18وتار

وتارەکەی ئەردۆگان و دەست پێکردنی قۆناغە سەختەکەی ئاشتی

7/14/2025 2:21:00 PM
بڵند دلێر شاوەیس

 لە هەنگاوێکی تری پرۆسەی ئاشتیدا لە نێوان دەوڵەتی تورکیا و کورد، ڕێکەوتی ٢٠٢٥/٧/١١ لە نزیک ئەشکەوتی جاسەنە پۆلێک لە گەریلاکانی(pkk) چەکەکانیان سوتاند، وەک نییەت پاکییەک بۆ کۆتایی هێنان بە قۆناغی خەباتی چەکداری و دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی و خەباتی مەدەنی.

ڕۆژی دواتر  ٢٠٢٥/٧/١٢ ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان، سه‌رۆك كۆماری توركیا وتارێکی پێشکەش کرد، هەرچەندە سەرۆک کۆماری تورکیا لە وتارەکەیدا سەبارەت بە پرۆسه‌ی ئاشتی ئاماژەی بە چەندین بابەتی گرنگدا، بەڵام ناوەڕۆکی وتارەکەی شایەنی هەڵوێستە لەسەر کردنە و کۆمەڵێک تێبینی لەخۆ دەگرێت، گرنگترینیان:

یەکەم- سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند : "٤٧ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر یه‌كه‌مین چالاكی تیرۆر ده‌ستیپێكرد و ڕۆژ به‌ ڕۆژ تیرۆر زیاتر به‌ره‌و پێشه‌وه‌چوه‌، زیانی زۆر به‌ر توركیا گه‌یشتوه‌ و زیاتر له‌ دە هه‌زار ئه‌ندامی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان گیانیان له‌ده‌ستداوه‌".

ئەم خاڵە ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە تا ئێستا تورکیا بە چاوی تیرۆریست لە (pkk) دەڕوانێت نەک بزوتنەوەیەکی چەکداری سیاسی ڕزگاریخوازی نەتەوەیەک!.

ئەمەش چەند پرسیارێک دروست دەکات:

 ١- گەر (pkk) تیرۆریستە چۆن دەوڵەتی تورکیا دانوستانی لەگەڵ (عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان) سەرکردەی زیندانیکراوی تیرۆریستان ئەنجام دەدات؟
٢- ئایە لە بنەڕەتدا ئەم پرۆسەیە دانوستانە بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەی نەتەوەیەک لە چوارچێوەی دەوڵەتی تورکیادا، یان تەسلیم بوون و (توبة) كردنە؟
ڕاستە (pkk) لە کۆنگرەی دوانزەدا خۆی هەڵوەشاندەوە، بەڵام ئایە سەرکردایەتی وجەماوەری (pkk) بەم پێناسە کردنە ڕازییە، نکۆڵی لە مێژوو و خەباتی ڕابردویان دەکەن؟
٣- گەر شەڕی دەوڵەتی تورکیا لەگەڵ تیرۆر بووە چۆن و لە ژێر چ ناوێکدا قەرەبوی قوربانیانی کورد دەکرێتەوە.

دووەم- ئه‌ردۆگان ده‌ڵێت: "هه‌ندێك هه‌ڵه‌ی حكومه‌ته‌كانی توركیا "تیرۆر"ی زیاتر كرد له‌وانه‌ ڕێگریكردن له‌ زمانی كوردی.".

سەبارەت بەم وتەیە:

 ١- جێگای نیگەرانییە قوربانیانی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا بە قوربانی تیرۆر ئەژمار بکرێت، لەبەرامبەردا قوربانیدانی گەلێکی زوڵم لێکراو بە تیرۆریست پێناسە بکرێت و ئەو هەموو زیانە گیانی و مادی و پێشێلکارییەی مافی مرۆڤ بەرامبەر بە کورد کراوە تەنها بە هەڵەی حکومەتی تورکیا ئەژمار بکرێت.

٢- لەلایەکی ترەوە پێدەچێت سەرۆک کۆماری تورکیا کێشەی کورد و داواکارییەکانی لە پرسی زمان و بابەتە کلتورییەکاندا ببینێتەوە، نەک پرسێکی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی نەتەوەیەکی دەیان ملیۆن کەسی.

سێیەم- لە وتەکانی ئەردۆگان دا هاتووە:

 "لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ كراوه‌تەوە و كۆتایی به‌ خوێن و فرمێسك ده‌هێنین".

"وەک هەنگاوی یەکەم، کۆمیسیۆنێک لە ئەنجومەنی باڵای نەتەوەیی تورکیا دادەمەزرێنین و دەست دەکەین بە گفتوگۆکردن لەسەر مەرجە یاساییەکانی پرۆسەکە".

گرنگترین خاڵەکانی وتارەکەی ئەردۆگان بریتییە لەم بڕگەیە کە بەو مانایە دێت پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەکەوێتە بواری پراکتیکی و ماف و داخوازییەکانی گەلی کورد لە باکوور بە دەستوری و یاسایی دەکرێت لە ڕێگای دروست کردنی لیژنەیەک لە (پەرلەمان).
لێرەدا وریایی و کارامەیی و توانای کورد بە سود وەرگرتن لە پاڵپشتییە نێودەوڵەتییەکان ڕۆڵی کاریگەر دەبینێت بۆ چەسپاندنی مافە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی کورد لە چوارچێوەی دەستوور و یاسا بەرکارەکانی تورکیادا، بە تایبەتی ڕۆڵ و ئەرکی پەرلەمانتارانی کورد و بەشداریکردنی ئەرێنیانەی هەمو لایەنە سیاسیەکان لە (پەرلەمان) ئەنجومەنی باڵای نەتەوەیی تورکیا ( Türkiye Büyük Millet Meclisi ) بۆ پێناسە کردنی کورد وەک نەتەوەیەکی هاوبەش لە دەوڵەتی تورکیادا و دەستکردن بە گرنگترین هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتی کە بریتییە لە:

- ئازاد کردنی زیندانیانی سیاسی و خودی بەڕێز (عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان).
- هەموارکردنەوەی دەستوری تورکیا.
- دان نان بە کورد وەک نەتەوەیەکی هاوبەش لە تورکیا دا.
- بە یاسایی کردنی مافە نەتەوایەتیەکانی کورد لە ڕێگای دەسەڵاتی یاسادانانەوە لە تورکیا.
- زامنکردنی ماف و ئازادییە سیاسییەکان لە یاسا بەرکارەکاندا.
- قەرەبووکردنەوەی زیانە گیانی و مادییەکان.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن