* ئەوەی هەیە هەتا ئێستا لێکتێگەیشتنە نەبووە بە ڕێککەوتن
1/31/2026 12:05:00 PM
بڵند دلێر شاوەیس
* پێویستە خۆپیشاندانەکان بەردەوامی هەبێت.
* داواکاری نوسراو و دیاریکراو پێشکەش بکرێت بۆ ئەوەی ئەنجامی هەبێت.
ئەوەی هەیە لە ئێستادا لێکتێگەیشتنە لە نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و حکومەتی سوریا نەک ڕێککەوتنی کۆتایی، ڕێککەوتن دەبێت بەڵگەنامەیەکی داڕێژراوی ڕوون و گشتگیر بێت کە سەرجەم مافە سیاسی و مەدەنی و ئابوری و کلتوریەکانی لە خۆ گرتبێت، ڕێککەوتن پێویستە سەرجەم ناکۆکییەکان چارەسەر بکات و کۆی دۆسێی سیاسی و سەربازی و ئەمنی و کارگێڕییەکان یەکلا بکاتەوە.
هەربۆیە پێویستە پشتگیرییە جەماوەرییەکان و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی کورد لە هەموو جیهان بەردەوام بێت بەتایبەتی کە پرسی (ڕۆژئاڤا) بە هۆی جینۆساید و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی بەرامبەر بە گەلی کورد لە سوریا خەریکە دەچێتە قۆناغی پاڵپشتی نێودەوڵەتی و بابەتی کۆنگرێسی ئەمریکا و پەرلەمانی وڵاتانی ئەوروپا. هەر لەم ڕووەوە:
هەردوو ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا (Lindsey Graham) و (Richard Blumenthal) پرۆژە یاسای (ڕزگارکردنی گەلی کورد)یان پێشکەش بە کۆنگرێسی ئەمریکا کرد، لە پرۆژە یاساکەدا باس لە ڕۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات و هەماهەنگی (هەسەدە) لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات بۆ لەناوبردنی داعش.
هەروەها داوای سەپاندنی سزا بەسەر بەرپرسانی حکومەتی سوریا و ئەو دامەزراوە دارایی و کەسایەتییە بیانییانە دەکەن کە پشتیوانی سەربازی و مامەڵەی دارایی لەگەڵ حکومەتی سوریا دەکەن.
دووبارە ناساندنی دەستەی تەحریری شام (HTS) وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی (FTO).
لە پرۆژە یاساکەدا هاتووە پێویستە ڕەزامەندی کۆنگرێس وەربگیرێت بۆ لادانی ناوی سوریا وەک دەوڵەتێکی سپۆنسەری تیرۆر.
سەرۆک دەسەڵاتی هەیە بۆ ڕاگرتنی سزاکان دوای دڵنیابوونەوە لەلایەن کۆنگرێس کە حکومەتی سوریا هەموو هێرشەکانی بۆ سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و هاوبەشەکانیان ڕاگرتووە.
ڕێکارێکی تێدایە (Snapback) کە سەرۆک پابەند دەکات دەستبەجێ هەموو سزاکان دووبارە بسەپێنێتەوە ئەگەر حکومەتی سوریا دەست بکاتەوە بە هێرشکردن بۆ سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات یان هاوبەشەکانیان.
لەلایەکی ترەوە (Feryal Clark) ئەندامی پەرلەمانی بەریتانیا لە دانیشتنێکی پەرلەماندا باسی لە مەترسییەکانی سەر مافی مرۆڤ لە (ڕۆژئاڤا) کرد و داوای لە حکومەتی بەریتانیا کرد بە پێی ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان پشتیوانی مافی گەلی کورد بکەن، هەروەها باسی لە ڕۆڵی ئازایانەی کورد کرد لە جەنگی دژ بە داعش.
هەردوو حزبی (SGP) و (ChristenUnie) ی هۆڵەندا لە ڕێگای پەرلەمانی هۆڵەنداوە بە زۆرینەی دەنگ داواکارییەکیان ئاڕاستەی حکومەتی هۆڵەندا کردووە سەبارەت بە سەرکۆنەکردنی پێشێلکارییەکانی حکومەتی سوریای و بە ڕوونی باسیان لە هێرشەکانی سەر کورد لە (حلب ) و ئابڵوقەی سەر کۆبانی و بڕینی ئاو و کارەبا و تۆڕەکانی پەیوەندی کردووە.
لە داواکارییەکەدا هاتووە کە پێشێلکارییەکانی حکومەتی سوریا دژی مەرجەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەوروپا و حکومەتی سوریایە.
داوایان کردووە لە حکومەتی هۆڵەندا کە لە ڕێگای یەکێتی ئەوروپاوە فشاری توند بخرێتە سەر حکومەتی سوریا و پێدانی پاڵپشتییە داراییەکان بە حکومەتی سوریا ڕابگیرێت هەتا پاشگەز نەبێتەوە لە سیاسەتەکانی بەرامبەر بە کەمینە و پێکهاتەکان، ئەوەش دوپاتکراوەتەوە سەرچاوەکان پێویستە تەنها بۆ بونیادنانەوەی دامەزراوەکان بەکار بهێنرێن نەک بۆ بەهێزکردنی دەسەڵات و ئەنجامدانی پێشێلکاری...
لە ڕۆژانی ٢-٣/ ٢/ ٢٠٢٦ لە واشنتۆن کۆنگرەی ئازادی ئاینەکان (IRF Summit, February 2-3, 2026 | Washington, D.C) بەڕێوە دەچێت، لەم کۆنگرەیەدا کۆمەڵێک پرس دەوروژێنرێت، پرسی مافی مرۆڤ لە سوریا و دۆخی پەیڕەوانی ئاینە جیاوازەکان و تەنانەت ئەگەر هەیە پرسی نەتەوەکانیش باسی لێوە بکرێت.
لەم ڕووەوە پێکهاتەی(دروز)ەکان لۆبییەکی چالاکیان دروست کردووە بۆ وروژاندنی پرسی مافی چارەنووسی (دروز)ەکان لە سوریا، هەروەها بڕیارە رۆژی شەممە ٣١/ ١/ ٢٠٢٦ لە (ساحة الكرامة) لە پارێزگای(السويداء) خۆپیشاندانێکی بەرفراوان ئەنجام بدرێت بۆ ئەو مەبەستە.
بۆیە پێویستە خۆپیشاندانەکانی کورد بەردەوامی هەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا تەنها خۆپیشاندان و گردبوونەوەی هاوسۆزانەی بێ بەرنامە نەبێت، تەنها گردبونەوەی کوردپەروەرانە و گوتنەوەی دروشم نەبێت، پێویستە داواکاری دیاریکراو و نوسراو پێشکەش بە نەتەوە یەکگرتووەکان و پەرلەمان و باڵیۆزخانەی وڵاتان بکرێت هەتا بڕیارێکی نێودەوڵەتی بۆ کورد دەربکرێت، دەبێت ئەوەش بزانین گردبوونەوەی جەماوەری ڕۆڵی هەیە بۆ بەدەستهێنانی هاوسۆزی وڵاتان و گەلانی جیهان بۆ دۆزی ڕەوای گەلەکەمان بەڵام کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ دروشم مامەڵە ناکات وەڵامی دۆکیومێنت و داواکاری نوسراو دەداتەوە.
پێویستە داواکاریەکانی کورد لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان لە پێناو پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی و ئارامی ناوچەکە بریتی بێت لە:
١- دەرکردنی بڕیارێک هاوشێوەی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش ژمارە (٦٨٨)ی ساڵی ١٩٩١ تایبەت بە باشووری کوردستان، بۆ دیاریکردنی ناوچەی ئارام (المنطقة الامنة) بۆ کورد لە سوریا، ناوچەی دژە فڕین و دژە درۆن (منطقة حضر الطيران).
٢- دانپێدانان بە تاوانی جینۆساید و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی بەرامبەر بە پێکهاتەی کورد لە سوریا.
٣- داواكردني هێزی ئاشتی پارێز لە نێوان میلیشیاکانی سەر بە (الجولاني) و هێزەکانی (هەسەدە). هێزی ئاشتی پارێزی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان یان هێزی لایەنی سێیەم.
٤- داواکردنی بەڕێوەبردنی ناوچە کوردییەکانی سوریا لەسەر بنەمای فیدراڵی یان ئۆتۆنۆمی یان هەر شێوەیەک بێت کە کوردانی ڕۆژ ئاوا بە گونجاوی دەزانن و بە ڕوونی دیاری بکەن.
٥- داڕشتنەوەی دەستوری سوریا و جێگیرکردنی مافەکانی کورد لە دەستوردا.