6وتار

فشارەکانی سەر هەرێمی کوردستان مەترسی ڕاستەقینەن

6/9/2025 2:31:00 PM
بڵند دلێر شاوەیس

فشارەکانی سەر هەرێمی کوردستان لە لایەن دەوڵەتی قوڵەوە لە عێراق بڕیاری لێدراوە، (محمد شیاع سودانی) سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و (طيف سامي) وەزیری دارایی فیدراڵ تەنها جێبەجێکەری ئەو بڕیارەن، بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئەجێندای هەرێمی لەخۆ دەگرێت. 

فشارەکان ڕوویان لە زیادبوونە، فرە ڕەهەندن (سیاسی، ئابووری، یاسایی)، لە ڕێگای هەریەک لە (ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، حکومەتی فیدراڵی، دادگای باڵای ئیتیحادی) بە ئامانجی لێکترازانی زیاتری ناوخۆی هەرێم و لە قاڵبدانی دەسەڵاتەکانیەتی لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عێراقی فیدراڵی ساڵی ٢٠٠٥.

هەنگاوەکان بۆ فشارخستنە سەر هەرێمی کوردستان خێران و بە بەرنامەیە، ڕەنگە قۆناغێکی مەترسیدارتری سیاسی، ئابووری، یاسایی دیکە بەدوای خۆیدا بهێنێت.

کاتی ئەوە هاتووە سەرکردایەتی سیاسی کورد بە قسەی ئەوانە نەکەن کە تا ئێستا گوێیان لێ گرتوون.

بەداخەوه گەر هەرێمی کوردستان بەم پەرتەوازییەی ناوماڵی کورد و کارەکتەرە لاوازانەوە بەردەوام بێت لە ململانێی سیاسی و یاسایی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، بێگومان ئایندەیەکی خراپ چاوەڕێی قەوارەی هەرێمی کوردستان و حکومەتەکەی دەکات.

لەلایەکەوە پێک نەهێنانی حکومەتی هەرێم کە پێویستبوو پێک بهێنرێت و نەبوونی نەخشە ڕێگا و تیمێکی بوێر و پسپۆر بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، لە لایەکی دیکەوە لاوازی تیمی کورد لە بەغدا لە حکومەتی فیدراڵی و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، یارمەتیدەرە بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئەجێندایە و لە قاڵبدانی هەرێم. 

فشارەکان پەیوەندییان هەیە بە چەند بابەتێکەوە:

یەکەم/ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق:
بەهۆی نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بەو پێیەی کام لایەنە سیاسییە لە عێراق دژایەتی توندتری هەرێم بکات و بەئاراستەی بەهێزکردنی دەسەڵاتە فیدراڵیەکان بانگەشەی هەڵبژاردن بکات زۆرترین دەنگ بەدەست دەهێنێت، لایەنە سیاسییە عێراقییەکان پێشبڕکێی دژایەتی و زیاترین فشارخستنە سەر هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگی شەقامی سیاسی لە عێراق.

دووەم/گرێبەستەکانی ئەم دواییەی حکومەتی هەرێم لە ئەمریکا:
دوای واژۆ کردنی گرێبەستەکانی بواری وزە لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە لە ئەمریکا، لە ڕێکەوتی ٢٠٢٥/٥/٢٢ (د. رائد حمدان المالكي) ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە پشت بەستن بە مادەی(٦١/حەوتەم) لە دەستور و مادەی (٥٠) لە پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەو دەسەڵاتانەی پێیان دراوە بە گوێرەی یاسای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ژمارە(١٣)ی ساڵی ٢٠١٨.

کۆمەلە پرسیارێکی ئاڕاستەی هەر یەک لە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و وەزیری دەرەوەی عێراق و وەزیری نەوتی عێراق کردووە، لە سێ نوسراودا.

لەبەر گرنگی بابەتەکە بە پێویستی دەزانم دەقی ناوەڕۆکی هەر سێ پرساندنەکە وەرگێڕمە سەر زمانی کوردی و بیانخەمە بەر دیدی ئێوەی بەڕێز:

پرساندنی یەکەم/پرسیارەکان لە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق: 

 ١- هەڵوێستی حکومەتی فیدراڵی چییە سەبارەت بە بەردەوام بوونی بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر سەردانەکانی دەرەوەیان و ئامادەبوونیان لە کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکان و مۆرکردنی ڕێکەوتننامە و گرێبەستە نێودەوڵەتییەکان لەوانەش ئەوانەی تایبەتن بەو بابەتانەی دەکەونە چوارچێوەی پسپۆڕیەتییە فیدراڵییەکان وەک گرێبەستییە نەوتییەکان؟.

