سیاسەتی بێلایەنی و ئاشتی خوازانە، پێگەی هەرێمی کوردستان بەهێز دەکات
3/31/2026 12:40:00 PM
بڵند دلێر شاوەیس
دانبەخۆداگرتن
و وەڵام نەدانەوەی ئەو هێرشە درۆنی و موشەکییانەی دەکرێتە سەرمان، لەگەڵ سیاسەتی بێ
لایەنی و تێوەنەگلان لەم جەنگەدا، متمانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە هەرێم زیاد دەکات،
وێنەیەک پیشان دەدرێت کە هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی سیاسی پێویستە بۆ سەقامگیری
و ئارامی لە ناوچەکە و پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی.
جەنگی (ئەمریکا،
ئیسرائیل) دژ بە (ئێران) کاریگەری لەسەر هەموو وڵاتانی جیهان هەیە، گرفتی وزە و هەڵئاوسان
و نائارامی سیاسی و ئابووری لە جیهان بەگشتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی دروست
کردووە، لەلایەکەوە بە هۆی تێچووی ڕۆژانەی جەنگەکە و زیانەکانی لە ڕووی گیانی و
مادییەوە هەرسێ وڵاتانی (ئەمریکا، ئیسرائیل، ئێران) کەوتونەتە ئەو بڕوایەی دەیانەوێت
بە کەمترین زیان و زۆرترین دەستکەوت و خێراترین کات لێی دەرچن. لەلایەکی ترەوە بۆ
فراوان نەبوونی جەنگەکە وڵاتانی دۆست و هاوپەیمانی هەرسێ لایەنی جەنگەکە لە نێوەندگیریدان
بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنی ئاشتی.
پێدەچێت ئەم هۆکارەش
بێت وایکردووە لایەنە شەڕکەرەکان لە ئێستادا زۆرترین توانا و هێزیان بەرامبەر بە یەکتری
بەکار دەهێنن، بۆ ئەوەی لەسەر مێزی دانوستان و لەکاتی ڕێکەوتندا زۆرترین دەستکەوت
و ئامانج بەدەست بهێنن.
یەکێک لە ئەگەرە
بەهێزەکانی کۆتایی ئەم جەنگە هەڵوەشاندنەوە و چەک کردنی میلیشیا و گرووپە چەکدارەکانی
عێراقە.
هەربۆیە بەردەوامبوونی
هەرێمی کوردستان لەسەر سیاسەتی بێلایەنی و بەرپرسانە و ئاشتی خوازانە، بۆ میلیشیا
و گروپە چەکدار و لایەنە لە یاسا دەرچووەکان مایەی نیگەرانییە و هەموو هەوڵێک دەدەن
هەرێمی کوردستان پەلکێشی ناو ئەم جەنگە و ململانێی نێوان زلهێزەکان بکەن...
ئەم هێرشە چڕانەی
سەر هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی هێرشەکانی سەر بارەگای بارزانی و ماڵی سەرۆکی هەرێم
و بارەگاکانی پێشمەرگە، ڕەنگە بەشێک بێت لە
زنجیرەکانی کۆتایی ئەم جەنگە و دوا پەلە قاژێی مەرگی میلیشیا و گرووپە چەکدارەکان
بۆ تێوەگلانی هەرێم لە جەنگەکەدا.
خۆڕاگری هەرێمی
کوردستان و بەردەوامبوونی لەسەر سیاسەتی دروستی ئاشتی خوازانە و بێلایەنی لەم جەنگەدا،
لەگەڵ توانای پاراستنی هاوسەنگی لە نێوان زلهێزەکاندا، پێگەی هەرێم لەبەردەم کۆمەڵگەی
نێودەوڵەتی جێگیر و بەهێز دەکات، دەکرێت لە داهاتودا وەبەرھێنانی سیاسی تێدا بکرێت،
زامنی پاراستنی دەستکەوتەکان و بەدیهێنانی دەستکەوتی دیکەیە لە ئایندەدا.