بەغداد مەرجەکانی بۆ ناردنی پشکی هەرێم لە بەدجەدا ئاشکراکرد
01:43 - 25/10/2026
زەمەن_هەواڵ
بەپێی زانیارییەکانی ''زەمەن'' پشکی هەرێم لە ڕەشنووسی بودجەی ٢٠٢٧دا بە ١٢.٧٪ جێگیرکراوە و بەچەند مەرجێک بۆ هەرێم دەنێردرێت.
بەپێی رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٧ی عێراق، کۆی داهاتەکانی عێراق بە زیاتر لە ١٧٤ تریلیۆن دینار و خەرجییەکانیش بە زیاتر لە ٢١٧ تریلیۆن دینار خەمڵێندراوە، گرنگترین بڕگەکانیش تایبەت بە هەرێمی کوردستان لە مادەی ١٠ی پڕۆژەیاساکەدا هاتووە.
مادەی 10 دەڵێت: پشک لەبەرامبەر پابەندیدا
رەشنووسی پڕۆژەیاساکە، پشکی هەرێمی کوردستانی بە رێژەی 12.7%ی "کۆی خەرجییە کردەییەکان (راستەقینە)" (دوای دەرکردنی خەرجییە سەروەرییەکان) دیاریکردووە، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق تەنیا لە کاتێکدا مانگانە ئەو پارەیە دەنێرێت، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تەواوی پابەندی ئەم خاڵانە بێت:
1. رادەستکردنی نەوت: رۆژانە لانیکەم 400 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە رادەست بکات. ئەگەر هەناردەکردن لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە ئەستەم بوو، دەبێت ئەو بڕە رادەستی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بکرێت بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی.
2. داهاتی نانەوتی: دەبێت سەرجەم داهاتە نانەوتییەکان رادەستی گەنجینەی گشتیی دەوڵەت بکرێن.
3. رادەستکردنی غاز: ئەو بڕە غازەی لە پێداویستیی ناوخۆی هەرێمی کوردستان زیاترە، دەبێت رادەستی حکومەتی فیدراڵی بکرێت.
4. قەدەخەکردنی گرێبەستی نوێ: هەرێمی کوردستان بۆی نییە هیچ گرێبەستێکی نوێی نەوت و غاز واژۆ بکات، مەگەر لە رێگەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵییەوە بێت.
لە کۆتایی مادەکەدا بە روونی هاتووە، جێبەجێکردنی ئەم بڕگانە "مەرجە بۆ بەردەوامبوونی ناردنی پارە" بۆ هەرێمی کوردستان.