10وتار

جیاوازی ناوەڕۆکی ڕێککەوتنی نێوان حكومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ

7/21/2025 11:01:00 PM
بڵند دلێر شاوەیس


 بە پێی ئەو دوو نوسراوەی بڵاو کراوەتەوە لە سۆشیال میدیا کە تایبەتە بە بڕیاری ژمارە(٢٨٥)ی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و بڕیاری ژمارە (٥٥٠)ی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ، سەبارەت بە لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنی نێوان حكومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ، جیاوازییەکی زۆر لە نێوانیاندا هەیە، بە شێوەیەک ئەوەندە جێگای سەرسوڕمانە گومان دەکرێت لە ڕاستی و دروستی نوسراوەکان.
 جێی سەرنجە دوای ئەو هەموو دانوستان و دانیشتن و هاتوچۆی شاند و لیژنەی وەزاری و خەڵکە پسپۆڕ و شارەزایانە، هەردوو نوسراوی بڕیاری لێکتێگەیشتن یان ڕێککەوتنی نێوان حكومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی دوو ناوەڕۆکی جیاوازیان هەیە؟ بە گوێرەی ئەو دوو بڕیارەی بڵاوکراونەتەوە، جیاوازی ناوەڕۆکیان خۆی دەبینێتەوە لەم خاڵانەی خوارەوەدا: یەکەم / دۆسێی نەوت
 ١- بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ژمارە(٢٨٥) لە ٢٠٢٥/٧/١٦، باس لە پەسەند کردنی لێکتێگەیشتن (التفاهم المشترك) لە نێوان هەردوو لایەنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی دەکات.
 بەڵام بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵی ژمارە (٥٥٠) لە ٢٠٢٥/٧/١٧ تایبەتە بە پەسەندکردنی ڕاسپاردەکانی(توصيات) ليژنەی وەزاری سەبارت بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ژمارە(٢٨٥) لە ٢٠٢٥/٧/١٦.
٢- بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پێکهاتووە لە بڕیارێکی(دوو) خاڵی و هاوپێچێک کە لە (چوار) خاڵ پێکهاتووە، خاڵی یەکەم (٢) بڕگە، خاڵی دووەم(٣) بڕگە. بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵی پێکهاتووە لە(شەش) خاڵ، خاڵی یەکەم (٢) بڕگە، خاڵی دووەم(٢) بڕگە.
 ٣- لە بڕیارەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە: دۆسێی نەوت (ملف النفط).
بەڵام لە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵیدا هاتووە: دۆسێی تەسلیم کردنی نەوت (ملف تسليم النفط).
 ٤- بە گوێرەی بڕیارەکەی حکومەتی هەرێم: حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژانە دەست دەکات بە هەناردەکردنی تەواوی بەرهەمی نەوتی کێڵگەکانی هەرێم (٢٣٠ هەزار) بەرمیل نەوت لە گەڵ ئەو زیادەیەی لە داهاتوشدا ڕودەدات لە ڕێگای کۆمپانیای (سۆمۆ)، حکومەتی فیدراڵی بڕی (١٦ دۆلار ) دەدات بە هەرێم لە بری هەر بەرمیلێک بە گوێرەی یاسای هەمواری یەکەمی یاسای بودجەی فیدراڵی. بە گوێرەی بڕیارەکەی حکومەتی فیدراڵی: حکومەتی هەرێمی کوردستان دەست دەکات بە تەسلیم کردنی تەواوی بەرهەمی نەوتی کێڵگەکانی هەرێم بە کۆمپانیای (سۆمۆ) بەمەبەستی هەناردەکردن، حکومەتی فیدراڵی پێشینەیەک بە بری (١٦ دۆلار ) دەدات بە هەرێم لە بری هەر بەرمیلێک بە شێوەی (عیني يان نقدي) بە گوێرەی یاسای هەمواری یەکەمی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی ژمارە (١٣ی ساڵی٢٠٢٣)، بەمەرجێک لە ئێستادا بڕەکەی لە (٢٣٠ هەزار) بەرمیل نەوت کەمتر نەبێت و هەر زیادکردنێک لە بەرهەمدا ڕووبدات بخرێتە سەری، لە ڕێگای لیژنەی پێوانە و پێوەری هاوبەش، ئەگەر بەهەر هۆکارێک هەناردەکردنی نەوت ڕاگیرا، کۆی ئەو بڕە تەسلیم دەکرێت بە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی.
 ٥- بە گوێرەی بڕیارەکەی حکومەتی هەرێم: ڕۆژانە بڕی (٥٠ هەزار) بەرمیل نەوت بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی هەرێم دابین دەکرێت، بە مەرجێک حکومەتی هەرێم بەڵێن دەدات تێچووی بەرهەمهێنانی ئەم بڕە بگرێتە ئەستۆ، لەکاتی پێویستی حکومەتی هەرێمدا وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بڕێک لە بەرهەمەکانی بۆ دابین دەکات کە یەکسان بێت بە پاڵاوتنی(١٥ هەزار ) بەرمیل نەوت. لیژنەیەکی هاوبەش لە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی هەرێم هەڵسەنگاندن بۆ پێویستی ڕاستەقینەی هەرێم بۆ بەرهەمە نەوتییەکان دەکەن بەمەبەستی دابینکردنی و لە ماوەی دوو هەفتەدا ڕاپۆرتەکەیان بەرز دەکەنەوە. بەڵام لە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵی هاتووە: بە گوێرەی ڕاپۆرتەکانی هەرێم کۆی بەرهەمی نەوتی لە ئێستادا بریتییە لە (٢٨٠ هەزار) بەرمیل(٥٠ هەزار) بەرمیل بۆ پێویستی ناوخۆ دابین دەکرێت و باقیەکەی (٢٣٠ هەزار) بەرمیل نەوت ڕۆژانە لەگەڵ هەر زیادبوونێکی بەرهەم لە داھاتودا تەسلیم بە (سۆمۆ) دەکرێت بەمەبەستی هەناردەکردن. ڕۆژانە بڕی (٥٠ هەزار) بەرمیل نەوت بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی هەرێم دابین دەکرێت، بە مەرجێک حکومەتی هەرێم بەڵێن دەدات تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی ئەم بڕە بگرێتە ئەستۆ و داهاتی فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان بگێڕێنێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی فیدراڵی لە دوای لێبڕینی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و پاڵاوتن. لەکاتی پێویستی حکومەتی هەرێم وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بڕێک لە بەرهەمەکانی بۆ دابین دەکات کە زیاتر نەبێت لە پاڵاوتنی (١٥ هەزار ) بەرمیل نەوت.
 دووەم/ دۆسێی داهاتە نانەوتییەکان ١- بە گوێرەی
 بڕیارەکەی حکومەتی هەرێم: بڕی(١٢٠ ملیار دینار) تەسلیم دەکات بە وەزارەتی دارایی فیدراڵی بۆ هەر یەک لە مانگەکانی(٥ و ٦ /٢٠٢٥). تیمێکی هاوبەش لە هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی و هەرێم پێکدێت بۆ وردبینی لە داهاتە نانەوتییەکان و پۆلێنکردنیان و دیاریکردنی پشکی حکومەتی فیدراڵی لە ماوەی زیاتر نەبێت لە مانگێک. بەڵام بە گوێرەی بڕیارەکەی حکومەتی فیدراڵی: دەبێت هەرێم بڕی(١٢٠ ملیار دینار) وەک گوژمەیەکی سەرەتایی تەسلیم بکات بە وەزارەتی دارایی فیدراڵی وەک پشکی خەزێنەی فیدراڵی بۆ مانگی(٥ /٢٠٢٥).
تیمێکی هاوبەش لە هەردوو وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی هەرێم پێکدێت بۆ وردبینی لە داهاتە نانەوتییەکان و پۆلێنکردنیان و دیاریکردنی پشکی حکومەتی فیدراڵی لە مانگی(٢٠٢٥/٥) ەوە، لە ماوەی زیاتر نەبێت لە دوو هەفتەدا.
 سێیەم/ هەژماری موچەخۆران/ توطين الرواتب بە گوێرەی بڕیارەکەی حکومەتی هەرێم: لیژنەیەکی هاوبەش لە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم پێکدێت بۆ تەواوکردنی پرۆسەی بە هەژمار کردنی(توطين الرواتب)ی موچه‌ی هەموو موچەخۆرانی هەرێم. بەڵام بە گوێرەی بڕیارەکەی حکومەتی فیدراڵی: لیژنەیەکی هاوبەش لە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکدێت بۆ تەواوکردنی پرۆسەی (توطين الرواتب) بە گوێرەی بڕیاری دادگای باڵای ئیتیحادی، بە مەرجێک لە ماوەی سێ مانگ تێنەپەڕێت، لە کۆتایی ئەو ماوەیەشدا (تمویل) پاڵپشتییە داراییەکان تەنها بۆ مووچە توطين كراوەکان دەبێت.
چوارەم/ سەرفکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم بە گوێرەی بڕیارەکەی حکومەتی هەرێم: وەزارەتی دارایی دەستبەجێ هەڵدەستێت بە سەرفکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگەکانی(٥ و ٦) و مانگەکانی دواتر. بەڵام بە گوێرەی بڕیارەکەی حکومەتی فیدراڵی: وەزارەتی دارایی فیدراڵی هەڵدەستێت بە سەرفکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگی(٥) وەک سەرەتایەک بۆ جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکە دوای ئەوەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی/ سۆمۆ پشتگیری دەکەن کە تەواوی بڕە دیاریکراوەکەیان کە (٢٣٠ هەزار) بەرمیل نەوتە ڕۆژانە وەرگرتووە لە بەندەری جیھان بە گوێرەی یاسای. پێنجەم/ زیادکردن لە سەرف بە گوێرەی بڕیارەکەی حکومەتی هەرێم: لیژنەیەکی هاوبەش لە دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێری دارایی هەرێم پێکدێت بۆ دیاریکردنی بڕی زیاد سەرفکردن و چارەسەرکردنی بە گوێرەی یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵەکانی (٢٠٢٥،٢٠٢٤،٢٠٢٣). بەڵام بە گوێرەی بڕیارەکەی حکومەتی فیدراڵی: لیژنەیەکی هاوبەش لە هەردوو وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی هەرێم پێکدێت بۆ وردبینی لە دیاریکردنی بڕی زیاد سەرفکردن لە پشکی هەرێم لە (الانفاق الفعلي) و چۆنیەتی چارەسەرکردنی بە گوێرەی یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵەکانی (٢٠٢٥،٢٠٢٤،٢٠٢٣).

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن