بەپەلە.. یەکگرتوو تیاماوە سبەی بچێ یان نەچێ
03:23 - 03/11/2026
زەمەن_هەواڵ
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت؛ وەک فراکسیۆنی یهكگرتوو تائێستا بڕیاری بەشداریکردن یان بایکۆتمان نەداوە".
ئەمڕۆ سێشەممە، ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، مستەفا عەبدوڵا سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند: هەنگاوەکەی فراکسیۆنی پارتی کتوپڕو پێشبینینەکراو بوو، تائێستا هیچ بانگهێشتنامەیەکی فەرمی بە پەرلەمانتاران نەگەیشتووە و فراکسیۆنی یەکگرتوو لە چەند کاتژمێری داهاتوودا بڕیاری کۆتایی خۆی ڕادەگەیەنێت.
دەشڵێت: وەک فراکسیۆنی یهكگرتوو تائێستا بڕیاری بەشداریکردن یان بایکۆتمان نەداوە، چونکە پرۆسەکە بە ڕێچکەی یاسایی خۆیدا نەڕۆیشتووە.
باسی لەوەشکرد، لە گرووپی فەرمیی پەرلەمانتاران هیچ ئاگاداری و بانگهێشتنامەیەک دانەنراوە و سەرۆکی تەمەن بە فەرمی داوای کۆبوونەوەی پەرلەمانی نەکردووە و هیچ نووسراوێکی ئەوان بەدەست فراکسیۆن نەگەیشتووەو ئەو داوایەی کراوە لەلایەن فراکسیۆنێکەوە بووە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، بۆیە یەکگرتوو کاتێک قسەی فەرمی دەکات کە ڕێکارە یاساییەکان تەواو بن.
مستەفا عەبدوڵا ئاماژەی بەوەشدا، پەرلەمان دەمێک بوو دەبوو کارا بووایە؛ ئەوەی پارتی و یەکێتی کردیان و پەرلەمان و جومگەکانی حوکمڕانییان بۆ زیاتر لە دوو ساڵ پەکخست، لە هیچ کوێیەکی دنیادا نییە و شتێکی نامەعقوولە.
دەشڵێت: لە 2 و 3ی مانگی 11ی 2024، کاتێک سەرۆکی تەمەن داوای دانیشتنی کرد، سەرجەم 7 پەرلەمانتارەکەی یەکگرتوو لە هۆڵی پەرلەمان ئامادە بوون، بەڵام پارتی و یەکێتی نەهاتنە ژوورەوە. هەڵەی گەورەی ئەوان ئەوە بوو مەسەلەی کاراکردنی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتیان کردە یەک پاکێج، لە کاتێکدا دەبوو پەرلەمان وەک دەسەڵاتێکی سەربەخۆ سەرۆکایەتیی هەڵبژێردرایە و دواتر لایەنەکان گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەتیان بکردایە.
دەستپێشخەریمان خستەڕوو بۆ یەکڕیزیی نیشتمانی بەڵام بەدەممانەوە نەهاتن، ئەوان ناوبانگی هەرێمی کوردستانیان ناشرین کرد و ئەزموونەکەیان کردە قوربانیی میزاج و بەرژەوەندیی حزبییان.
دووئیدارەیی و دووحکومەتی و دووزۆنی بەڵای گەورەی هەرێمی کوردستانن؛ هەڵبژاردن کرا و خەڵک دەنگی دا، بەڵام لەبری کاراکردنی پەرلەمان، ناکۆکیی حزبییان زاڵ کرد.