27وتار

درێژکراوەی مۆدێلی بارزانی لە سلێمانی

11/16/2026 11:27:00 AM
شوان محەمەد

ئەوەی چەند ساڵێکە لە سلێمانی روودەدات بەرهەمی بزاوتێکی فیکری و رۆشنبیری سیاسی ئەم شارە نییە، بەڵکو ئەوە گواستنەوەی مۆدێلی حزبی و حوکمڕانی پارتیە بۆ کایەی سیاسی و حزبی ناوچەکانی سلێمانی، بەڵام ئەوە پارتی نییە کە ئەم کاری گواستنەوەیە دەکات، بەڵکو خودی یەکێتیە کە ئەم پرۆسیە ئەنجام دەدات.

لە ئێستادا مۆدیلی حوکمرانی پارتی کە لە کۆنترۆڵکردنی هەموو جومگە هەستیارەکانی دەسەڵاتی حزبی و حوکمی و ئابوری و ئەمنی و میدیایەکان لەلایەن بنەماڵەی بارزانیەوە، خۆی دەبینێتەوە، هەر لە خۆڕا و بە ئاسانی لە ماوەیەکی کەمدا نەگەیشتۆتە ئەم ئاستەی ئێستا، بەڵکو کۆنترۆڵکردنی هەموو جومگەکانی دەسەڵاتە لەلایەن بارزانیەکانەوە لە دوای راپەڕینی ساڵی ١٩٩١ تا ئەمڕۆ، بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕیووە، مێژوویەک لەناو پارتیدا سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی پەرلەمان و کەسی دووەمی ناو حزب و بەرپرسی دەزگا سیخوڕیەکەی لە بنەماڵەی بارزانی نەبوون، بەڵام ئەمڕۆ دەبینین هەموو ئەو جومگە گرنگانەی دەسەڵاتێکی سەرتاپیگری" شمولی " پێدەناسرێتەوە لە دەست بنەماڵەی بارزانیدا کۆبۆتەوە.

ئەم مۆدێلە گەر پارتی لە ساڵانی رابردوودا هەوڵی زۆری بۆ دابێت قەڵەم ڕەوی حوکمڕانی خۆی درێژبکاتەوە بۆ ناوچەکانی سلێمانی، سەرکەوتنی بەدەست نەهێناوە، بەڵام لە دەرەوەی پارتی و لەناو خودی یەکێتیدا هەوڵی بەرهەمهێنانی مۆدلێکی هاوشێوەی پارتی درا.

سەرەتا دروستکردنی جۆرە مۆدیلێکی هاوشێوەی پارتی لەلای یەکێتی دەگەرێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٩ کاتێک کە تاڵەبانی باوک و نەوشیروان مستەفا نەیانتوانی ئیدارەیەکی تەندروستی ناکۆکیەکانیان بدەن و لە ئەنجامدا بزووتنەوەی گۆڕان دامەزرا، دواتر لەگەڵ مردنی تاڵەبانی و کەڵەکەبوونی هێز و پارە لەلای نەوەی نوێ تاڵەبانییەکان ( سەرەتا لاهور و دواتر بافڵ) سەرەتای دەرکەوتنی مۆدیلی پارتی لە ناو منداڵدانی یەکێتیدا جێگیر بوو.

مۆدیلی پارتی؛ جگە لە کۆکردنەوەی دەسەڵاتە هەستیارەکانی کە پێویستن بۆ مانەوەی حوکمرانی هەر بنەماڵەیەک، لەسەر ئاستی سیاسیش لە ناوچەکانی زۆنگی زەردا هیچ هێزێکی سیاسی شوێن پێ بەهێز و  جەماوەریی نەهێشتەوە کە مەترسیداربن لەسەر دەسەڵاتی بنەماڵەکەو، لەماوەی چەند ساڵێکدا سەرجەمیانی خستە پەراوێزەوە. کۆکردنەوەی میدیا و کەلتور لە دەستی بنەماڵەکە خۆیدا، لەبری پەرلەمان و حکومەت قۆرخکردنی پەیوەندیەکانی دەرەوە لە دەست کەسانێک جێگای متمانەی بنەماڵە بن. هەموو ئەو رووداوانەی ئێستا لە سلێمانی و لەناو یەکێتیدا دەگوزەرێت دووبارەکردنەوەی هەمان مۆدیلی پارتیە، بەڵام دراماتیکی رووداوەکان لەلای پارتی پلە بەپلە چووە پێش، لەلای یەکێتی زۆر بە خێرا دەچێتە پێش.

پەراوێزخستنی سیاسی، کۆنترۆڵکردنی بازاڕ و میدیا و کەلتور، هیچ نەفەسێک بۆ ئازادی سیاسی و ئازادیەکی تەندروستی بازاڕ و ئازادی بۆ کەلتورو بیرورا ناهێڵێتەوە کە کۆمەڵگای کوردی لە هەناسەدان زیاتر پێویستی بەو ئازادیەیە، واتە بە کورتی لە سایەی رژێمێکی بنەماڵەی ( شمولی ) لەم شێوەیەدا هیچ بوارێک بۆ ژیانی کۆمەڵگا ناهێڵێتەوە.

جۆرە مۆدیلێکی لەم شێوەیە داخراو کە مرۆڤ لەسەر بنەمای رەعیەت و کورتکردنەوەی بۆ کەسێکی بێ ئیرادە و شوێنکەوتەی هێزی سیاسی لەسەر بنەمای " کۆیلەی دوانەی: پۆست و پارە " کۆبکاتەوە، بەدڵنیایەوە دژی پێشکەوتنی کۆمەڵگای کوردیە.

ئەم مۆدێلەی هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی لە هەرێمی کوردستاندا پیادەی دەکەن، مۆدیلێکی داخراوەو رۆژبەرۆژ کۆمەڵگای کوردی دووچاری لێکترازان و دابەشبوونی زیاتر دەبات، هەرگیز ئەم مۆدێلە ناتوانێ هەڵگری ئەرکی بنیتانانی نیشتمان بێت و کۆمەڵگایەکی شایستە بە مرۆڤ بێت.

ئەوەی لەم رۆژانەدا مۆدیلی تاڵەبانی بەرامبەر گرووپ و دەستە و تاکەکانی ناوچەکانی سلێمانی بەڕێوەی دەبات، سەندنەوەی مافی ئازادی و سیاسەت و خۆسەپاندنیەتی بەسەر کۆمەڵگایەکدا کە لێوان لێوە لە پرسی ئینسان دۆستی و نەتەوەیی و نیشتمانی، هاوڵاتیانی سلێمانی تا ئەم ساتەی باسی دەکەین لە مێژووی نوێدا دوای مۆدیلی سیاسی خۆسەپێنی بنەماڵەیی نەکەوتوون، لەوەش زیاتر وەک مێگەل دوای مۆدیڵێک لە حوکمڕانی ناکەون کە شوناسی نەتەوەییان لە مێژوودا لەکەدار بکات و ببنە بەشێک لە دابەشکردنی رۆحی نەتەوە.   
 
تێبینی: گەر دەتەوێت رۆحی کۆمەڵگای کوردی و بەتایبەتی سلێمانی بخوێنیتەوە، تەماشای خۆپیشاندانی سەدان هەزار کەسی سلێمانی کە زۆرینەیان گەنج بوون بۆ پشتیوانی لە رۆژئاوای کوردستان لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ بکە و، دووجار بیربکەرەوە! 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن