سەیروسەمەرەکانی پشت هەڵمەتی دەستگیرکردنی گەندەڵکاران لە عێراق
8/17/2026 4:36:00 PM
بڵند دلێر شاوەیس
لەدوای دەستگیرکردنی (عدنان الجمیلي) بریکاری وەزارەتی نەوتی فیدراڵ لە ڕێکەوتی ٢٠٢٦/٥/٣٠ و ڕاگەیاندنی پرۆسەی (صولة الفجر) لە بەرەبەیانی ٢٠٢٦/٦/٢٨ بۆ دەستگیرکردنی گەندەڵکاران، دەیان تاوانبار لە وەزیر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران، پارێزگار، بریکاری وەزیر، ڕاوێژکار، بەڕێوەبەری گشتی، سەرۆکی پارتی سیاسی، سەرمایەدار، زانای ئایینی...هتد دەستگیرکروان یان فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە.
تا ئێستا بڕی (٢٠٦ ملیار دینار )، (١٤١ ملیۆن دۆلار )، (نیو تەن زێڕ)، (سەدان موڵک)، (سەدان ئۆتۆمبێل) دەستی بەسەردا گیراوە.
ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە هەندێک لەو تاوانبارانەی لەم هەڵمەتەدا دەستگیرکراون خاوەنی خەڵاتی فەرمانبەری دەستپاک و نموونەیین، یان لە لیژنەی دەستپاکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەندامن. بۆ نموونە:
- (عدنان الجمیلي) ساڵی ٢٠٢٥ خەڵاتی فەرمانبەری دەستپاک و نموونەیی لەلایەن سەرۆک وەزیرانی پێشوو (محمد شیاع السوداني) پێ بەخشرا.
- (علاء سمير الجبوري) بەڕێوەبەری گشتی (الشركة العامة لتوزيع كهرباء الوسط) کە لە ئێستادا بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکراوە لە ساڵی ٢٠٢٣ خەڵاتی فەرمانبەری دەستپاکی وەرگرتووە.
جگە لەوەی چەندین ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکراون ئەندامی لیژنەی دەستپاکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بوون، لەوانەش:
- (زیاد الجنابي) سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
- (طلال الزوبعي) سەرۆکی پێشووی لێژنەی دەستپاکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
- (باسم خشان) ئەندامی پێشووی لیژنەی دەستپاکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
لەسەروو هەموو ئەمانەشەوە زانایانی ئایینی بەدەر نەبوون لە تێوەگلان لە گەندەڵی، دادگای تایبەت بە تاوانەکانی دەستپاکی بڕیاری بەندکردنی بۆ زانای ئاینی (السيد حسين بركة الشامي) سەرۆکی پێشووی دیوانی وەقفی شیعە دەرکرد لەگەڵ ڕاگرتنی جێبەجێکردنی سزاکە بەهۆی زۆری تەمەن و پێگەی.
ئەم داتایانە ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە گەندەڵی لە عێراق لە حاڵەت و دیاردە تێپەڕیوە و بووە بە کلتور، ڕەگ و ڕیشەی قوڵی داکوتیوە لە کۆمەڵگەدا، بەتایبەتی لە ناو ئەو چین و توێژ و دامەزراوانەی کە خودی خۆیان ئەرکی چاودێری و لێپرسینەوە و دژایەتی کردنی گەندەڵیان لەسەرە.
هەرچەندە ڕوون نییە هەڵمەتەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق (علي الزيدي) بۆ دەستگیرکردنی گەندەڵکاران تا چ ئاست و کاتێک بەردەوام دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا ڕەخنەی ئەوەی لێدەگیرێت کە مەبەست لەم هەڵمەتە لێدانە لە هەندێک کەسایەتی و لایەنی ناو پرۆسەی سیاسی عێراق، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی جێگەی دەستخۆشییە و تاقیکردنەوەیەکی قورسە بۆ دامەزراوە دادوەری و ئەمنی و چاودێریەکان، سەرەڕای ئەوەی ئەنجام و لێکەوتەکانی ئەم هەڵمەتە کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر کۆی سیستەمی سیاسی و ئایندەی عێراق دەبێت.