٢- هۆکارەکانی شکست هێنانی حکومەت چییە سەبارەت بە جێبەجێکردنی یەکێک لە گرنگترین خاڵەکانی بەرنامەی حکومەتی تایبەت بە داخستنی دەروازە سنوورییەکانی قاچاخچێتی لە هەرێمی کوردستان، و کۆنترۆڵکردنی دەروازەکانی دیکە لە عێراق؟.

پرساندنی دووەم / پرسیارەکان لە وەزیری دەرەوەی عێراق: 

 ١- ئەو پاڵپشتییە دەستوری و یاساییە چیە کە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانی ماوە بەسەرچوو بتوانێ گرێبەست و ڕێکەوتنی تایبەت بە بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان واژۆ بکات لە گەڵ کۆمپانیا ئەمریکیەکانی بواری نەوت.

٢- ئایە زانیاری پێش وەختەتان هەیە سەبارەت بە چالاکییەکانی دەرەوەی بەرپرسە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان، ئایە مەرجە داوای مۆڵەت بکەن لێتان سەبارەت بەو چالاکییە، ئایە ئەو داوایەیان کردووە لێتان؟.

٣- ئایە ئاگاداری حکومەتەکانی دەوڵەتە عەرەبی و بیانییەکانتان کردووە سەبارەت بە پێویستی بەدەستهێنانی ڕەزامەندی دەسەڵاتە فیدراڵیەکانی عێراق پێش چاوپێکەوتن لەگەل بەرپرسانی حکومەتی هەرێم و پێش ئەنجامدانی هەر ڕێکەوتنێک لەگەڵیان؟.

٤- ڕای وەزارەتەکەتان چییە سەبارەت بە سنوری دەسەڵاتەکانی حکومەتی هەرێم لە بواری پەیوەندییەکانی دەرەوە بە گوێرەی دەستووری کۆماری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥ ؟.

٥- ئایە بەرپرسیارێتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبەردەم دەوڵەتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان سەربەخۆ و جیایە لە بەرپرسیارێتی دەوڵەتی عێراق یاخود بەرپرسیارێتیەکە یەکە بە گوێرەی بنەمای یەکێتی دەوڵەتی فیدراڵی " وحدة الدولة الفدرالية " و ئەگەر وابێت بۆچی هەرێم ڕێکەوتننامە بە جیا دەبەستێت و کێ بەرپرسیارێتی ئەو پابەندییانەی لێکەوتەی ئەو ڕێکەوتننامانەن لە ئەستۆ دەگرێت ؟.


پرساندنی سێیەم/ پرسیارەکان لە وەزیری نەوتی عێراق:

 ١- سروشتی ئەو گرێبەست و ڕێکەوتنانە چین کە حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆی کردووە لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکیەکانی بواری نەوت لەکاتی سەردانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم بۆ واشنتۆن لە ڕێکەوتی ٢٠٢٥/٥/٢٠ ؟.
٢- هۆکارەکانی دواکەوتنی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی عێراقی دەرهێنراو لە پارێزگاکانی هەرێم لە ڕێگای بۆری نەوتی عێراق _ تورکیا چییە؟.

٣- ئایە ئاگاداری لایەنی ئێرانی کراوە سەبارەت بە نەهێشتنی بەقاچاخ بردنی نەوتی عێراق لە دەروازەکانی هەرێمەوە کە لە ڕێگای بەندەرەکانی ئێرانەوە دەفرۆشرێت؟.

٤- ڕێکارەکانی وەزارەتەکەتان چییە سەبارەت بە پابەند نەبوونی حکومەتی هەرێم بە ڕێزگرتن لە بنەما دەستورییەکان و  بڕیارەکانی دادگای باڵای ئیتیحادی و ڕێنماییەکانی ئەنجومەنی وەزیران لەمبارەیەوە چییە بۆتان؟.


سێیەم/ لەسەر ئاستی حکومەتی فیدراڵی :

 ویستێک هەیە لە عێراق بۆ فراوانکردن و بەهێزکردنی دەسەڵاتە فیدراڵیەکان، لەبەرامبەردا لاوازکردنی دەسەڵات و تواناکانی هەرێمی کوردستان، بە سود وەرگرتن لە دەقە دەستورییەکان بەمەبەستی پاشەکشەپێکردنی عێراق بەرەو مەرکەزییەت. ئەمەش بە پشتیوانی هەریەک لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ڕێگای یاساکانیەوە، هەروەها دادگای باڵای ئیتیحادی لە ڕێگای بڕیارەکانییەوە.

سەرەتا جێبەجێ کردنی بڕیارەکانی دانیشتنی ژمارە (٢٢و٢٣)ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە (٢٥_٢٧/ ٢٠١٧/٩) کە بڕیاردرا بە ئەنجامدانی ھەماھەنگی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و داخستنی فرۆکەخانەکانی ھەرێم و خرانە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی. 

ھەروەھا گرتنەبەری ھەمو ڕێکارێک بۆ گێڕانەوەی کێڵگە نەوتیەکانی باکوور لە کەرکوک و ناوچە جێ ناکۆکەکان بۆ ژێر دەسەڵاتی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی.

جگە لەوەی بڕیاردرا فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانی عێراق ھەموو ڕێکارێکی دەستوری و یاسایی بگرێتە بەر بۆ پاراستنی یەک پارچەیی خاکی عێراق و فەرمان بدات بەگەرانەوە و دووبارە بڵاوکردنەوەی ھێزی فیدراڵی لە ناوچە جێ ناکۆکەکان بە کەرکوکیشەوە و گەڕانەوەی دۆخەکە بۆ پێش (٢٠١٤/٦/١٠). 

دواتر ڕوداوەکانی (١٦ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧) و لەدەستدانی (٥١%)ی خاكى کوردستان.

پاشان بڕیاری دادگای باڵای ئیتیحادی ژمارە (٥٩/اتحادية/٢٠١٢ وموحدتها ١١٠/اتحادية/٢٠١٩) لە ٢٠٢٢/٢/١٥ سەبارەت بە نادەستوری بوونی یاسای ژمارە(22)ی ساڵی ٢٠٠٧ یاسای نەوت وگازی ھەرێمی کوردستان و هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێم، دواتر لە (٢٠٢٣/٣/٢٣) بڕیاری (دەستەی ناوبژیوانی پاریس)ی سەر بە ژوری بازرگانی نێودەوڵەتی (ICC) بە ڕاگرتنی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم لەڕێگای بەندەری جیھانەوە بە شێوەیەکی تاک لایەنە و بەبێ ڕەزامەندی حکومەتی فیدراڵ، بەوپێیەی کۆمپانیای سۆمۆ تاکە لایەنی فەرمی ھەناردەکردنی نەوتە لە عێراقدا و وەرگرتنەوەی مەلەفی نەوت و گاز. 

لە ئێستادا هەنگاوەکان بە ئاڕاستەی هەرەسهێنانی هەرێمە لەڕووی ئابوورییەوە، بەتایبەتی لە ڕێگای پرسی موچه‌ی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

وەزارەتی دارایی عێراق بە نوسراویان ژماره‌ ( ١٤٥٠٢ ) لە ٢٠٢٥/٥/٢٨ کە ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە، ڕوونی کردۆتەوە كه‌ چیتر ناتوانن موچه‌ بۆ هه‌رێم بنێرن بەهۆی ته‌واوبونی پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی سێ ساڵی فیدڕاڵی". ئەمەش بە بیانووی تێپەڕاندنی پشکی (١٢،٦٧)ی تە‌رخانكراوی هه‌رێم بە بڕی(١٣،٥٤٧ ترلیۆن ) لە کۆی (الانفاق الفعلی) کە له‌ (م١١/اولا) لە یاسای بودجه‌ی ژمارە (١٣) بۆ ساڵەکانی (٢٠٢٣، ٢٠٢٤، ٢٠٢٥) دیاریکراوە. هەروەها جێبەجێ نەکردنی پرۆسەی (توطين)ی موچه‌ی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هەتا ئێستا.

هەرچەندە ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی وه‌زاره‌تی دارایی لەلایەکەوە هەڵوێستێکی سیاسییە دژ بە هەرێم  بەڵام لە لایەکی ترەوە بەداخەوە هۆکارێکی تری بریتییە لە کەمتەرخەمی و نەزانینی په‌رله‌مانتاره‌كانی كورد له‌ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و تێپەڕبوون و چە‌سپاندنی ده‌سته‌واژه‌ی (الانفاق الفعلی) و ئەو بڕگە خراپانەیە کە له‌ یاسای ژمارە(١٣)ی(٢٠٢٣)ی بودجه‌ی عێڕاق بۆ ساڵه‌كانی (٢٠٢٣، ٢٠٢٤، ٢٠٢٥) هاتووە، کە حکومەتی هەرێمی کۆت و بەند کردووە و لە ڕووی دارایی و ئابوورییەوە بەتەواوی خستوێتیە ژێر ڕکێفی حکومەتی فیدراڵی.

جگە لەوەی بەردەوام حکومەتی فیدراڵی تێبینی هەیە لەسەر هەرێمی کوردستان لەبارەی ڕادەست نەکردنی نەوت و داهاتی ناوخۆ و بەقاچاخ بردنی نەوت لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە...هتد.

پێشتریش لە ساڵی ٢٠٢٤ و لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی(الحدث) سەرۆکی حکومەتی فیدراڵی(محمد شیاع سودانی) ڕایگەیاند:

شتێک نییە بەناوی بڕینی مووچە، لە یاسای بودجە ڕێژەی(١٢،٦٧) لە خەرجی گشتی وەردەگرێت و دەدرێت بە هەرێم، هەرێمیش دابەشی دەکات بە موچە، پرۆژە، چۆنی بوێت ئازادە، هەرێم پەرلەمان و حکومەتی هەیە. 

من پێم وایە هەڵە تێگەیشتن هەیە سەبارەت بە دەسەڵاتەکانی هەرێم لەسەر ئاستی میدیاکاران، دەستەبژێران، تەنانەت لەسەر ئاستی دامەزراوەکانیش.

گەر بڵێین مووچەی هەرێم پێویستە بەغدا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دابەشی بکات، پێویستە قەوارەی هەرێم هەڵبوەشێتەوە.

گەر هەرێم ڕازین لە سبەینێوە یاسا هەموار دەکەینەوە و بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە ڕێگای وەزارەتی داراییەوە مووچە دابەش دەکەین.


چوارەم/ تەنها لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان لە سەنگەری دژ بە هەرێمی کوردستاندا نین، لە ڕێکەوتی ٢٠٢٥/٦/٤ سەرکردەی سونەکان (محەمەد حەلبوسی) لە ڕاگەیەندراوێکدا هەڵوێستی خۆی ڕوون کردەوە سەبارەت بە کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی و بە ئاشکرا باسی لەوە کرد کە بەمەبەستی بنبڕکردنی ڕیشەیی ناکۆکیە بەردەوامەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتە فیدراڵییە یەک لەدوای یەکەکان پێویستە هەموو لایەک پابەندبن بەم هەنگاوانەوە
١- دەرهێنان و بەکارھێنان و بە بازاڕکردن و هەناردەکردنی نەوت و گاز و سامانە سروشتییەکان تەنها لە دەسەڵات و پسپۆڕیەتی حکومەتی فیدراڵی بێت.

٢- بەڕێوەبردن و پاراستنی سنوورەکان و دەروازەکان و چەسپاندنی(الرسومات و التعرفة الكمركية) تەنها لە دەسەڵات و پسپۆڕیەتی حکومەتی فیدراڵی بێت. هەروەها هەموو بەرپرسیارێتییەکانی نەهێشتنی بەقاچاخ بردن بگرێتە ئەستۆ.

٣- حکومەتی فیدراڵی خەرجییەکانی گەلی عێراق لە ئەستۆ دەگرێت، ئەو پارانەی لە بودجه‌ی فیدراڵی دیاریکراوە بۆ (وەزارەتەکان و پارێزگاکان و هەرێم) بە گوێرەی ڕێژەی دانیشتوان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دابەش بکرێت، لەگەڵ ڕێکەوتن لەسەر دیاریکردنی ڕێژەیەکی سەدی لە داهاتەکان بۆ هه‌رێم و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکان و ئەو پارێزگایانەی دەروازەکانی تێدایە.

پێنجەم/ دادگای باڵای ئیتیحادی:

 لە ڕێکەوتی ٢٠٢٥/٧/٦ دادگای باڵای ئیتیحادی دادبینی دەکات بۆ دوو داوای یاسایی، ژمارە (٨٨/اتحادية/٢٠٢٥) و (٩١/اتحادية/٢٠٢٥) سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کە ئەگەر هەیە هەڵبوەشێتەوە و هەرێم بەرەو پشێوی بچێت...

بۆیە کاتی ئەوە هاتووە سەرکردایەتی سیاسی کورد بە وردی بیر لە چارەسەری گرفتەکان بکاتەوە، گرنگە بەدوای ئەو هۆکارانەدا بگەڕێن بۆ تا ئێستا ھەرێمی کوردستان ھەر ھەنگاوێک دەنێت گرفتەکانی قوڵتر دەبێتەوە، بەھەر ئاڕاستەیەکدا دەچێت ڕێگا ھەڵە دەکات و ھەر بڕیارێک دەدات ئامانجەکەی ناپێکێت.

جێی نیگەرانییە قۆناغ بە قۆناغ هەرێمی کوردستان لاوازتر دەبێت، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە گرفتێک هەیە لە خودی خۆماندا !، ناکرێت مەترسی قۆناغەکە بەهەند وەرنەگرین، هێشتا دەرفەت ماوە بۆ بەرپەرچدانەوە یان کەمکردنەوەی مەترسییەکان، پێویستمان بە دووبارە بەخۆداچوونەوەیە، پێویستمان بە داڕشتنەوەی نەخشە ڕێگایەکی نوێیە، پێویستە ڕاوێژ بەوانە نەکەن کە تا ئێستا گوێتان لێ گرتوون.

ئەم قۆناغە پێویستی بە دروستکردنی گروپی قەیران هەیە لە پێناو دەربازبوون لەم زەلکاوەی تێی کەوتوین، بە کەسانی بوێر و میکانیزمی جیاواز.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن