17 کوردستان

هێمن هەورامی: پارتی رووبەرووی هەوڵی نەشازی هەندی کەس و لایەن بۆ پەرتکردنی هەرێمی کوردستان دەبێتەوە

09:56 - 16/11/2026

زه‌مه‌ن – هه‌واڵ

 ئەمڕۆ دووشەممە، 16ی تشرینی دووەمی 2026، هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی بەشی رێکخستنی پارتی لە پیرمام پێشوازی لە تۆماسۆ سانسۆنی، کونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان کرد و رەوشی سیاسیی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.

هێمن هەورامی لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوە دا، لە دیدارەکەدا بە وردی سەرجەم هەنگاوە سیاسییەکانی پارتیی دیموکراتی کوردستانی لە دوو ساڵی رابردوودا بۆ گفتوگۆکان و گەیشتن بە رێککەوتن خستووەتەروو و تەواوی رێکارە یاسایی و پەیڕەوییەکانی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستانیشی بۆ شاندی میوان روون کردووەتەوە.

گوتیشی، "جەختیان لەوە کردووەتەوە لە چوارچێوەی بانگەوازی سەرۆک بارزانی بۆ کۆبوونەوە و گفتوگۆ لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئامادەیی تەواوی پارتەکەیان دووپات دەکەنەوە."

سەبارەت بە دەنگۆ و هەوڵە نەگونجاوەکانی هەندێک لایەن بۆ پەرتکردنی هەرێمی کوردستان، هەورامی روونی کردەوە، پارتی، گەلی کوردستان و دڵسۆزانی خاکی کوردستان سڵ لە هیچ ئامراز و رێکارێک ناکەنەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو لایەن و هەوڵە ناکوردستانییانە.

لە بەرانبەردا، کونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا هەڵوێستی وڵاتەکەی بۆ پشتیوانیکردن لە دامەزراوە دەستوورییەکانی هەرێمێکی کوردستانی یەکگرتوو دووپات کردەوە و جەختی کردەوە، ئیتاڵیا پەرۆشی پاراستن و برەوپێدانی زیاتری هەرێمێکی کوردستانی یەکگرتووە و خوازیارن گفتوگۆ سیاسییەکان بەردەوام بن تا لە رێگەی دیالۆگەوە رێککەوتن بکرێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن