16وتار

وەڵامی کۆبوونەوەی چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق سەبارەت بە موچە و گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر

6/23/2025 8:12:00 PM
بڵند دلێر شاوەیس


 ڕێکەوتی ٢٠٢٥/٦/٢٢ هەریەک لە(د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق، محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ، د. مەحموود مەشهەدانی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری) کۆبونەوەیەکی چوار قۆڵییان ئەنجامدا، یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبونەوەکە وەڵامدانەوەی داواکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان و پرسی ناردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بوو. لە وەڵامدا چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق داوایان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد پابەند بێت بە بڕیاری دادگای باڵای ئیتیحادی و جێبەجێی بکات، بۆ ئەوەی حکومەتی فیدراڵی موچەی موچەخۆرانی هەرێم دابین بکات، هەروەها كێشەکانی دیکە بە پێی دەستوور و یاسا چارەسەر بکرێن.
بەمشێوەیە بێت پرسی موچه‌ی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان گەڕایەوە بۆ خاڵی سفر، سەرلەنوێ دەستکردنەوە بە پرۆسەی (توطين) و تەسلیم کردنی سەرجەم داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانی هه‌رێم بە حکومەتی فیدراڵی، بە گوێرەی بڕیاری دادگای باڵای ئیتیحادی و یاسای بودجەی فیدراڵی. ئەوەی شایانی باسە لە ڕۆژی ٢٠٢٤/٢/٢١ دادگای باڵای ئیتیحادی بڕیارێکی دەرکرد لە داوای ژمارە (٢٢٤ وموحدتها ٢٦٩/اتحادیة/٢٠٢٣)، بڕیارەکە ناسرا بە بڕیاری(توطين). بڕیارەکە بریتی بوو لە پێنج بڕگە:
1- پابەند کردنی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فیدراڵ و سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە (توطین رواتب) ناردنی موچەی موچەخۆرانی سەرجەم وەزارەت و پارێزگا و دەستە و دامەزراوەکانی هەرێم لە فەرمانبەران و خانەنشینان و سودمەندانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی لە لایەن بانکەکانی حکومەتی فیدراڵییەوە، ئەو بڕە پارەیەی موچەش لە پشکی هەرێم دەبڕدرێت بە پێی یاسای بودجەی ئەو ساڵە و ساڵەکانی دوایی، لەگەڵ پابەندکردنی لایەنە تایبەتمەندەکانی هەرێم بە هەماهەنگی کردنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ سەبارەت بە جێبەجێکردنی ئەم پرۆسەیە بێ گەڕانەوە بۆ نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان لە بغداد.
2- هەروەها پێویستە بانکەکانی حکومەتی فیدراڵ ئاسانکاری بۆ ڕێکارەکانی بەجێگەیاندنی پرۆسەی (التوطین) ئەنجام بدەن تا موچەخۆران لە شوێنی نیشتەجێبونیان موچەکانیان وەربگرن لە ڕێگای ئەو بانکانەوە یان ئەو بانکانەی کە لە هەرێم کراونەتەوە و مۆڵەتی بانکی ناوەندی عێراقیان هەیە، لەگەڵ پابەندبونی بەرپرسانی وەزارەت و دەزگا حکومیەکانی هەرێم بە دروستی داتا و زانیاریەکانی تایبەت بەم پرۆسەیە. بەم شێوەیەش لەدوای ئەنجامدانی پرۆسەکە لە بری ئەوەی سەرۆکی حکومەتی فیدراڵ بە ڕێگای قەرز موچەی موچەخۆرانی هەرێم بنێرێت لە ڕێکای سیستەمی بانکییەوە دەینێرێت و موچەخۆر لە بری ئەوە بەشێوەیەکی دەستی موچە وەربگرێت لە ڕێگای ئەژماری بانکییەوە موچەکەی وەردەگرێت.
٢- سەرجەم وەزارەت و پارێزگا و دەستە و دامەزراوەکانی هەرێم لەکاتی داواکردنی تمویل کردن پابەند دەبن بە فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی فیدراڵ وەک هەر وەزارەتێکی حکومەتی فیدراڵ....
٣- پابەند کردنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تەسلیم کردنی سەرجەم داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان بە خەزێنەی فیدراڵی بە گوێرەی یاسای (قانون الادارة المالیة الاتحادیة) و وردبينی کردنی داتا و زانیاریەکانی تایبەت بەم داهاتانە لە لایەن دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ بە هەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری و دارایی هەرێم بە پێی(م١٢)ی یاسای ژمارە (١٣)ی ساڵی ٢٠٢٣، یاسای بودجەی ساڵەکانی (٢٠٢٣، ٢٠٢٤، ٢٠٢٥).
٤- سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پابەند دەکرێت بە ڕێگەدان بە دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ بە هەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم بە وردبینی هەژمارە بانکییەکانی هەرێم لە لای بانکی ناوەندی و وردبینی لیستی موچەخۆران و خانەنشینان و سودمەندانی تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی لە هەرێم.
٥- خاڵی پێنجەم تایبەت بوو بە رسومات و تێچووی داواکە. ئەوەی جێگەی داخە هەموو ئەم بارگرانی و پابەندیانەی خراونەتە سەر هەرێمی کوردستان لەئەنجامی ناشارەزایی نوێنەرانی کورد لە حکومەتی فیدراڵ و ناکارامەیی ئەندامانی کوردە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بێ توانایی تیمە دانوستانکارەکانی هەرێمە لەگەڵ بەغدا.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن