11وتار

تاوانی جینۆساید (Genocide) دژ بە (عەلەوی) و (دروز)ەکان

7/20/2025 1:37:00 PM
بڵند دلێر شاوەیس

هەندێک پرسیار دەکەن دۆخی سوریا بەتایبەتی تاوانی جینۆساید (Genocide) دژ بە (عەلەوی) و (دروز) چ پەیوەندییەکی بە هەرێمی کوردستان و کوردەوە هەیە؟

لە ڕاستیدا تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی جینۆساید پەیوەندی بە هەموو جیهانەوە هەیە، تاوانی نێودەوڵەتین، ئەو تاوانانەن کە ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دەخەنە مەترسییەوە، ئارامی هەرێمایەتی دەخاتە دۆخێکی ناجێگیربوونەوە، مرۆڤایەتی دەهەژێنێت ....

ئێمەی کورد قوربانی ئەم جۆرە تاوانانەین، تاوانەکانی (ئەنفال)ی بەدناو کە ڕژێمی بەعس دژ بەگەلی کورد ئەنجامیدا لە ساڵ١٩٨٨، هەروەها تاوانەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش کە دژ بە هاوڵاتیانی سڤیلی کوردی ئێزیدی لە شنگال ساڵی ٢٠١٤ ئەنجامدرا، گەورەترین شاهیدن.

کاتێک ئێمە ڕووبەڕووی جینۆساید دەبوینەوە گلەییمان لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەبوو کە بێ هەڵوێستبوو، نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆڵی خێرا و کاریگەری نەگێڕا، هەر وڵاتێک لە ڕوانگەی بەرژەوەندییەکانی خۆیەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکردین.

ئێستاش کە پێکهاتەکانی(عەلەوی) و (دروز) ڕووبەڕوی تاوانەکانی دژ بەمرۆڤایەتی و جینۆساید دەبنەوە لە سوریا لەلایەن هێز و میلیشیاکانی سەر بە (احمد الشرع) پێویستە ڕابردووی خۆمان بێتەوە یاد.

بەئەگەرێکی زۆرەوە لەدوای سەرکوتکردنی(عەلەوی) و (دروز) نۆرەی پەلاماردانی کوردە لە سوریا، هەروەها بەو هۆیەوە کە هەرێمی کوردستان هاوسنوورە لەگەڵ سوریادا ئەگەر هەیە لە داهاتوشدا ئەو ڕژێمە تیرۆریستییەی (احمد الشرع) یەخەی ئێمەش بگرێت.

هێرشکردنە سەر پارێزگای (السویداء) و ڕاگەیاندنی (جهاد) دژ بە پێکهاتەی (دروز)ەکان لە سوریا و ئەنجامدانی تاواني کوشتن و سەربڕین و لاقەکردنی ئافرەتان و تاڵان کردنی ناوچە دروز نشینەکان لەلایەن هێزی ڕێکخراوەوە کە پێک هاتوون لە هێزەکانی سوریا لە وەزارەتی بەرگری و ئاسایشی گشتی و چەکدارە میلیشیا دەشتەکییەکان (البدو)، لە تاوانە هەرە گەورەکانە، تاوانی دژ بەمرۆڤایەتییە (Crimes against humanity) و تاوانی جینۆسایدە (Genocide) کە بەمەبەستی لەناوبرد پێکهاتەیەکی ئاینی وەک دروزەکان ئەنجام دەدرێت.

ئەم تاوانانە پێشێلکاری سامناکی مافەکانی مرۆڤە، پێشێلکردنی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکانی ساڵی ١٩٤٥ و جاڕی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ ١٩٤٨ و هەردوو پەیماننامەی نێودەوڵەتی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤی ساڵی ١٩٦٦. 

ئەوەی شایانی باسە هەر ئەم ساڵ چەکدارانی(احمدالشرع) بە هەمان شێوە تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی و جینۆسایدیان بەرامبەر بە پێکهاتەی(عەلەوی) لە ناوچەی (الساحل)ی سوری ئەنجامدا، هەموو جۆرە تاوانەکانی کوشتن و لاقەکردن و ڕفاندنی ئافرەتان و تاڵان کردن وسوتاندنی موڵک و ماڵی هاوڵاتیان......هتد بەبەر چاوی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئەنجامدا.

ئەم تاوانانە ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دەخاتە مەترسییەوە، پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە زوترین کات بێتە سەر خەت، بۆ دادگایی کردنی ئەنجامدەرانی تاوانی جینۆسایدی دژ بە (عەلەوی) و (دروز)ەکان و خودی (احمد الشرع) و لابردنی لە دەسەڵات. 
مانەوەی (احمدالشرع) لە سەرۆکایەتی سوریای سەرچاوەیەکە بۆ بوژانەوەی تیرۆر و بیری توندڕەوی، ئارامی جیهان و ناوچەکە و ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دەخاتە مەترسییەوە.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن