ئەگەری گۆڕانکارییەکانی ئێران و کورد
1/17/2026 10:48:00 AM
بڵند دلێر شاوەیس
لەدوای ڕوداوەکانی
بەهاری عەرەبی چەندین سیستەمی سیاسی هەرەسی هێنا، دەسەڵاتی سیاسی لە کۆمەڵێک وڵاتی
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانکاری ڕیشەییان بەسەردا هات، بەڵام بەداخەوە زۆربەیان لە دۆخێکی
سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی خراپەوە بۆ دۆخێکی خراپتر، بە نموونە لیبیا، یەمەن،
سوریا...
گۆڕانکاری گرنگە
بەڵام لە خراپەوە بۆ باش نەک لە خراپەوە بۆ خراپتر، سیستەمە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی
ناوەڕاست کە ماوەیەکی زۆرە لە دۆخی چەقبەستوودان پێویستیان بە گۆڕانکاری ریشەیی هەیە،
باشترین شێوازی گۆڕانکاری بریتییە لەو گۆڕانکارییانەی کە بە ویست و ئیرادەیەکی ناوخۆیی
بە جێبەجێکردنی بەرنامە و ئەجندای نیشتمانی بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی جیهان
ومامەڵە کردن لەگەڵ پێشهاتەکاندا ئەنجام دەدرێت، بە شێوەیەک ماف و ئازادییەکان
زامن بکات و ڕەنگدانەوەی ئەرێنی هەبێت لەسەر بەرەوپێشبردنی دۆخی گوزەرانی خەڵک و ژیانێکی
شایستە بۆ هاوڵاتیان دابین بکات.
ئەوەی ئێستا لە
ئێران دەگوزەرێت هەرچەندە بابەتێکی ناوخۆیی ئەو وڵاتەیە، بەڵام بەهۆی هاوسنوریمان
و پەیوەندی کۆمەڵایەتی وئابووری و سیاسی نێوانمان و بوونی کورد لە ئێران وەک پێکهاتەیەکی
سەرەکی ئەو وڵاتە کەم یان زۆر پەیوەندی بە هەرێمی کوردستان و کۆی گەلی کوردستانەوە
هەیە.
مەرج نییە دەست
تێوەردانی دەرەکی بۆ گۆڕینی سیستەمی سیاسی و ڕوخانی دەسەڵاتی سیاسی لە ئێران لە بەرژەوەندی
کورد بێت، بەڵگەش بۆ ئەم بۆچوونە دۆخی (سوریا)یە، ڕەنگە (بشار الاسد) و دەسەڵاتەکەی
لە زۆر ڕووەوە لە (جۆلانی) و دەسەڵاتی ئێستای (سوریا) بۆ کورد باشتر بوبێت، ئەو ئەڵتەرناتیڤیانەی
باسی لێوەدەکرێت بەداخەوە بۆ تەواوی گەلی ئێران و گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان
نا ڕوونە یان لەوانەیە جێگای ئومێد نەبێت، هەروەها هەموو جەنگێک لە دەوروبەرمان
کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت و ڕەنگە پڕیشکیشمان بەرکەوێت.
هیوادارین لە ئێران
سود لە ڕوداوەکانی لیبیا و یەمەن و سوریا وەربگرن، جیاواز لە وڵاتانی عەرەبی نموونەیەکی
نوێی گۆڕانکاری سیاسی لە ناوچەکەدا بهێننە ئاراوە، بە شێوەیەک ئەجێندایەکی ناوخۆیی
هەبێت بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکان و کرانەوەی سیاسیی و زامنکردنی ماف و ئازادییەکان
و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ هاوڵاتیان و لەسەروو هەمووشیانەوە مافی گەلی کورد
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.