جیاوازی نێوان کچێکی پێشمەرگە و کچێکی گەشتیار
6/20/2026 10:36:00 AM
بڵند دلێر شاوەیس
گومانی تێدانییە سەرجەم ئاینەکان بەڕێزەوە دەڕواننە مرۆڤ، هەموو پەیماننامە و ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتییەکان و جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ داکۆکی لە پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ و ماف و ئازادی و یەکسانی نێوانیان دەکەنەوە بەدەر لە ڕەگەز، ئاین، نەتەوە، زمان ....هتد.
کارێکی مرۆڤانەیە کاتێک خێزانێک لە خوارووی عێراقەوە بۆ گەشتێک بێن بۆ کوردستان و ڕوبەڕوی ڕوداوێکی نەخوازراو ببنەوە و یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەیان گیان لەدەست بدات هەست و سۆزی هەمومان بجوڵێنێت و بەدەمیانەوە بچین..
ئەرکی ئاینی و نەریتێکی کۆمەڵایەتییە هاوکاری خێزانێکی میوانی عەرەب بکرێت کە لە گەشتێکدا کچێکیان دەخنکێت و تەرمەکەی بە رێزەوە بەڕێ بکرێت بۆ زێدی خۆی.......
لە هەمانکاتدا ئەرکێکی ئاینی و مرۆڤایەتی و نیشتمانی و نەتەوەیی و ئەخلاقی و پیشەیی بوو کاتێک کچێکی کوردی پێشمەرگە و ئاوارەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بریندار کرا دەرگای نەخۆشخانەی بە ڕوودا دانەخرایە، کە شەهیدیش بوو دەرگای ماڵی خوای بۆ بکرایەتەوە تا وەک "رقیة" نوێژی لەسەر بکرایە و بە شێوەیەکی شایستە بە خاک بسپێردرێت.....
"غەزەل" کە بریندار کرا تەنها پێویستی بە چارەسەری پزیشکی بوو، دەیویست کە شەهید بوو لەناو خاکی خۆیدا و خەڵکی خۆیدا بە ڕێزەوە بە خاک بسپێردرێت، شەهید "غەزەل" ئەو ڕێوڕەسم و زیادە ڕەوییەی نەدەویست کە بۆ دۆزینەوەی تەرمی گەشتیارێکی عەرەب کرا و دامەزراوە فەرمییەکان و هاوڵاتیان و میدیاکان خۆیان بۆ سەغڵەت کردبوو...
ئەم ڕووداوە ڕەنگە زۆر بە ئاسانی تێپەڕێت، بەڵام لە ناخی زۆربەماندا دەمێنێتەوە، وەڵامی گرنگترین هۆکاری پرسیارێکی گەورەیە، بۆ کورد نابێت بە خاوەنی دەوڵەت؟
بیرمەند و نوسەری ناودار "محمد رشید رضا 1935- 1865" دەڵێت:
شۆڕشگێڕ لە پێناو کۆمەڵگەیەکی دواکەوتوو، ئەو دەبەنگەیە کە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا بۆ ڕوناککردنەوەی ڕێگای کوێرێک.
(الثائر لأجل مجتمع جاهل، هو أحمق أضرم النيران بجسده كي يضيء الطريق لضرير).