2023ـی  تورکیا و سووریا کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 50 هەزار کەس، پێشبینی روودانی کارەساتەکەی کردبوو.

هوگربیتس پێشبینییەکانی لەسەر بنەمای جوڵەی هەسارەکان و تەنە ئاسمانییەکان بڵاودەکاتەوە، هەرچەندە بەشێکی زۆر لە زانایانی جیۆلۆجی جیهان تا ئێستاش گومانیان لەو شێوازە هەیە و پێیان وایە ناکرێت بومەلەرزە بە وردی لە رێگەی ئەستێرەناسییەوە دیاری بکرێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن